چەند
نبوئەتێكى دامەزرێنەری كۆمەڵى ئيسلامى ئەحمەدى (عليه السلام) كە نەیارەكان گومانیان
هەیە تێیدا
سێیەم:
نبوئەتەكەى مەسيحى بەڵێندراو دەربارەی قەشە عبد الله ئاتهەم
بسم
الله الرحمن الرحيم
ڕووداوە مێژووییەكان پێش دابەشبوونی هیندستان ئەوە
دەردەخەن كە لە میانەی بەشی كۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا مەسیحیایەتی كۆمەڵە
سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێنا لە نیمچە كیشوەری هیندیدا. وە بەڵگەكان پێمان دەڵێن
كە كەنیسە 91092 كەسی كرد بە مەسیحی لە ساڵی 1851 ی زایینیدا. بەڵام لەساڵی 1881 ی
زایینیدا سەركەوتنی بەدەست هێنا لە بە مەسیحیكردنی 417372 مرۆڤدا.
ئەم ڕێژە زەبەلاحەی كە كەنیسە تۆماری كرد سەرچاوەی
نیگەرانیەكی گەورە بوو لای زۆربەی زۆری موسوڵمانە دڵسۆزەكانی هیندستان... ئەوە بوو
دەستیان كرد بە ئامادەبوون لە كۆڕو كۆبوونەوەی مەسیحیەكاندا بۆ بەرگری كردن لە
ئیسلام بە ئەندازەی توانای خۆیان. بەڵام بەرگری كردنەكەیان لە ئیسلام بەرگری
كردنێكی زۆر هەژارانە بوو، مەگەر لە چەند حاڵەتێكی كەمدا، دواجار سەركردەكانی
كەنیسە دەستیان كرد بە نوقڵانە لێدان بە وەرچەرخانی هەموو دانیشتوانی نیمچە
كیشوەری هیندی بۆ مەسیحیایەتی.
لە سەرەتاكانی ساڵی 1893ی زایینیدا قەشەی فەڵە هێنری
مارتن كلارك نامەیەكی نووسی بۆ "موحەممەد بەخش بهاندا"، یەكێك لە سەركردە
موسوڵمانەكان لەشاری "جوندیالە"، كە تێیدا پێشنیاری هەستان بە كارێكی
یەكلاكەرەوەی كردبوو دەربارەى ڕێكخستنی چاوپێكەوتنێكی ئاشكرا لە نێوان نوێنەری
ئايينی خاچپەرستی و ئیسلامدا... بۆئەوەی بەئاسانی بڕیاری كۆتایی بدرێت سەبارەت بە
ڕێژەی شایستەیی بۆ هەردوو ئایینەكە و ڕەنگە ئەوە یەكلایی بێتەوە كە كام لەم دوو
ئایینە ئایینی ڕاست ودروستن.
گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام) لەو كاتەدا توانیبوی
شكست بهێنێت بە زۆربەی ئەو تەحەددایانەی كە مەسیحیەكان دەیانكرد لە بەرامبەر
ئیسلامدا. وە جەماوەر دانی بەوەدانابوو كە ئەو پاڵەوانی ئایینی ڕاستەقینەیە. وە
ڕۆژنامەی "ریاض الهند" كە ڕۆژنامەیەكی نائەحمەدیە و لە ئەمريتسار
دەردەچوو، سەبارەت بە گەورەمان ئەحمەد و بەرگریكردنە ناوازەكەی لە ئیسلام بە
ڕاشكاوی ڕایگەیاندووە:
"بێگومان چاكە ناوازەكانی میـرزا غوڵام
ئەحمەد و دەستكەوتە ڕۆحانیە بڵندەكانی بەرزتـرە لە لێدوانی خاكیانەی ئێمە. بێگومان
ئەوەی كە ئەو پێشكەشی كرد لە بەڵگە سەلمێنەر و دەلیلە ڕازاوەكان وەك پشتگیـرى كردنێك
لە ئیسلام و ڕاستی شایەتیەكی گومانبڕە لەسەر ئەوەی كە ئەم بەڵگەو دەلیلانە –بەبێ
هیچ گومانێك- كەوتنە سەرووی نووسراوی زانا دێـرین و هاوچەرخەكانەوە... بەو
ڕەوانبێژی و ڕێبازی پێشكەشكردنەكەی كە ئەو هەیبوو" (جریدة "ریاض
الهند" بتاريخ 1/3/1886م).
بۆیە جێی سەرسوڕمان نەبوو كە بەڕێـز "موحەممەد
بەخش بهاندا" هەستێت بەسپاردنی بانگهێشتەكەی قەشە مارتن كلارك بە گەورەمان
ئەحمەد و داوای ئەوەی لێ بكات كە هەستێت بە نوێنەرایەتی كردنی ئیسلام لەم
چاوپێكەوتنە پێشنیاركراوەدا.
وە لەبەرئەوەی كە قەشە خاچپەرستەكان لەو كاتەدا، لە
بازنەیەكی فراواندا، سەرقاڵ بوون بە هێـرشكردنە سەر ئیسلام و گەورەمان موحەممەدی
هەڵبـژاردە (صلى الله عليه وسلم)، و قورئانی پیـرۆز (كتێبی ئیسلام)... گەورەمان
ئەحمەد ئەم بانگهێشتەی بەدەرفەتێك دانا كە لە ئاسمانەوە كەوتووەتە خوارەوە بۆ جێگیـركردن
و سەركەوتنی ئیسلام، لەبەرئەوە یەكسەر ڕازی بوو لەسەر بانگهێشتەكە و هەواڵیدا بە
سەركردەكەی موسوڵمانان لە "جوندیالە" كە پێی خۆشە نوێنەرایەتی ئیسلام
بكات لەم چاوپێكەوتنە پێشنیاركراوەدا (رسالة بتاريخ 11/4/1893م).
وە كڵێسا "عبد الله ئاتهەم"ی دیاری كرد -كە
بریتی بوو لە كابرایەكی هندیی بە مەسیحى بوو كە پێش ئەوەی ببێت بە مەسیحی وتار
بێژی مزگەوتی "آغرا" بوو -بۆ نوێنەرایەتی كردنی ئايينی خاچپەرستی لەم
چاوپێكەوتنەدا. وە ئەم "ئاتهەم"ە دانەری هەندێ بڵاوكراوەی نزم و ڕسوا
بوو كە تیایاندا وەسفی پێغەمبەری بەڕێـزی ئیسلامی (صلى الله عليه وسلم) كردبوو بە
دەججال -پەنا بە خوا-. (أندرونه بائيبل، للقسيس عبد الله ص133 وما بعدها).
كۆدەنگی گشتی موسوڵمانان بۆ هەڵبـژاردنی گەورەمان
ئەحمەد وەك نوێنەری ئیسلام جێگەی نیگەرانیەكی زۆر بوو بۆ قەشە خاچپەرستەكان
بەتایبەتی –قەشە هەڵگەڕاوەكان لە ئیسلام-: وەكو عیمامەددین و ساكرداس و عبد الله
ئاتهەم. وە پێشتـر هەموویان نیگەرانی خۆیان دەربڕیبوو لە زیاد بوونی بەردەوامی
كاریگەری گەورەمان ئەحمەد (جریدة "نور أفشان" 19/3/1885م، و 16/4/1885م).
هەڵبەت هەموویان لەناوچوونی تەواوەتی فەلسەفەی ئاریای هيندۆسیان بەچاوی خۆیان بینی
بوو لەسەر دەستی گەورەمان ئەحمەددا. بۆیە تـرسان كە كڵێساش تووشی هەمان ئاكام ببێت
بەتایبەتی كە گەورەمان ئەحمەد ئامرازی زەبوون كردنی هاوڕێكانیان بوو كە بریتی بوون
لە: قەشە هربرت ستانتۆن و قەشە فەتح مەسیح... كە ئەم دووانە لە ڕابردوودا تەحەددای
ئیسلامیان كردبوو پاشان لە گۆڕەپانەكە هەڵهاتن كاتێك گەورەمان ئەحمەد تێیدا
دەركەوت و تەحەدداكەیانی قەبوڵ كرد (سەرچاوەى پێشوو 7/6/1888م، 9/6/188م).
لەبەرئەوە لە سەرەتادا سەركردایەتی كڵێسا ئەوەیان
ڕەفز كرد كە لایەن بن لە چاوپێكەوتنێكدا كە گەورەمان ئەحمەد نوێنەرایەتی ئیسلام
بكات تێیدا. بەڵام شاندێك لە سەركردەكانی موسوڵمانان ئەوەیان دووپات كردەوە بۆ
قەشە مەسیحیەكان كە میـرزا غوڵام ئەحمەد تاكە هەڵبـژێـراوی زۆر پەسەندی ئەوانە،
بۆیە بەناچاری ملیاندا. پاش ئەندازەیەك نامەگۆڕینەوە لە نێوان هەردوو گروپەكەدا لە
كۆتاییدا گەيشتنە ڕێككەوتن لەسەر گرێدانی چاوپێكەوتنێك بە نووسین لە شاری ئەمريتسار
لە ماوەی 22ی مایۆ بۆ 3ی یونیۆی ساڵی 1893ی زایینی. وە هەروەها ڕێككەوتنيش كرا
لەسەر بابەتەكانی چاوپێكەوتنەكە كە بریتی بوون لە: ڕاستی ئیسلام، ڕاستی پێغەمبەرە
بەڕێـزەكەی (صلى الله عليه وسلم) و قورئانی مەزن و بانگەشەی خوایەتی یەسوعى مەسیح.
لەگەڵ ئەوەی هەردوو گروپەكە گەيشتنە ڕێككەوتنی
فەرمی كەچی سەركردایەتی كڵێسا دیاری كرانی گەورەمان ئەحمەدی بە ئەندازەیەك پارێـزكردنەوە
قەبوڵ كرد. وە هەوڵیاندا كاربكەن لە ئاپۆڕای موسوڵمانان كە چاو بخشێننەوە بە هەڵبـژاردنەكەیاندا
ئەمەش بەوەی كە هەوڵیاندا ناوبانگی گەورەمان ئەحمەد بشێوێنن. بەتایبەتی قەشە كلارك
بڵاوكراوەیەكی ئاراستەی موسوڵمانان كرد كە تێیدا ئاماژەی كردبوو بۆ فەتواكانی
مەولەوی موحەممەد حوسەین بەتاڵەوی دەربارەی میـرزا غوڵام ئەحمەد. وە پێشنیاری كرد
بۆ موسوڵمانان كە دەستبەرداری بن؛ چونكە ئەو -حاشا لله- بەهیچ شێوەیەك موسوڵمان
نیە (سەرچاوەى پێشوو 2/5/1893م).
وەك ئەوەی موبەششیـرە مەسیحیەكان ئەو
موسوڵمانانەیان خۆش بوێت كە دەستەوسان بوون لە بەرگریكردن لە ئايينەكەی خۆیان و بە
(موسوڵمانی ڕاستەقینە)یان دابنێن، وە بیانەوێت ئەم جۆرە موسوڵمانە ڕزگار بكەن لەو (كافران)ەی
كە زۆر چوست و چالاكن لە بەرگریكردن لە گەورەمان موحەممەد (صلى الله عليه وسلم)!
ئای لەم گاڵتەجاڕیە تاڵە!!
لە كۆتاییدا بە گوێـرەی ڕێكەوتنەكە چاوپێكەوتنەكە
بەستـرا لە شاری ئەمريتسار و بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام بوو. وە دەركەوت كە
نوێنەری مەسیحیەكان لە چاوپێكەوتنەكەدا -عبدلله ئاتهەم- زانیاری پێویستی نیە
دەربارەی هەردوو ئاینەكە: ئیسلام و خاچپەرستی، دواجار لە وتووێژەكەدا ڕێككەوت
لەسەر زۆربەی خاڵەكان. بۆ نموونە دانی بەوەدانا كە نەیتوانی بەڵگە بهێنێتەوە لەسەر
بەناو خوایەتی مەسیح (جنغ مقدس (الحرب المقدسة) الخزائن الروحانیة، ج6). وە دەستی
گرت بەو بۆچوونەی خۆیەوە كە پێویستە ژیـری و ئەزموون ڕێنیشاندەر نەبن بۆ ئیمان، وە
مرۆڤ ناتوانێت لە بیروباوەڕی سێ خوایی تێبگات (سەرچاوەى پێشوو).
دیسان ئاتهەم ناچاربوو دانبنێت بەوەدا كە یەسوع (مەسيح)
تەنها درەوشانەوەیەك بوو بۆ خوا كاتێك كە ڕۆحەكەی دابەزیە سەری لەسەر شێوەی كۆتـرو
برووسكەدا (سەرچاوەى پێشوو). كە ئەمەش ئەو بیـروباوەڕەی بەتوندی ڕماند كە یەسوع
بەو سیفەتەی كوڕی خوایە لە هەمان كرۆكی باوكە. وە نەفامی ئاتهەم بە ئیسلام و قورئان
دەركەوت لە سەروبەندی دانووستاندنەكەدا كاتێك دانینا بەهەڵەی خۆیدا لە بەڵگە
هێنانەوە بە زۆرێك لە ئایەتەكانی قورئانی پیـرۆز (سەرچاوەى پێشوو).
وە ئاتهەم نەیتوانی لەگەڵ ئەو توێژینەوە هزریەدا
بڕوات كە وتووێژی لەبارەوە دەكرا، وە تێكشكا لە پێشكەشكردنی هەر بەڵگەیەكی دانسقەو
قایلكەر... نە بۆ قازانجی ئايينی خاچپەرستی نە دژی ئیسلام. وە نەتوانینەكەی
بەتەواوی ئاشكرابوو لە بەرامبەر ئامادەبوان و لەناویاندا هاوەڵەكانیشی. لەڕاستیدا
ئاتهەم بە كەموكورتیەكەی خۆی زانی، لەبەرئەوە لەكاتی دانووستانەكەدا تووشی ناساغی
و بێتاقەتی بوو، وە بۆ ماوەیەك قەشە "مارتن كلارك" جێگەی گرتەوە. وە لە
كۆتایی دانووستانەكەدا گەورەمان ئەحمەد كۆتا پەڕەی خۆی دوایی هێنا بەم ڕاگەیاندنە:
"كاتێك بەگەرمی و ملكەچیەوە پاڕامەوە لە
خوا كە بڕیاری خۆی دەربكات لەم دانووستانەدا... چونكە ئێمەی مرۆڤ لاوازین و ناتوانین
بگەینە شتێك... نبوئەتێكم پێگەیشت و مژدەی ئەوەی پێدام كە ئەو لایەنەی بە ئەنقەست
شوێن پووچی دەكەوێت و پەرستـراوی ڕاستی وەلادەنێت و مرۆڤێكی لاواز دەكاتە پەرستـراو
لە میانەی 15 مانگدا دەكەوێتە ناو دۆزەخەوە... هەر مانگێك بەرامبەر ڕۆژێك لە
ڕۆژەكانی دانووستانەكە. وە ئەگەر نەگەڕایەوە بۆ لای ڕاستی ئەوا تووشی سەرشۆڕیيەكی
ئاشكرا دەبێت كە هەموو كەس پێی دەزانێت. وە ئەو كەسەیشی شوێن ڕێگەی ڕاست دەكەوێت و
باوەڕ دەهێنێت بە پەرستـراوی ڕاستەقینە لەبەرچاوی هەموو خەڵكیدا ڕێـزێكی زۆری
لێدەگیـرێت" (سەرچاوەى پێشوو).
وە لە كۆتایی ڕاگەیاندنەكەدا گەورەمان ئەحمەد
پرسیارێكی ئاراستەی عبد الله ئاتهەم كرد: "ئێستاش پرسیار دەكەم لە نوێنەری
بەڕێـز: ئەگەر ئەم نیشانەیە هاتەدی... ئایا وەكو نبوئەتێكى ئاسمانی كامڵ قەبوڵی
دەكات بەو شێوەيەى كە پێی خۆشە؟ ئایا ئەم نیشانەیە نابێتە بەڵگەیەكی ڕۆشن لەسەر
ئەوەی كە پێغەمبەری زۆر بەڕێـز (صلى الله عليه وسلم) -كە تۆ لە كتێبەكەتدا "أندرونە
بائیبل" ناوت ناوە دەججال- پێغەمبەرێكی ڕاستگۆیە؟" (سەرچاوەى پێشوو).
لەم پێشەكیەوە كە دەربارەی چاوپێكەوتنەكەی نێوان
گەورەمان ئەحمەد و عبد الله ئاتهەمە ئەوە دەردەكەوێت كە ئامانج لە هەموو ئەم كارە
بریتی بوو لە دانپیانان بەسەركەوتنی یەكێك لەم دوو ئایینە ڕكابەرە: ئیسلام یان نەصرانیەت.
وە ڕاگەیاندنی كۆتایی گەورەمان ئەحمەد ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەم
دەبەریەكڕاچوونە لە نێوان دوو كەسی چاوپێكەوتنەكەدا نیە، بەڵكو لە نێوان
ئايينەكانیاندایە: ئیسلام و نەصرانیەت. وە پرسیاری كۆتایی گەورەمان ئەحمەد
بەڵگەیەكی تـرە لەسەر ئەوەی كە ئەنجامی كۆتایی نبوئەتەكەى دژی عبد الله ئاتهەم
دەبێتە "بەڵگەیەكی بەهێـز لەسەر ئەوەی كە پێغەمبەر موحەممەد (صلى الله عليه
وسلم) -كە "ئاتهەم" لە كتێبەكەیدا (أندرونە بائیبل) ناوی نابوو دەججال- بەڕاستی
و دروستی لەلایەن خواوە پێغەمبەر بووە".
لەم قۆناغەدا چاوەڕوان دەكرێت لە نەیارانی ئەحمەديیەت
ئەوانەی كە ڕەخنە دەگرن لە نبوئاتەكانى گەورەمان ئەحمەد وردبنەوە لەوەی كە ئایا
سووربوونیان لەسەر ئەو قسەیەی خۆیان كە گوایە گەورەمان میـرزا غوڵام ئەحمەد
نەیتوانی سەركەوێت بەسەر كابرای مەسیحیدا... وە دواجار چاوپێكەوتنەكە لە قازانجی
كابرای نەصرانی كۆتایی هاتووە چی لێ دەكەوێتەوە... لەكاتێكدا چاوپێكەوتنەكە
بەڵگەیەكی بەهێـز بوو لەسەر ڕاستگۆیی پێغەمبەری بەڕێـز موحەممەد (صلى الله عليه
وسلم) كە ئاتهەم لە كتێبەكەیدا (أندرونە بائیبل)دا ناوی نابوو دەججال (پەنا بە خوا).
تۆ بڵێی دوژمنانی گەورەمان ئەحمەد نوقم نەبوو بن لە
دژایەتی كردنی بەڕێـزیدا بەجۆرێك ئامادەن قوربانی بدەن بە ڕاستگۆیی پێغەمبەری
ئیسلام (صلى الله عليه وسلم) بۆ كەسێك كە یەسوعی مرۆڤ دەكاتە پەرستـراو، وە خوای
ڕاستەقینە لە بیـر دەكات و لە نووسراوەكانیدا جنێو دەدات بە پێغەمبەری زۆر بەڕێـز (صلى
الله عليه وسلم)؟
لەڕاستیدا قەشە عبد الله ئاتهەم سەرنەكەوت بەسەر
گەورەمان ئەحمەددا لەم چاوپێكەوتنەدا، وە چاوپێكەوتنەكەش لە قازانجی نەصرانیەت
تەواو نەبوو. وە درێژەی زاڵبوونی ئیسلام بەسەر نەصرانیەتدا لە كۆنووسی
دانیشتنەكانی ئەم چاوپێكەوتنەدا تۆماركراوە (سەرچاوەى پێشوو). وە ئەگەر ئەو
ڕەخنەگرانەی كە تانە ئەدەن لە گەورەمان ئەحمەد ئەم كۆنووسانەیان بخوێندایەتەوە، وە
ڕازی نەبوونایە بە وەرگرتنی بڕگە پڕوپوچەكان لە نووسراوی هاوەڵەكانی خۆیان كە
نەفامی و دەمارگیـرییان لەمان كەمتـر نیە... ئەوا دەیانبینی كە لەم چاوپێكەوتنەدا
ئیسلام سەركەوتووە بەسەر نەصرانیەتدا لەسەر دەستی گەورەمان ئەحمەد دژی قەشە عبد الله
ئاتهەم.
لەڕاستیدا پەڕاوی "نور أفشان" كە
ڕۆژنامەیەكی نەصرانیە لە ستوونەكەی خۆیدا بابەتی ئەم چاوپێكەوتنەی بڵاودەكردەوە،
پاشان كۆمەڵەی پەنجاب بۆ كتێبی ئايينی -ڕێكخراوێكی نەصرانیە لە لاهور- هەستا بە
كۆكردنەوەی ئەم بابەتانە لە كتێبێكدا. وە لە میانەی ئەم بابەتانەوە قەشە "ساكر
داس" هاوڕێی عبد الله ئاتهەم كە ئەندامێكی نێـردراوی ئەمریكی بوو لە سیاڵكۆت،
بەڕاشكاوی ئەوەی ڕاگەیاند.. كە بە بۆچونی ئەو ئەم چاوپێكەوتنە بەشێوەیەی كە
داواكراوە گشتگیـر و تەواو نەبوو، وە وەڵامەكانی نێـردراوی نەصرانی زۆر كورت بوون (تنقیح
المباحثة ص3). دیسان وتی: ئەو ئایەتانەی كە ئاتهەم كردنی بە بەڵگە لەسەر بیـروباوەڕەكانی
خۆی كاریگەری ویستـراویان دروست نەكرد (سەرچاوەى پێشوو). هەروەها قەشە "داس"
دانینا بەوەدا كە "ئاتهەم" شكستی خوارد لە بەدرۆخستنەوەی ئەو
دەرئەنجامانەی كە میـرزا غوڵام ئەحمەد دەری هێنان لەوەی پەیوەستە بە كۆمەڵیك بڕگەی
دیاریكراوی ئینجیلەوە (سەرچاوەى پێشوو). وە ڕەخنەی گرت لە هاوەڵەكەی؛ چونكە شكستی
خوارد لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی كە گەورەمان ئەحمەد ورووژاندی سەبارەت بە
بانگەشەی خوایەتی مەسیح.
وە هەر لەزووەوە نووسەری بەریتانی "ئییان
ئادمس" دەربارەی ئەم چاوپێكەوتنەی نێوان گەورەمان ئەحمەد و قەشە عبد الله
ئاتهەم بەڕاشكاوی ئەوەی وتبوو: "گومانی تێدا نیە كە كێ لە چاوپێكەوتنەدا
سەركەوت. نێـردراوی ئەمریكی لە ڕاپۆرتی خۆیدا دەربارەی ئەم چاوپێكەوتنە بەیەكێك لە
ڕۆژنامەكانی وت كە وەڵامەكانی دانووستانكاری مەسیحی ناتەواو بوون." (Mirza
Ghulam Ahmad of Qadian, Page 83).
با بگەڕێینەوە بۆ مەسەلەی بەدیهاتنی نبوئەتەكەى گەورەمان
ئەحمەد دژی عبد الله ئاتهەم. هەڵبەت پێشتـر ڕوونمان كردەوە كە مەبەست لەم نبوئەتە
تـرساندنی قەشە مەسیحیەكە بوو لەو هەڵوێستەی كە هەیبوو دژی ئیسلام. بێگومان
وشەكانی ئەم هەواڵە خواییە بەڕاشكاوی ئەوەیان ڕاگەیاندبوو بە گەورەمان ئەحمەد كە: "عبد
الله ئاتهەم دەخرێتە ناو دۆزەخەوە لە ماوەی 15 مانگدا لەكاتی ڕاگەیاندنی ئەم
هەواڵەوە. وە تووشی ڕیسوابوونێكی ئاشكرا دەبێت ئەگەر نەگەڕێتەوە بۆ لای حەق
وڕاستی".
ئەم نبوئەتە شتێكی وەهای تێدا نیە ئەوە بگەیەنێت كە
مەبەستی داواكراو بریتیە لە پاشگەزبوونەوەی عبد الله ئاتهەم لە نەصرانیەت وەكو
ڕەخنەگرەكان بانگەشەی ئەمە دەكەن. بەڵكو بە پێچەوانەوە، تێبینی كۆتایی گەورەمان
ئەحمەد بریتی بوو لەوەى كە ڕزگاربوونی "ئاتهەم" وەستاوە لەسەر پاشەكشێ
كردنی لەو بیـروباوەڕەی پێشووی كە دژی پێغەمبەری ئیسلام موحەممەدی هەڵبـژاردە (صلى
الله عليه وسلم) بووە و لەو جنێوەی كە داویەتی لە كتێبەكەی خۆیدا "أندرونە
بائیبل"، وە لەمەدا بەڵگە هەیە لەسەر ئەوەی كە مەبەستی داواكراو لە "ئاتهەم"
ئەوە بوو كە دانبنێت بە چاكێتی پێغەمبەر بەڕێـزی ئیسلامدا (صلى الله عليه وسلم).
لەبەرئەوە تەنها پاشەكشێی "ئاتهەم" لە هەڵوێستی پێشووی دژی پێغەمبەری
ئیسلام (صلى الله عليه وسلم) دەبێتە بەڵگەیەكی تەواو لەسەر ئەوەی كە دەستی كردووە
بە گەڕانەوە بۆ لای حەق و ڕاستی. هەروەك ڕووداوەكانی دوایی ئەوەیان چەسپاند... هەر
كە گەورەمان میـرزا غوڵام ئەحمەد (عليه السلام) نبوئەتەكەى ڕاگەیاند دەستبەجێ ئەم
قەشەیە تۆبەی كردو پەشیمان بوویەوە، وە ڕایگەیاند كە "ئەو هەرگیـز
سوورنەبووە لەسەر سووكایەتی كردن بە ئیسلام یان پێغەمبەری ئیسلام".
وە مێژوونووسە بەریتانیەكە دەربارەی پاشەكشەكەی
ئاتهەم بە ڕاشكاوی دەڵێت: "كاتێك ئاتهەم نبوئەتەكەى بیست ڕەنگی هەڵبڕزكا.
وە بە شێوازی ڕۆژهەڵاتی لە دەرخستنی نکۆڵی كردنی تەواوەتی: گوێچكەكانی خۆی گرت و زمانی
دەرهێنا و سەری ڕاوەشاند و ڕایگەیاند: پەشیمان بوومەوە، پەشیمان بوومەوە، من
مەبەستم نەبووە كە بێ ڕێـزی پیشان بدەم سەبارەت بە موحەممەد" (سەرچاوەى
پێشوو).
وە عبد الله ئاتهەم بە ڕاگەیاندنی تۆبەكردنەكەی بە
زمان و پیشاندانی پەشیمانیەكەی لە كاتی چاوپێكەوتنەكەدا وازی نەهێنا، بەڵكو ئەم
نووسەرە نەصرانیە بەناوباگە و ئەم دانووستانكارە ناسراوە لە هەموو كارێك وەستا كە
داكۆكی لە بیـروباوەڕەكەی بكات. وە وازی هێنا لە نووسین لە قازانجی نەصرانیەت و دژی
ئیسلام، وە پاشەكشێی كرد لە بێدەنگی و دابڕانێكی ڕێژەییدا. ئەمەش لەڕاستیدا
شایەتیەكی ڕۆشنە لەسەر ئەوەی كە عبد الله ئاتهەم بەدڵنیاییەوە نووری حەققی بینیوەو
لەناخی دڵیەوە ڕاستی ئیسلام و پێغەمبەرە بەڕێـزەكەی (صلى الله عليه وسلم) قەبوڵ
كردووە. ئەگینا ئەو هۆكارە بەجێیە چی بوو كە كەسێكی وەك عبد الله ئاتهەمی -كە پێشتـر
سەقاڵ بوو بە چالاكیە نەصرانیەكانەوە- لەپڕا برد بەرەو خانەنشینی لە ژیانێكی
چالاكەوە بۆ دابڕان و گۆشەگیـری؟ بۆچی تەنها ئەم كاتەی هەڵبـژارد بۆ خۆشاردنەوە
بەو شێوازەی كە پەنای بۆ برد پاش ڕاگەیاندنی نبوئەتەكەى گەورەمان ئەحمەد لە دژی؟
ئایا "ئاتهەم" بەردەوام نەدەبوو لە بانگەواز كردن بۆ نەصرانیەت ئەگەر
بەڕاستی باوەڕی بمایە بە بیـروباوەڕە پووچەكانی... بەبێ گوێدانە نبوئەتەكەى گەورەمان
ئەحمەد لە دژی؟.
بێگومان خانەنشین بوونی عبد الله ئاتهەم لە ژیانێكی
چالاكەوە بۆ بێدەنگی تەواوەتی پاش ڕاگەیاندنی نبوئەتەكەى گەورەمان ئەحمەد
بەڵگەیەكی سەلمێنەرە لەسەر ئەوەی كە دەركی كردووە بە هەڵەی خۆی، وە حەق و ڕاستی
كاریگەری توندیان لەسەر بیـركردنەوەی داناوە. ئەگەر دۆخەكە بەم جۆرە نەبوایە ئەوا
خۆی كەڕ دەكرد لە تـرساندنەكەی گەورەمان ئەحمەد لە دژی، وە بەردەوام دەبوو لەسەر
دەستدرێژی ستەمكارانەی خۆی بۆ سەر ئیسلام و پێغەمبەری ئیسلام (صلى الله عليه وسلم).
بەڵام بە گوفتار و بە كردار پەشیمانی خۆی دەرخست لەكاتی چاوپێكەوتنەكەدا... وە
ڕەنگی پەڕی و تۆبەكردنی خۆی ڕاگەیاند، پاشان پاشەكشەكردن و پەنابردنی بۆ بێدەنگی
دوای چاوپێكەوتنەكە دەركەوتەیەكی تەواوكاریە بۆ تۆبەكردنە ئاشكراكەی.
لەڕاستیدا یەكێك لە نەيارە سەرسەختەكانی گەورەمان
ئەحمەد -مەولەوی ئەمريتساری- دانیناوە بەوەدا كە عبد الله ئاتهەم بە هۆی نبوئەتەكەى
گەورەمان ئەحمەد لە دژی تـرساوە لە مردن، وە بەپێی توانا پەنای بردوە بۆ هەموو
هۆكارەكان بۆ هەڵاتن بەهۆی ئەم تـرسەوە. (إلهامات المیـرزا ص22).
دیسان مەولەوی ئەمريتساری دانی پێداناوە كە:
بەدڵنیاییەوە عبد الله ئاتهەم پاشەكشەی كرد، كە بە گشتی ئەمە شتێكی زانراو بوو. (سەرچاوەى
پێشوو).
وێـڕای ئەوەی كە عبد الله ئاتهەم پاشەكشەی كرد لە بیـروباوەڕەكانی
دژی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم). وە ڕاوەستا لەوەی مەسیحیەكی چالاك بێت كەچی
دەرنەچوو لە ئايينی نەصرانی... وە لەكاتی كۆتایی هاتنی پازدە مانگەكەدا نەيارانی
گەورەمان ئەحمەد هەرایەكیان نایەوە كە تێیدا بانگەشەی ئەوەیان كرد كە ئاتهەم هێشتا
زیندووە... كەوابوو نبوئەتەكەى گەورەمان ئەحمەد نەهاتەدی.
بەڵام لەڕاستیدا ئەو وشانەی ئاسمان كە دابەزیە سەر
گەورەمان ئەحمەد لە هیچ كاتێكدا ئەوەیان ڕانەگەیاندبوو كە درۆزن لەماوەی 15 مانگدا
لە ڕاگەیاندنی نبوئەتەكەوە دەمرێت، بەڵكو وشەكانی هەواڵە مەزنەكە ئەوەیان
دركاندووە كە ئەو كەسەی بە ئەنقەست شوێن پڕوپووچ دەكەوێت و دەستهەڵدەگرێت لە پەرستـراوی
ڕاستەقینە و مرۆڤێكی لاواز دەكاتە پەرستـراو... لەماوەی 15 مانگدا دەكەوێتە دۆزەخەوە
(الهاوية). هەر مانگێك بەرامبەر ڕۆژێك لە ڕۆژەكانی چاوپێكەوتنەكە، وە ئەگەر
نەگەڕێتەوە بۆلای حەق دووچاری ڕسوابوونێكی ئاشكرا دەبێت (جنغ مقدس، الخزائن
الروحانیة ج6، ص210).
وە وشەكانی هەواڵە خواییەكە بەو جۆرەی كە گەورەمان
ئەحمەد پێیگەیشتبوو بڕیاری ئەوەیان دابوو كە درۆزن دەكەوێتە ناو چاڵێكی قووڵەوە (الهاوية)
لە ماوەی پازدە مانگدا. وە چاڵی قووڵیش چینی هەرەژێـرەوەی ئاگرە.
گومانی تێدا نیە كە گەورەمان ئەحمەد لەم
دەستەواژەیە ئەوە تێگەيشتبوو كە مانای مردنە، هەروەك ئەمە دەردەكەوێت لە
ڕاڤەكردنەكەی بۆ ئەو نیگا خواییە كە دابەزیوەتە سەری (سەرچاوەى پێشوو)، بەڵام ئەم
تەفسیـرە دۆخێكی سادەی هەڵە بوو لە تێگەيشتنی مانای ڕاستەقینەی نیگا خواییەكە...
لەسەر ئەوشێوازەی كە ڕوویدا بۆ گەورەو خۆشەویستمان موحەممەدی هەڵبـژاردە (صلى الله
عليه وسلم) لەكاتی ڕاڤەكردنی ئەو وەحیە ئاسمانیە كە پەیوەستبوو بە جێبەجێ كردنی عومرەو
حەجەكەوە، كە لە بەشی پێشوودا لێكدانەوەمان بۆ كرد. هەروەك ئەو دۆخەی گەورەمان
نووح (عليه السلام) كە بە هەڵە تێگەیشت لە پەیمانی خوای گەورە كاتێك وایزانی بە گوێـرەی
ئەو پەیمانە خانەوادەكەی ڕزگاری دەبێت لە لافاوەكە. هەروەها وەك ئەو دۆخەی
گەورەمان یونس (عليه السلام) كە بە هەڵە تێگەیشت لە هەڕەشەكەی خوای گەورە، ئەوە
بوو لەشارەكەی خۆی چووە دەرەوەو چاوەڕوانی ئەوەی دەكرد كە سزایەكی خێـرا دابەزێتە
سەر خەڵكی نەینەوا.
لەگەڵ ئەوەشدا... نبوئەتەكەى گەورەمان ئەحمەد كە
پەیوەست بوو بە عبد الله ئاتهەمەوە -هەروەك وەحیەكە ڕایگەیاندبوو دەربارەی- بەتەواوی
هاتەدی. كەوابوو وێـڕای ئەوەی كە "ئاتهەم" قایل بوونێكی زارەكی پیشاندا
لە كۆتایی چاوپێكەوتنەكەدا، وە وازیهێنا لە خووی جوێندان بە ئیسلام و پێغەمبەری
ئیسلام بە خانەنشین بوون لە ژیانێكی چوست و چالاكەوە... كەچی ئەم بێدەنگ بوونەی
فێڵێك بوو لە جەماوەر، بۆیە دواجار هەڵدرایە ناو چاڵە قووڵەكەوە كە بریتی بوو لە
ئەزموونێكی تاڵ بەدرێژایی ئەو ڕۆژانەی كە مابووی لەسەر زەوی پێوەی ئەتلایەوە.
ڕووداوە مێژووییەكان بەڵگەن لەسەر ئەوەی كە "ئاتهەم"
سزایەكی زیهنی گەورەی چەشت پاش ئەوەی گەورەمان ئەحمەد نبوئەتەكەى لە دژی ڕاگەیاند.
بەشێوەیەكی لێهات كە یەك لەدوای یەك هەلوەسەی سەیـرو نامۆی بۆ دەهات و بەڕۆژدا
خەوی دەبینی كە ئەژدیها و سەگی هارو پیاوانی چەكدار خەریكن پەلاماری دەدەن.
مێژوونووسی بەریتانی بە ڕاشكاوی ئەوەی ڕاگەیاندووە كە قەشە ئاتهەم دوای نبوئەتەكە:
"پاشماوەی تەمەنی لە تـرس و بیمێكی تەواوەتیدا دەژیا، هەمیشە سەرخۆش بوو، قەشە
نەصرانیەكان لە شارێكەوە بۆ شارێكی تـر دەیان گواستەوە." (سیرة میرزا
غلام أحمد القادیاني، ص103).
وە مەولەوی ئەمريتساری -كە پێشتـر باسكرا- بە چاوی
خۆی بارودۆخ و ژیانی "عبد الله ئاتهەم"ی دیبوو پاش ڕاگەیاندنی نبوئەتەكەى
گەورەمان ئەحمەد لە دژی ئەم قەشە نەصرانیە، وە سەرباری ناكۆكی تایبەتی و پیلانگێـڕانی
دژی گەورەمان ئەحمەد -مەولەوی ثناء الله دانیبەوەداناوە كە نبوئەتەكەى گەورەمان
ئەحمەد دژی "عبد الله ئاتهەم" كتومت وەكو وشەكانی نبوئەتەكە هاتەدی...
بۆیە بە ڕاشكاوی وتی: "ئەگەر ئەو وشانەت لەبەرچاو گرت كە دیسان
گواستمانەوە، وە بیـرت كردەوە لەو تەنگ و چەڵەمەيەى كە دەوریدابوو... ئەوا هیچ
گومانێك بەدڵتدا نایەت لەوەدا كە بەڕاستی ئەو هەڵدرایە ناو چاڵە قووڵەكەوە، وە دڵی
زۆر بەتوندی كاری لێكرا كە دەكرێت ناوی لێ بنێین سزای سووتێنەر. بەڵام سزای
تەواوەتی كە ئێمە تێیگەيشتین و نووسراوەكانمان ئاماژەی پێداوە -واتە مردن- ئەوە
سزایەكە هێشتا نەهاتووە" (إلهامات المیـرزا ص23).
بەڵام مردن -وەك پێشتـر ڕوونمان كردەوە- لەو
وشانەدا كە دابەزیوەتە سەر گەورەمان ئەحمەد هەرگیـز باسی نەكراوە. تەنها نبوئەتەكە
ئەوەی بڕیارداوە كە "ئاتهەم" هەڵدەدرێتە ناو دۆزەخەوە (الهاوية).. واتە
چینی هەرە ژێـرەوەی ئاگر.. وە ئەمەش بەتەواوی ڕوویدا بۆ ئەو.
وە مەولەوی ثناء الله كە نەياری گەورەمان ئەحمەد
بوو دانی بەم ڕاستیەدا ناوە و دەڵێت: "ئەو بارودۆخەی كە تێیدا مرۆڤ هەمیشە
لە ژێـر كاریگەری نیگەرانی و تـرس و تۆقان لە مردندا بێت... لەڕاستیدا چاڵێكی
قووڵە، یان چینی هەرە ژێـرەوەی ئاگرە." (سەرچاوەى پێشوو).
بەداخەوە سەرەڕای ئەو دانپیانانە بە هاتنەدی نبوئەتەكەى
گەورەمان ئەحمەد لە دژی قەشە "ئاتهەم" بە گوێـرەی وشەكانی هەواڵە
خواییەكە بەو شێوەيەی كە پێیگەيشتبوو... كەچی نەيارانی گەورەمان ئەحمەد بەردەوام
بانگەشەی ئەوە دەكەن گوایە ئەم نبوئەتە نەهاتەدی؛ چونكە "ئاتهەم" نەمرد
لەماوەی 15 مانگەكەدا. هەڵبەت گەورەمان ئەحمەد بەرپەرچی ئەمەی دایەوەو ڕیگەیاند كە
بڕیاری دواكەوتنی مردنەكە درا بەهۆی تۆبەكردنی "ئاتهەمـ"ـەوە لەكاتی
چاوپێكەوتنەكەدا و هەڵوێستی ئەو لەدواییدا... كە ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە دڵی
عبد الله ئاتهەم گەڕاوەتەوە بۆلای حەق.
هەروەها گەورەمان ئەحمەد ڕایگەیاند كە بنەڕەتی
تیاچوونی "ئاتهەم" دانراوە، وە هیچ كەسێك ئەو خەیاڵە نەكات كە خراپتـرینی
ناڕەحەتیەكان لەمەڕ ئەم قەشەیە كۆتایی هاتووە. وە بەڕاشكاوی ڕایگەیاند كە ئەمە
مەسەلەی كاتە، بەڵكو سزای كۆتایی دەورى ئاتهەم دەدات بەهۆی گەوجێتیەكەیەوە. (أنوار
الإسلام، الخزائن الروحانیة، ج9 ص1-15).
هەروەها گەورەمان ئەحمەد داوای كرد لەم قەشەیە بە ئاشكرا
سوێند بخوات كە لە دڵیدا حەزێك نەبووە بۆ گەڕانەوە بۆ لای حەق و ڕاستی لە ماوەی
ئەم 15 مانگەدا، وە ئەو -هەروەك پێش چاوپێكەتنەكە- بەردەوام ئیسلام و پێغەمبەری
ئیسلام بە هەڵە دادەنێت... وە تـرساندی لەوەی كە ئەگەر ئەم سوێندە بخوات ئەوا
دەبێت تیابچێت لەماوەی یەك ساڵدا لە كاتی سوێند خواردنەكەوە... ئەگەر وا دەرنەچوو
ئەوا گەورەمان ئەحمەد هەزار ڕوپیەی هیندی وەكو خەڵات دەدات بەم قەشە نەصرانیە وەك
دانپیانانێك لەوەوە بە دۆڕان و تێكشكان.
وە ئەم داواكردن و تـرساندنە كۆتاییی پێهێنرا بە
ڕاگەیاندنێك لە گەورەمان ئەحمەدەوە كە تێیدا هاتووە ئەگەر "ئاتهەم" ئەم
تەحەددایەی قەبوڵ كرد و سوێندی خوارد... ئەوا بەدڵنیاییەوە ئیسلام سەردەكەوێت و نەصرانیەتیش
تووشی بەزین دەبێت و دەستی توانای خوای گەورە دەدرەوشێتەوە" (سەرچاوەى پێشوو).
دەی ئەگەر عبد الله ئاتهەم نەگەڕابێتەوە بۆلای
ڕاستی و وازی نەهێنابێت لە بۆچوونی خۆی دژی ئیسلام و پێغەمبەرەكەی (صلى الله عليه
وسلم) وەكو پێش نبوئەتەكە... ئەوا ئەم تەحەددایەی قەبوڵ دەكرد و پێشدەكەوت بۆ
سوێند خواردن، وە دوای ئەوە -ئەگەر ژیانی بۆ بنووسرایە- بۆی هەبوو كە خەڵاتێكی
دەست بكەوێت بە ئەندازەی 1000 ڕوپیە و خزمەتێکی مەزنیشی پێشكەش بە نەصرانیەت دەكرد؛
چونكە ئەو كاتە گەورەمان ئەحمەد ناچار دەبوو دانبنێت بە شكستی ئیسلامدا... كە ئەو
ئایینە بوو بەڕێـزی نوێنەری بوو، وە بەناوی ئەوەوە قسەی دەكرد لە چاوپێكەوتنەكەدا.
بەڵام "ئاتهەم" پابەند بوو بە بێدەنگ
بوونی تەواوەتییەوە، وە خۆی گێل كرد لەو دوو تەحەدایەی كە لە 5 و 9ی ئەیلولی ساڵی
1894 ی زایینیدا دەرچوون لەلایەن گەورەمان ئەحمەدەوە (عليه السلام). دوای ئەوە
گەورەمان ئەحمەد پەیامێكی تۆماركراوی نارد بۆ قەشە كلارك و قەشە ئیمامەددین...
داوای لێ كردن هانی هاوڕێكەیان قەشە (ئاتهەم) بدەن لەسەر سوێند خواردن، بەڵام قەشە
كلارك وەڵامێكی ناردەوە و تێیدا وتی ئاتهەم ئامادە نیە بۆ سوێند خواردن. ئا لێـرەدا
گەورەمان ئەحمەد نرخی خەڵاتەكەوی بەرز كردەوە بۆ 2000 ڕوپیەی هیندی.
وە لە ڕۆژی 20/9/1894ی زایینیدا گەورەمان ئەحمەد
ڕایگەیاند كە ئەم جەنگە لە نێوان دوواندایە: خوای ڕاستەقینە و خوای درۆینە، وە
بەدڵنیاییەوە خوای ڕاستەقینە سەردەكەوێت. دیسان بە ڕاشكاوی ئەوەی ووت كە نیشانەی
ڕاستیەكەی، ڕاستی خوای ئەحمەد، ڕاستی خوای ئیسلام ئەوەیە كە گەورەمان ئەحمەد خۆی
هەرگیـز لەو ساڵەدا نامرێت كە نبوئەتەكەى تێدا دەرچووە، بەڵام "ئاتهەم" ئەگەر
سوێند بخوات ئەوا بەدڵنیاییەوە لە ماوەی ئەو ساڵەدا دەمرێت... چونكە ئەو خودا
ناڕاستەی كە ئەو كردوویەتی بە خوای خۆی ناتوانێت ڕزگاری بكات. (مجموعة الإعلانات
ج2 ص63، إعلان رقم 122).
ئەم بانگەشەیە بانگەشەیەكی ئەوپەڕی تـرسناك بوو
لەلایەن گەورەمان ئەحمەدەوە؛ چونكە هیچ كەسێك ناتوانێت بە دڵنیاییەوە نبوئەتى
بەردەوامی ژیانی خۆی بكات بۆ ماوەیەك، بەڵكو بۆ ساتەوەختێكیش، بەڵام گەورەمان
ئەحمەد متمانەیەكی تەواوی هەبوو بە پەروەرێنی ئیسلام كە سنوری بۆ نەبوو. وە یەقینی
هەبوو كە خوای گەورە پاڵپشتی دەكات و سەری دەخات لە هەموو جێگەیەكدا بۆ سەلماندنی
ئایینە دروستەكەی خۆی؛ چونكە كتێبی پیـرۆزی خوا و پێغەمبەرە مەزنەكەی موحەممەدی
هەڵبـژاردە (صلى الله عليه وسلم) هەردووكیان بابەتی ناكۆكی بوون لە چاوپێكەوتنی ئەمريتساردا.
بۆیە دواجار "ئاتهەم" لە هەڵوێستێكی زۆر تەنگو
خەجاڵەتیدا خۆی بینيیەوە، كە ئەگەر لەمە زیاتـر بەردەوام بوایە لە بێدەنگی ئەوا
ئەو ڕێـزە كەمەی كە ماویەتی لە كیسی دەچوو، ئەمە ئەگەر شتێكی بۆ مابێت. بەڵام ئەو
دڵنیا بوو كە ئەگەر سوێندەكە بخوات ئەوا هەرگیـز ساڵێكی تـر بە زیندوویی نامێنێت.
لەبەرئەوە ئەمە قەشە بە مەسيحى بووە نەخشەیەكی گرتەبەر كە بەهۆیەوە دووربكەوێتەوە
لەبابەتە بنەڕەتیەكە كە بریتیە لە سوێندخواردن، بۆیە تەنها ئەوەی ڕاگەیاند كە ئەو
هێشتا مەسیحیە. (جریدة "نور أفشان" لیوم 21/7/1894ز).
كاتێك "ئاتهەم" تێكشكا لەوەی كە وەڵامێكی
شیفابەخش بداتەوە لەسەر داواكەی گەورەمان ئەحمەد. بەڕێـزی داوای لێكرد بە ئاشكرا
سوێند بخوات كە لەماوە ئەم پازدە مانگەی دوای چاوپێكەوتنەكە هەڵوێستی نەگۆڕاوە
بەرامبەر بە ئیسلام و پێغەمبەرەكەی (صلى الله عليه وسلم). ئالەم خاڵەدا گەورەمان
ئەحمەد ویستی هۆكاری سوێند نەخواردنی ئاتهەم بزانێت، بۆیە پرسیاری كرد: ئایا خوای
درۆیینەی نەصرانیەت ناتوانێت "ئاتهەم" ڕزگار بكات بۆ ماوەی یەك ساڵ... وێـڕای
ئەوەی كە ئاتهەم تەمەنی زۆر نیە؟ ئەو تەنها چەند ساڵێك لە من گەورەتـرە. ئەو
لاوازیە چیە كە باڵی كێشاوە بەسەر ئەم خوا خەیاڵیەدا كە ناتوانێت بۆ ماوەی یەك ساڵ
ڕزگاری بكات! هەڵبەت چاوەڕوانی ڕزگاربوون لەسەر دەستی ئەم جۆرە پەرستـراوەدا كە
ناتوانێت دەستەبەری بێوەیی و سەلامەتی بكات بۆ تاقە ساڵێك، كارێكی زۆر تـرسناكە.
ئایا ئەوەمان ڕانەگەیاند كە خوای ئێمە دەمانپارێـزێت لەم ساڵەدا و "ئاتهەم"
لەناو دەبات؟ ئەمەش چونكە خوای ئێمە خوایەكی ڕاستەقینەیە... هەرچەندە ئەم مەسیحیە
بەدبەختانە نکۆڵی لێ دەكەن ئەوانەی كە مرۆڤێكی وەكو خۆیان دەكەن بە خوا. (مجموعة
الإعلانات ج2 ص63).
وە بۆ هاندانی قەشە ئاتهەم لەسەر سوێند خواردنەكە
گەورەمان ئەحمەد نرخی خەڵاتەكەی بەرزكردەوە بۆ 3000 ڕوپیە، وە لەكاتی خستنەڕووی
ئەم وتانەدا لە ڕۆژی 5/10/1894ی زایینی گەورەمان ئەحمەد سۆزە ئايينیەكانی ئاتهەمی
ورووژاند و فەرمووی: "ئەگەر لە ڕوانینی تۆدا بۆ مەسیحی كوڕی مەريەمی
ڕاستگۆ گەردیلەیەك ڕێـز هەیە... ئەوا من بەناوی ئەوەوە تكات لێ دەكەم، وە داوات
لێدەكەم بەناوی خوای گەورەوە كە ئەم سوێندخواردنە جێبەجێ بكەیت كە تەحەددامان
كردوویت پێی هەستیت لەم لاپەڕە بچوكەدا." (سەرچاوەى پێشوو ص89).
بەڵام "ئاتهەم" جارێكی تـر خۆی
دوورخستەوە لەم بابەتە و ڕایگەیاند ئەو ڕێـپێدراو نیە كە سوێند بخوات لەسەر شتێك
مەگەر لە ڕێكارە دادوەریەكاندا... چونكە ئايينەكەی ڕێگەی پێ نادات كە سوێند بخوات
لە هەر بۆنەیەكی تـردا. (جریدة "نور أفشان" 10/10/1894م).
گەورەمان ئەحمەد وەڵامی ئەم فرتوفێڵەی دایەوە، وە
ئەو بۆچوونەی بۆ ڕاستكردەوە كە گوایە ئايينەكەی ڕێگەی سوێندخواردنی پێ نادات مەگەر
لە ڕێكارە دادوەریەكاندا بە هێنانەوەی نووسراوە پیـرۆزە نەصرانیەكان و كتێبەكانی تـری
ئەم ئایینە وەكو بەڵگە كە دەیسەلمێنن لە ئایینی نەصرانیدا شتێك نیە كە قەدەغە بكات
لە سوێندخواردن لەبەردەم كۆمەڵێك لە خەڵكیدا. پاشان ئایا كێشەیەك هەیە لە ئایین
گرنگتـر بێت؟ وە ئەم جارەش لە ڕۆژی 27/10/1894ی زایینیدا گەورەمان ئەحمەد نرخی
خەڵاتەكەی بەرزكردەوە بۆ 4000 ڕوپیەی هیندی ئەگەر "ئاتهەم" سوێند بخوات
لەسەر ڕاگەیاندنی داواكراو.
بەڵام ئاتهەم بەم هاندانە ڕازی نەبوو "ئاتهەم"
سوێندی نەخوارد وەك گەورەمان ئەحمەد تەحەددای كرد... نە لە پێناوی بایەخدان بەماڵ
و سەروەت بۆ بڕی 4000 ڕوپیە، نە لە پێناوی ڕێـزو گەورەیی مەسیحی كوڕی مەریەم. (أنوار
الإسلام الخزائن الروحانیة ج9 ص10).
پاش 12 مانگ لەو تەحەددایەی كە گەورەمان ئەحمەد
كردی بەرامبەر قەشە "ئاتهەم" كە تەحەددایەی "ئاتهەم"ى كرد بوو
سوێند بخوات هەڵوێستی نەگۆڕیوە دەربارەی ئیسلام... هۆكارەكانی ڕاگەیاندنی
نەصرانیەت جارێكی تـر بابەتی مانەوەی "ئاتهەم"یان بە زیندوویی ورووژاند
سەرەڕای ئەوەی كە ئەم قەشەیە خۆی پاشەكشەی كرد لە سوێند خواردن بەگوێـرەی ئەو
بانگەشە پووچەی خۆی كە گوایە ئایینەكەی ڕێگە بەم جۆرە ڕەفتارانە نادات.
لە كانوونی یەكەمی ساڵی 1895ی زایینیدا قەشە "ئاتهەم"
بەدزیەوە لە ڕێگەی هاوڕێ قەشەكەی خۆی -فتح مەسیح-ەوە ئەوەی بڵاوكردەوە كە ئەو
نەچووتە پێش بۆ سوێند خواردن؛ چونكە شوێنكەوتووانی گەورەمان ئەحمەد مشتێكی كەم لە خەڵكی
دەبن. دەستبەجێ گەورەمان ئەحمەد داوای لە "ئاتهەم" كرد كە ژمارەی ئەو
موسەڵمانانەی پێ بڵێت كە "ئاتهەم" ڕازیە پێیان بۆ ئەوەی ئیمزا بكەن
لەسەر ئەو داوایە كە پێشكەشی دەكرێت لەلایەن ئەوەوە واتە لەلایەن گەورەمان
ئەحمەدەوە (عليه السلام).
وە لە كۆتایی ئەم ڕاگەیاندنەدا گەورەمان ئەحمەد
بەڕاشكاوی ئەوەی وت كە ئەگەر هەموو قەشە مەسیحیەكان كۆببنەوە بۆ هاندانی "ئاتهەم"
لەسەر سوێند خواردن ئەوا لە تـرسا ئەم سوێندە ناخوات... چونكە لەناخی دڵیدا
دەزانێت ئەو نبوئەتە بنەڕەتیە كە لە دژی ڕاگەیەندرا لە شاری ئەمريتسار لەڕاستیدا
هاتەدی.
وە هەروەها گەورەمان ئەحمەد بەڕاشكاوی وتی ئەو
قسەیەی كە "ئاتهەم" هەرگیـز لە دژی ئەو سوێند ناخوات... تەنانەت ئەگەر
جیهانی نەصرانی پارچە پارچەیشی بكەن بەڵگەیەكی تەواوە لەسەر ڕاستگۆیەكەی. لەلایەكی
تـرەوە ئەگەر "ئاتهەم" بهێننە پێش بۆ سوێند خواردن ئەوا نبوئەتی دووەم
دەربارەی لەناوچوونی بەیەكجارەكی دێتەدی. (مجموعة الإعلانات ج 2 ص 204 إعلان 30 12
1894).
هەروەك گەورەمان ئەحمەد چاوەڕوانی كرد... عبد الله
ئاتهەم نەیوێـرا سوێند بخوات وێـڕای تووشبوونی بە ڕیسوابوونی بەردەوام بەگوێـرەى
بەڵێنی خوا. بەڵام بێدەنگی ئاتهەم خۆی لە خۆیدا جۆرێك بوو لە فێڵ... لەكاتێكدا هەلێكی
چاك لە بەردەمیدا هەبوو بۆ ڕزگاركردنی خۆی لە ڕقی خوای گەورە بە وتنی قسەی حەق،
بەڵام ئەو بەردەوام بەبێدەنگی و شاراوەیی مایەوە لە پشت خۆدەرخستنێكی ئايينی
درۆزنانەوە سەرەڕای هاندانی چەندبارە لەلایەن گەورەمان ئەحمەدەوە (عليه السلام)
دوای ئەم ڕاگەیاندنەیش. بۆیە دواجار... پاش حەوت مانگ لە تـرساندنی كۆتایی كە
گەورەمان ئەحمەد ڕایگەیاند بەم قەشە نەصرانیە لە 30 كانوونی یەكەمی ساڵی 1895ز دا،
لە 27ی حوزەیـرانی ساڵی 1896ز دا هەواڵی مردنی بڵاوكرایەوە، تەواو بەو شێوەیەی كە
گەورەمان ئەحمەد ڕایگەیاندبوو لە ڕاگەیاندنی چوارەمیدا بەوەی كە خوا تاوانبارێكی
لەم شێوە وازلێ ناهێنێت بەبێ سزا؛ چونكە حەق دەشارێتەوە بۆ فریودانی دنیا...
بێگومان ئەو ڕۆژانە نزیكە و هیچ دوور نیە. (سەرچاوەى پێشوو لا 106، إعلان 27/10/1894).
وآخر
دعوانا أن الحمد لله رب العالمين