پەڕەكان

أعلان الهيدر

Friday, July 21, 2017

الرئيسية ڕوونکردنەوەیەك دەربارەی موباهەلە کردنی مەسیحی مەوعود لەگەڵ شێخ ثناء الله ی ئەمریتساری

ڕوونکردنەوەیەك دەربارەی موباهەلە کردنی مەسیحی مەوعود لەگەڵ شێخ ثناء الله ی ئەمریتساری

بسم الله الرحمن الرحيم

موباهەلەی مەسیحی مەوعود (علیە السلام) لەگەڵ مەولەوی ئەمریتساری وئاكامەكانی ئەم موباهەلەیە بریتیە لە ڕووداوێكی تری ژیانی گەورەمان ئەحمەد (علیە السلام) كە دوژمنەكانی بانگەشەی ئەوە دەكەن گوایە شكاوەتەوە بەسەر خۆیدا!!!
شێخ ثناء الله ئەمریتساری سەرنووسەرێكی یاریدەدەر بوو لە هەفتەنامەیەكدا بەناوی "أهل الحدیث". وە نەیارێكی توندوتیژی گەورەمان ئەحمەد بوو وەك زۆربەی شێخە دەمارگیرەكانی هاوچەرخی خۆی، وەهیچ هەلێكی لەدەست دەرنەدەچوو بۆ جنێوپێدانی.
لەساڵی 1897ی زایینیدا گەورەمان ئەحمەد كتێبی (أنجام آثم)ی نووسی وتێیدا ڕووی كردە هەندێ لە پیاوانی ئایینی دەمارگیر لە هیندستاندا كە نازناوی (بانگەشەكاری درۆزن)یان لە مەسیحی مەوعود نابوو، وە ڕووبەڕوویان وەستایەوە بۆ چوونە ناو موباهەلەوە. وە ناوی مەولەوی ثناء الله ئەمریتساری لە ناو ئەو لیستەدا بوو كە ناوی ئەم مەلا دەمارگیرانەی لەخۆدەگرت. وە گەورەمان ئەحمەد لەو كاتەدا تەمەنی گەيشتبووە 60 ساڵ، لەكاتێكدا مەولەوی ثناء الله ئەمریتساری گەنجێك بوو تەمەنی تەنها 29 ساڵ بوو.
وە تۆمارە مێژووییەكان بەڵگەن لەسەر ئەوەی كە مەولەوی ثناء الله ئەمریتساری بۆ ماوەی 5 ساڵ خۆی كەڕ كرد لە بەرانبەر ئەم تەحەددایە، بەڵام لە ساڵی 1902 دا -ڕەنگە لە ژێر فشاری هەندێ لە هاوەڵانیدا بوو بێت- دەسپێشخەری كرد ولەبەرامبەر گەورەمان ئەحمەددا ڕاوەستا بۆ موباهەلە كردن. وە هەر كە بەڕێز مەسیحی مەوعود ڕاگەیاندنەكەی مەولەوی ئەمریتساری پێگەیشت دەستبەجێ بڵاوی كردەوە لەگەڵ قەبوڵكردنی ئەوەی كە مەولەوی لەم ڕاگەیاندنەدا پیشانی داوە وتێیدا بە ڕاشكاوی فەرمووی:
"هەڵبەت ڕاگەیاندنەكەی مەولەوی ثناء الله ئەمریتساریم بە جوانی خوێندەوە كە تێیدا بانگەشەی ئەوەی كردووە كە حەزێكی دڵسۆزانەی پوختی هەیە لەوەی كە هەریەك لە ئێمە بپاڕێتەوە كە درۆزنەكەمان لە ژیانی ئەوی تردا بمرێت." (إعجاز الأحمدي، ص14، الخزائن الروحانیة ج19 ص121).
گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام) سروشتی لەرزۆكی مەولەوی ئەمریتساری دەزانی بۆیە بەڕاشكاوی ئەوەی ڕاگەیاند كە ئەمریتساری پێشنیارێكی چاكی پێشكەش كردووە، وە هیوادارین بە بەردەوامی دەستی پێوە بگرێت. (سەرچاوەی پێشوو).
پاشان لەسەری دەڕوات ودەفەرموێت:
"ئەگەر مەلا ثناء الله ڕاستگۆیە لە تەحەدداكەیدا بەوەی كە درۆزنەكە پێش ڕاستگۆكە لەناو بچێت ئەوا بەدڵنیاییەوە یەكەمجار ثناء الله دەمرێت". (مجموعة الإعلانات، ج3 ص578).
ئا لەم كاتەدا مەلای ئەمریتساری بەپەلە دەستی كرد بە پاشەكشەكردن بە بەهانەی ئەوەی كە:
"من پێغەمبەر نیم و وەكو تۆ بانگەشەی پێغەمبەرایەتی وفروستادەیی یان كوڕایەتی خوا یان پێگەيشتنی وەحی ناكەم، لەبەرئەوە ناوێرم بچمەناو ئەم جۆرە مەیدانەی جەنگەوە. دیارە پێشنیارەكەت ئەوە دەگەیەنێت كە ئەگەر من مردم پێش تۆ ئەوا وەكو بەڵگەیەك ڕایدەگەیەنیت لەسەر ڕاستگۆیی خۆت، وە ئەگەر تۆیش پێش من مردیت -كە ئەمە ڕزگاربوونێكی چاكە- كێ هەیە بێت بۆ ناو گۆڕەكەت ولێپرسینەوەت لەگەڵدا بكات؟ ئەمەیە هۆكاری خستنەڕووی ئەم پێشنیارە لاوازەت. لەگەڵ ئەوەشدا من پۆزش دەهێنمەوە كە ناوێرم بچمە ناو ئەم ناكۆكی ودوژمنایەتیەوە، وە ئەم ترسنۆكیەشم سەرچاوەی شەرەفە بۆ من نەك ڕسوابوون". (إلهامات المیرزا، ص112).
ئا بەم شێوەیە ئەمریتساری پاشەكشەی كرد وبەردەوام نەبوو لەسەر ئەو موباهەلەيەی كە خۆی وروژاندبووی، لە دوای ئەمە ئیتر ئەو موباهەلەی كە گەورەمان ئەحمەد لە كتێبی (إعجاز الأحمدي)دا قەبوڵی كردبوو، بوو بە بابەتێكی باس نەكراو.
سەرباری ئەمە پاشەكشەكەی ئەمریتساری لە تەحەدداكەی خۆی بوو بە سەرچاوەیەكی خەجاڵەتی بۆ هاوەڵەكانی، وە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بوویەوە لەلایەن ئەوانەوە كە پاڵی پێوەنا -پاش پێنج ساڵی تر- تەحەددایەكی تازە دەربكات كە تێیدا بانگی ئەندامەكانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی كرد لەگەڵیشیاندا گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام) كە بێنە پێشەوە و وتی:
"ئەو كەسەی كە تەحەددای ئێمەی كرد بۆ موباهەلە لە كتێبەكەی خۆی (أنجام آثم)دا ناچاری دەكەم لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەم؛ چونكە ئەگەر فەرمانێكی یەكلاكەرەوە دەرنەچێت لە كاروباری پێغەمبەرێكدا ئەوا شوێنكەوتوانی شتێكیان دەستناكەوێت كە گرێیان بدات پێیەوە". (جریدة "أهل الحدیث" 28/3/1907م ص10).
كاتێك گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام) تەحەددای كۆتایی ثناء الله ی خوێندەوە، نووسی كە سەرنووسەری ڕۆژنامەی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی (البدر) ڕایبگەیەنێت:
"با ثناء الله ئەمریتساری دڵخۆش بێت بەوەی كە گەورەمان میرزای بەڕێز تەحەدداكەی قەبوڵ كردووە. بۆیە پێویستە لەسەری كە بە جددی ئەوە ڕابگەیەنێت كە بەڕێز ئەحمەد ساختەچیە لە بانگەشەكەیدا، پاشان ثناء الله بپاڕێتەوە كە ئەگەر لە قسەكەیدا درۆدەكات ئەوا با نەفرینی خوا دابەزێتە سەر درۆزنەكە". (جریدة "البدر" 4/4/1907م).
كەچی ئەمریتساری -وەكو پێشووی لێدەركەوت- دانی بەوەدانا كە ناوێرێت بچێتە ناو ئەم جۆرە بەگژاچوونەوەیە، بۆیە جارێكی تر پاشگەز بوویەوە لە هەڵوێستی خۆی وبە ئاشكرا لەبەرچاوی هەموو خەڵكیدا ڕایگەیاند:
"بێگومان لەڕووی تۆدا نەوەستام بۆ موباهەلە بەڵكو ئامادەیی خۆمم ڕاگەیاند بۆ سوێند خواردن، كەچی تۆ ناوت نا موباهەلە لەكاتێكدا موباهەلە ئەوە لەخۆی دەگرێت كە هەردوو لايەنەكە دژی یەك سوێند بخۆن. هەڵبەت من ئامادەیی خۆمم ڕاگەیاند بۆ سوێند خواردن وموباهەلەم دەست پێنەكرد. دیارە سوێند خواردن لە یەك لایەنەوە شتێكە وموباهەلەیش شتێكی تر". (جریدة "أهل الحدیث" لیوم 19/4/1907م).
ئاشكرایە كە پێشنیارەكەی مەولەوی ئەمریتساری واتای ئەوە بوو كە لەلایەن گەورەمان ئەحمەدەوە دوعای دابەزاندنی نەفرین نەكرێت بۆسەر مەولەوی ئەمریتساری، لەكاتێكدا ئەو خۆی تاك لایەنە ئامادەیە داوای دابەزاندنی نەفرین بكات لە خوا بۆسەر گەورەمان ئەحمەد! (عليه السلام) لەگەڵ ئەمەشدا ئەمریتساری بەم پاشەكشێیەی خۆی جارێكی تر بەڵگەی دا بەدەستەوە لەسەر ئەوەی كە ئەو فرتوفێڵ دەكات لە هەڵوێستە بنچینەییەكەیدا... ئەگەرچی بەشێوەیەكی ڕوون وئاشكرا داوای كردبوو لە گەورەمان ئەحمەد كە ڕوبەڕوبونەوە لە نێوانیاندا بە ئەنجام بگات.
وە كاتێك گەورەمان ئەحمەد تێبینی ئەوەی كرد كە مەولەوی ئەمریتساری ئامادە نیە كە هەڵوێستێكی دیاریكراو وەربگرێت لەم ناكۆكیەدا... بەڕێزی لە ڕۆژی 15/4/1907ی زایینیدا بە ئاشكرا ئەم پاڕانەوەیەی ڕایگەیاند:
"خوایە گیان ناكۆكی نێوان من و ثناء الله یەكلابكەرەوە. وە ئەو كەسە درۆزنە كە بەكردەوە ورووژێنەری ئاژاوەیە لە ژیانی ڕاستگۆدا لە ناوبە". (الفصل النهائي في خلاف مع مولوي ثناء الله الأمرتساري، مجموعة الإعلانات ج 3 ص579).
ئەم ڕاگەیاندنە ڕەوانەكرا بۆ مەولەوی ئەمریتساری لەگەڵ داوایەك بۆ بڵاوكردنەوەی لە ڕۆژنامەكەیدا (أهل الحدیث)، وە ئەم ڕاگەیاندنە كۆتایی هاتبوو بە لێدوانێكی گەورەمان ئەحمەد كە تێیدا دەڵێت:
"لە كۆتاییدا تكام لە مەولەوی ثناء الله ئەوەیە كە ئەم لێدوانە ڕاشكاوەم بڵاوبكاتەوە لە ڕۆژنامەكەی خۆی (أهل الحدیث)دا، وە لە كۆتاییەكەیدا بەو شێوەیەی خۆی دەیەوێت لێدوان بدات، وە بڕیارەكە بەجێ بهێڵێت بۆ خوای بەرزوبڵند." (سەرچاوەی پێشوو).
پاشان ئەمریتساری هەڵوێستی خۆی بەم وتەیە ڕوونكردەوە:
"ئەم بەڵگەنامەیە لای من قەبوڵكراو نیە، وە هیچ مرۆڤێكی ژیر ڕێكەوتن لەسەر ئەم جۆرە تەحەددایە قەبوڵ ناكات. وە من ئەو لێدوانە ڕەت دەكەمەوە كە تۆ بڵاوت كردوەتەوە". (جریدة "أهل الحدیث"، لیوم 26/4/1907م).
مەولەوی ئەمریتساری بە ڕەتكردنەوەی تەحەدداكەی گەورەمان ئەحمەد وازی نەهێنا بەڵكو ترسی لە ئاكامەكانی دوعاكەی گەورەمان ئەحمەد گەیاندیە ئەو دۆخەی كە بڵێت:
"ناكرێت وەك لایەنێك بچمە ناو ئەم تەحەددایەوە؛ چونكە ڕەزامەندی من وەرنەگيراوە لەسەر ئەم پاڕانەوەيە، وە ناوەڕۆكەكەی بەبێ ئاگاداری من بڵاو كراوەتەوە". (سەرچاوەی پێشوو).


بێگومان ئەمریتساری ترسابوو لەوەی كە ئەگەر بوێرێت ململانێ بكات لەگەڵ گەورەمان ئەحمەد دا ئەوا بە دڵنیاییەوە بە نەفرەت لێكراوی دەمرێت... بۆیە پرسیاری كرد:
"چۆن دەكرێت مردنی من ببێت بە نیشانەیەك بۆ خەڵكی تر لەكاتێكدا تۆ دەڵێیت مەولەوی "دەستگێری قصوری" و"مەولەوی ئیسماعیل عەلی كرەهی" و"دكتۆر دوئی ئەمریكی" وجگە لەوانیش بە هەمان ڕێگە مردن، دەی ئایا خەڵكانی تر باوەڕیان پێكردی؟ بەهەمان شێوە ئەگەر مردنەكە ڕوویدا چ كەڵكێكی هەیە؟" (سەرچاوەی پێشوو).
پاشان مەولەوی ثناء الله ئەمریتساری داوای كرد لە گەورەمان ئەحمەد:
"نیشانەیەكم پیشان بدە كە بەچاوی خۆم بیبینم، كە ئەگەر من مردم ئەوا دەتوانم چی ببینم؟" (سەرچاوەی پێشوو).
وە بەپێی ئەم وەڵامەی ئەو بۆ تەحەدداكەی گەورەمان ئەحمەد مەولەوی ئەمریتساری پێشنیاری پێوەرێكی تەواو تازەی كرد بۆ كۆتایی هێنانی ئەم بابەتەی نێوان خۆی وگەورەمان ئەحمەد (عليه السلام)، بۆیە بە مەسیحی مەوعودی ووت:
"قورئانی پیرۆز دەڵێت كە خوا ماوە دەدات بە تاوانكاران، بۆ نموونە خوای گەورە دەفەرموێت: {قُلْ مَنْ كَانَ فِي الضَّلَالَةِ فَلْيَمْدُدْ لَهُ الرَّحْمَنُ مَدًّا...}، واتە: "بڵێ: ئەو كەسەی لە ناو گومڕاییدایە با خوا پەتی بۆ شل بكات ووێڵی بكات..." (مریم: 75)، وە دەفەرموێت: {إِنَّمَا نُمْلِي لَهُمْ لِيَزْدَادُوا إِثْمًا...} واتە: "هەر بۆیە ماوەیان دەدەین تا تاوانیان زۆر بێت...} (آل عمران: 178)، وە دەفەرموێت: {وَيَمُدُّهُمْ فِي طُغْيَانِهِمْ يَعْمَهُونَ...}، واتە: "بەریان بۆ بەرهەڵدا دەكات تا لەو سەركێشیەی كە هەیانە سەرگەردان بن..." (البقرة: 15)، وە دەفەرموێت: {بَلْ مَتَّعْنَا هَؤُلَاءِ وَآبَاءَهُمْ حَتَّى طَالَ عَلَيْهِمُ الْعُمُرُ...}، واتە: "بەڵكو ئێمە كارێكمان كرد كە ئەوان وباوباپیرانی ئەوانیش ڕایبوێرن هەتاوەكو تەمەنی زۆریان بردەسەر..." (الأنبیاء: 44). هەموو ئەم ئایەتانە بەڕوونی مانای ئەوە دەگەیەنن كە خوا ماوە دەدات و ژیانی درێژ دەبەخشێت بە درۆزنان وفێڵبازان وتێكدەری ئاسایش و یاخیە تاوانبارەكان، بۆئەوەی تاوانەكانیان زۆر بێت لەو ماوەیەدا كە مۆڵەتیان پێدراوە. ئیتر چۆن یاسایەك پێشنیار دەكەیت بەوەی كە ئەم جۆرە خەڵكانە ماوەیەكی درێژ لە تەمەن بەدەست ناهێنن؟" (جریدة "أهل الحدیث" لیوم 26/4/1907م).
دوای ئەمە ئەمریتساری هەوڵیدا كە بنچینەی ئەم باوەڕەی خۆی دابمەزرێنێت بەوەی كە درۆزنان -نەك ڕاستگۆیان- خوای گەورە تەمەنێكی درێژیان پێ دەبەخشێن، بە شایەتیدانی مێژووی ئیسلامی، كەبەمەی خوارەوە بەڵگەی هێنایەوە:
"سەرەڕای ئەو ڕاستیە كە پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) پێغەمبەرێكی ڕاستگۆ بوو لەلایەن خوای گەورەوە، وە موسەیلەمەیش بانگەشەكەرێكی درۆزن بوو... كەچی دوای وەفاتی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) بە زیندوویی مایەوە، یان بە دەربڕینێكی تر: ئاشكرایە كە موسەیلەمەی درۆزن دوای مردنی ڕاستگۆ مرد". (كتاب "مرقع قادیاني"، طبعة أغسطس 1907م).
لەم گفتوگۆیەی نێوان گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام) و مەولەوی ئەمریتساریدا و لەو بڕوبیانوانەی كە هێنایەوە بۆ وەڵامدانەوەی ڕاگەیاندنەكەی گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام)؛ دەردەكەوێت كە بابەتەكە بەتەواوی وەرچەرخا بۆ دیوێكی نوێ. لەسەرەتادا پێوەر بۆ دیاریكردنی ڕاستگۆ لەهەردوو لایەن بریتی بوو لە ((مردنی درۆزن لە ژیانی ڕاستگۆدا))، بەڵام ڕەخنەكانی مەولەوی ئەمریتساری وەستابوو لەسەر ئەو بیروباوەڕەی خۆی كە بەپێداگری وكەللـەڕەقیەوە چەسپابوو لە زیهنیدا بەوەی كە ((خوا مۆڵەت دەدات بە درۆزنان وژیانێكی درێژیان پێ دەبەخشێت بۆئەوەی زیاتر تاوان بكەن)). بەمە لەلایەن خۆیەوە پێوەرێكی نوێی چەسپاند بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم ناكۆكیە ونەهێشتنی ئەم جیاوازیە، ئەویش ئەوەبوو كە ((خراپەكاران مۆڵەتیان پێ دەدرێت وتەمەنێكی زیاتر دەژین بۆ ئەوەی لە ستەمكردنیاندا ڕۆبچن وتاوانەكانیان چەند قات بێتەوە)).
وە مایەی پەشیمانی بوو بۆ مەولەوی ئەمریتساری كە گەورەمان ئەحمەد ئەم ڕوونكردنەوەی ئەوی قەبوڵ كرد وبەڕاشكاوی ڕایگەیاند:
"پێوەرێكی تەواو جیاوازی پێشنیار كرد بەوەی كە درۆزن تەمەنێكی زیاتر دەژی لە ڕاستگۆ.. هەروەك ڕوویدا لە دۆخی موسویلەمەی درۆزن وپێغەمبەری بەڕێزدا (صلی الله علیە وسلم)". (إعلان أكتوبر 1907م).
بەو شێوەیەی كە خوای گەورە ئەندازەی گرتبوو، مەولەوی ئەمریتساری كەوتەناو داوێكەوە كە خۆی هەڵیبژارد... وە بە گوێرەی مەرج وپێوەرەكەی خۆی: خوای پەروەردگار تەمەنێكی درێژی بەخشیە مەولەوی ئەمریتساری... چل ساڵ ژیا دوای كۆچی دوایی گەورەمان ئەحمەد (علیە السلام)، تا بەچاوی خۆی یەك لەدوای یەك نیشانەكانی ڕاستگۆیی گەورەمان ئەحمەد ببینێت، دیسان بۆئەوەی شكستیەكانی خۆی بۆ پووچكردنەوەی بانگەوازی گەورەمان ئەحمەد (علیە السلام) بە چاوی خۆی ببینێت.
هەڵبەت ئەمریتساری ژیا تاكو ببینێت كە چۆن گەلەكەی دەستبەرداری دەبن و وازی لێدەهێنن لەو كاتەی كە موسوڵمانانی هیند لە زانایانی مەككەوە فەتوایەكیان دەستكەوت لە سەر كوفر و هەڵگەڕانەوەی ئەمریتساری لە ئايین كە تێیدا هاتووە:
"مەولەوی ئەمریتساری پیاوێكی گومڕایە وكۆمەڵێك بیروباوەڕی نوێی داهێناوە". (فیصلة مكة، ص17).
وە ئەم فەتوایەی كە زانایانی مەككە لە دژی مەولەوی ئەمریتساری دەریانكردووە بە ڕاشكاوی ڕایدەگەیەنێت:
"ڕەوانیە كە لەبارەی زانستەوە پرسیاری لێ بكرێت وبە هیچ شێوەیەك پەیڕەوی لێ ناكرێت، بەڵگەی وەرناگیرێت، وە ڕەوانیە كە پێشنوێژی بكات، گومان نیە لە كوفر وهەڵگەڕانەوەیدا" (سەرچاوەی پێشوو).
وە دیسان ئەمریتساری ژیا بۆئەوەی خۆی ببینێت كە چۆن لە دەرەبەگایەتیەوە دەكەوێتە خوارەوە بۆ هەژاری ونەداری. پیاوێك گومان دەكرا كە بە ملیۆنەهای هەیە كەچی لە پڕ ماڵەكەی ڕووبەڕوی تاڵانی وسووتان دەبێتەوە لە كوشتارە ڕەگەزپەرستیەكاندا كاتی دابەشبوونی هیند وپاكستان لەساڵی 1947ز دا. (سیرت ثنائي).
وە تاقە كوڕەكەیشی (عطاء الله)ی لە كیس چوو كە بێ ڕەحمانە لەبەرچاوانی باوكیدا سەر بڕا. وە بە درێژایی ژیانی ئاسەوارەكانی ئەم كارەساتەی لێ جیانەبوویەوە. (مجلة "الاحتشام" بتاريخ 15/7/1962م) وە لە ڕاستیدا ئەم ڕووداوگەلە كارێكی توندیان لەسەر ئاوەزی هەبوو تەنانەت ئەو تەنیا كەسەی كە مێژووی ژیانی تۆماركردووە لەبارەی ئەم ڕووداوانەوە دەڵێت: "بوونە هۆی مردنی بە خێرایی وهەناسەساردی" (سیرت ثنائي).


وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين

تایبەت

مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) لە هيندستان

لەم لینکەوە کتێبەکە دابگرە: https://www.ahmadiyya-islam.org/krd/books/%d9%85%db%95%d8%b3%db%8c%d8%ad%db%8c-%d9%86%d8%a7%d8%b3%db%8c%d8%b1%db...

Powered by Blogger.