پەڕەكان

أعلان الهيدر

Monday, August 7, 2017

الرئيسية هەندێ ڕەخنەی باو دژی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی

هەندێ ڕەخنەی باو دژی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی

ڕەخنەی یەكەم:
نەیارەكان بانگەشەی ئەوە دەكەن گوایە كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی نەمامێكی چێنراوی دەستی ئینگلیزەو دروستكراوە بۆ چەسپاندنی بەرژەوەندیەكانی ئەو. وەڵامی ئەم ڕەخنەیە چیە؟


وەڵام:

پاشخانێكی مێژوویی:
لەو ڕۆژانەدا كە دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی (علیە السلام) لەدایك بوو موسوڵمانان لە پەنجاب لەلایەن سیخەكانەوە كە دەسەڵاتدار بوون لەوێ (پێیان دەوترا "خالصە") سزا و ئازار دەدران. وە نەیاندەهێشت كە هەستن بە جێبەجێ كردنی دروشمە ئایینیەكانیان وەكو بانگدان و نوێژكردن و هیتریش، وە ئازادی ئایینی لەمەڕ موسوڵمانان بەتەواوی بزربوو.
لەخوارەوە دوو وتە پێشكەش دەكەین، یەكێكیان وتەی كەسێكی ناموسوڵمان و ئەویتریشیان وتەی موسوڵمانێكی نائەحمەدیە، كە هەردووكیان ئەو دۆخە كوێرەوەریەی موسوڵمانان دەردەخەن كە تێیدا دەژیان لە ژێر سێبەری فەرمانڕەوایی سیخدا.
بەڕێز "تسلی ڕام" كە یەكێكە لە زاناكانی ئایینی هيندۆسی دەڵێت:
"لەسەرەتای دەسەڵاتی سیخدا كاری شەو و ڕۆژیان بریتی بوو لە ڕێگرتن و كوشتن و تاڵانی و دابەشكردنی "دەسكەوتەكان" لە نێوان خۆیاندا. وە ئەو پەڕی رقیان لە موسوڵمانان بوو تەنانەت ڕێگەیان پێ نەدەدان كە بەدەنگی بەرز بانگ بدەن بۆ نوێژكردن. هەڵبەت دەستیان گرتبوو بەسەر مزگەوتەكانیاندا و تێیدا "جرنپ"یان دەخوێندەوە كە پەرتوكی پیرۆزی ئەوانە". (كتاب "شیر فنجاب" طبعە 1872م).
وە بەڕێز موحەممەد جەعفەر سانیسری لە كتێبەكەیدا (سوانح أحمدی) چیرۆكێكی یاداش كردووە لە زمانی سەید ئەحمەد بریلویەوه (رحمه الله) كە دەڵێت:
"لەكاتی گەشتكردنماندا لە ناوچەی پنجاب چوینە سەر بیرێك بۆ ئاو خواردنەوە، هەندێ ژنی سیخمان دی كە لەوێ ئاویان هەڵدەگۆزی. وە لەبەر ئەوەی ئێمە زمانی ئەو ناوچەمان نەدەزانی بەدەستمان ئاماژەمان بۆ كردن كە تینومانە و ئاومان دەوێت. پاشان بۆ دەوروبەری خۆیان ڕوانی و بە زمانی ئەفغانی پێیان وتین: ئێمە كۆمەڵێ ئافرەتی موسوڵمانین و مناڵی ئەو موسوڵمانە ئەفغانیانەین كە نیشتەجێی فڵانە ناوچە و فڵانە گوندن، وە ئەم سیخانە ئێمەیان لەوێ ڕفاندووە."
ئەمەو، بازنەی زانیاری "encyclopedia of sikh literature" درێژەی ئەو چەوساندنەوە تۆقێنەرانەی باسكردووە كە لەسەر دەستی سیخدا ڕوویداوە دژی موسوڵمانان... وەك ڕفاندن و ئەتك كردنی ئافرەتە موسوڵمانەكان بە ڕێژەیەكی زۆر، وە ڕووخاندنی مزگەوتەكان و گۆڕینیان بۆ شوێنی بەستنەوەی گوێدرێژ و مانگاكان، وە ڕەشەكوژی موسوڵمانان، بەتایبەتی كوشتنیان بەهۆی بانگدان بە دەنگی بەرز بۆ نوێژكردن و بەهۆی كاروبارە دینیەكانی ترەوە، تەنانەت هەموو مافێكی مرۆڤیان قەدەغەكردبوو لە موسوڵمانان.
لەسەروبەندی ئەم هەلومەرجە ترسناكەدا كە باڵادەست بوو لە وڵاتی پەنجابدا، ئینگلیز هاتە ناو ئەم وڵاتەوە لە نێوان ساڵەكانی 1846ز و 1849ز، دەسەڵاتی دەرهێنا لەژێر دەستی سیخدا، ئینجا دوای داگیركردنی ئینگلیز ئاسایش جێگیر بوو لە وڵاتی پەنجابدا، وە موسوڵمانان چێژیان وەرگرت لە ئازادی ئایینی. وە دامەزرێنەری كۆمەڵی ئەحمەدی ئەوكاتە لە نێوان 11 بۆ 14 ساڵی تەمەنیدا بوو.


هەڵوێستی دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی دەربارەی ئینگلیز
گەورەمان ئەحمەد (علیە السلام) وەسفی ئەو ماوە سەختەی كردووە كە موسوڵمانان لە پەنجابدا سزایان دەچەشت و دەفەرموێت:
"بەتەمەنەكان كە عومریان لە شەست بۆ حەفتا ساڵیدایە چاك دەزانن ئەو سەردەمەی سیخ كە تێپەڕی بەسەرماندا پڕ بوو لە جۆرەها دەردو بەڵا كە بەباسكردنی گیانەكان دێنە لەرزین و لە سامناكیەكەی دڵەكان دادەخورپێن. لەو ڕۆژانەدا موسوڵمانان قەدەغە كرابوون لە بەندایەتی كردن و بەجێ هێنانی دروشمە دینیەكان كە خۆشەویسترین و ئازیزترین شت بوو لە دەروونیاندا، وە قەدەغە بوو كە یەكێك دەنگ بەرز بكاتەوە بۆ بانگدان كە دەسپێكی نوێژەكەمانە. ئەگەر بانگبێژ بەهەڵە "الله أكبر"ی بەدەنگی بەرز بوتایە دەسبەجێ دەكوژرا. هەروەها ئەوان دەستیان وەردەدا لەو كاروبارانەی موسوڵمانان كە پەیوەست بوون بە حەڵاڵ و حەرامەوە. وە جارێكیان ئەوە ڕوویدا كە پێنج هەزار موسوڵمان كوژران بە هۆی كێشەی سەربڕینی مانگایەكەوە." (تقریر حول الاجتماع للدعاء، الخزائن الروحانیة ج5 ص605).
 وە پاش گەيشتنی ئینگلیز و درێژكردنەوەی دەسەڵاتیان بەسەر هیندستاندا ئەو هەلومەرجە گۆڕا كە سیخ سەپاندبوویان لە پەنجابدا، وە موسوڵمانان چێژیان وەرگرت لە ئازادی ئایینی بەهۆی چاكەی ئەم حكومەتەوە، بەڕێزی دەفەرموێت:
"ئایا نابینن كە چۆن ژیان بەسەر دەبەین لەسایەی ئەم حكومەتەدا، وە چۆن سەرپشك كراوین لە دینەكەماندا و ئازادیمان پێدراوە لە توێژینەوەكانی دینی ئیسلامیدا.... وە ئێمە لە زەمانی دەوڵەتی "خالصە"دا ئازار دەدراین بە شمشێرو نووكی ڕمەكان، وە بۆمان نەبوو كە بە گوێرەی سوننەت نوێژ بكەین، وە بەئاشكرا بانگ بدەین بەو شێوەی كە لەم ئایینەدا پەسەندە. لە بێدەنگی زیاتر چار نەبوو لەسەر ئازاردانیان، وە هیچ ڕێگەیەك نەبوو بۆ بەرهەڵستی كردنی سزادانیان، وە لەكاتی هاتنی ئەم دەسەڵاتەدا دووبارە ئاسایش و ئارامیمان بۆ گەڕایەوە... چاكەی ئەم حكومەتە لە یاد ناكەین چونكە ئەو ماڵ و نامووس و خوێنمانی پاراست لە دەستی ئەم تاقمە ستەمكارە، وە ئێستا لە سایەیدا بە خۆشی و ئاسوودەیی دەژین، بەبێ جەریمە غەرامە ناكرێین، وە توشی زەبوونی نابین بەبێ كردنی تاوان، بەڵكو سەلامەتین لە هەموو تۆمەت و دەردو بەڵایەك، ڕزگارمان بوو لە وەیشوومەی تاوانكارو كافرەكان، ئیتر چۆن پێنەزان بین بەرامبەر نیعمەتی نیعمەت بەخشەكان؟ پێش ئەم ڕۆژانە وەكو كەسانی گێڕ ڕێمان دەكرد و بۆمان نەبوو هیچ قسەیەك بكەین دەربارەی ئایینی چاكترینی دروستكراوان، وە سەردەمی "خالصە" سەردەمی زەبوونی و موسیبەت بوو، تێیدا كەسانی مەزن سوك و رسوا كران و كۆیلەكانیش كران بە فەرمانڕەوا.... وە كۆمەڵێك نەهامەتی ڕژا بەسەرماندا كە بە یاداشت كردنیان قەڵەم دوولەت دەبێت، وە بە چاوی پڕ لە فرمێسكەوە لە نیشتیمانی خۆمان دەركراین. پاشان بەهۆی ئەم دەوڵەتەوە كاروبارمان بەتەواوی وەرچەرخا لەكەساسیەوە بۆ خۆشگوزەرانی، لە شلۆقیەوە بۆ سەقامگیری، وە بەهۆی پاراستن و چاودێریەكانی ئەوەوە دەروومان لێ كرایەوە، وە ئازادیمان پێ درا پاش گرتن و بەندكردن، وە بوین بەو كەسانەی كە نیعمەتیان بەسەردا ڕژاوە و ژیانێكی فراوان و خۆشگوزەرانیان هەیە، پاش ئەوەی كە لە جۆرەها دەرد و بەڵادا بووین. ئەم دەوڵەتەمان بینی بۆخۆمان وەكو سەوزەڵایی پاش بێ بارانی و ووشكە ساڵی، یان وەكو تەندروستی دوای نەخۆشی. كەوابوو لە پێناوی ئەم پیاوەتی چاكەو مەردایەتیانەدا سوپاس كردنی بە دڵێكی ساف و نیازێكی پوختەوە ئەركی سەرشانە." (البلاغ، الخزائن الروحانیة ج13، ص442، ص450-453).
وە بەڕێزی هەندێ نموونە یاداشت دەكات لەسەر ئەو ئازادیەی كە موسوڵمانان چێژیان لێ وەردەگرت پاش چەوساندنەوەیان لەلایەن هيندۆس و سیخەكانەوە و دەفەرموێت:
"بیستومە كاتێك كە ئینگلیز یەكەمجار ئەم وڵاتەیان دەگیركرد لە شاری هوشیارپور بانگبێژێك بەدەنگی بەرز بانگی دا. وە لەبەر ئەوەی سەردەمی ئینگلیز لەمەڕ هيندۆس و سیخەكان تازە بوو، پێیان وابوو كە ئەمانیش موسوڵمانان قەدەغە دەكەن لە بانگدان.... بۆیە پەلی ئەو بانگبێژەیان گرت كە بەدەنگی بەرز بانگی دابوو لەناو ئاپۆرەیەكی زۆری خەڵكیدا كە سەركردەكانی هيندۆس و گەورە بازرگانەكانیانی تێدا بوو بردیان بۆ لای فەرمانداری بەریتانی و سكاڵای ئەوەیان لەلا كرد كە هەویرو قاپ و قاچاغەكانیان بە هۆی ئەم بانگدانەوە پیس بووە. ئەم پیاوە ئینگلیزیە زۆر زۆر سەری سوڕما لەوەی كە بانگدان ئەم كاریگەریە سەرسوڕهێنەی هەبێت لەسەر خواردەمەنیەكانیان، وە بە یاریدەدەرەكەی وت كە پێویستە ئەم كێشە یەكلا نەكەینەوە هەتا كاریگەری ئەم بانگدانە تاقی نەكەینەوە. لەبەر ئەوە فەرمانی دا بە بانگبێژەكە كە وەكو جاری پێشوو بانگدانەكەی دووبارە بكاتەوە بەدەنگی بەرز. ئەو داماوەیش ترسا لە سزادانی دووبارە لەسەر بانگدانەكەی..... بۆیە خۆی پاراست لە بانگدان. وە كاتێك فەرماندارەكە دڵنیای كردەوە و ترسەكەی نەما.... بەدەنگی بەرز بانگی دا. لەو كاتەدا فەرماندارەكە وتی: دیارە من بەهۆی بانگدانەكەیەوە توشی هیچ پیس وپۆخڵییەك نەبووم. پاشان پرسیاری كرد لەیاریدەدەرەكەی: ئایا هیچ پیسیەكی توش بووە؟ ئاشكرایە ئەویش ئەم كارەی نەرێ كرد، ئیتر دوای ئەوە بانگبێژەكەی ئازاد كرد و ڕێگەی بانگدانی پێدا هەرچۆنێك پێی خۆشە....
وە هەر لەم گوندەی خۆماندا كە مزگەوتی گەورەی ئێمەی لێیە.... نووسینگەی حكومەت لێرە بوو، ئەو كاتە من منداڵێكی بچوك بووم، بیستومە لە خەڵكی متمانەدار كە چەند ڕۆژێك پاش هاتنەناوەوەی ئینگلیز هێشتا یاساكەی پێشوو كاری پێدەكرا. وە لەو ڕۆژانەدا فەرمانبەرێكی تازە هات بۆ ئێرە بە هاوڕێیەتی پیاوێكی پۆلیس لە موسوڵمانان. پۆلیسە موسوڵمانەكە چووە ناو مزگەوتەكەوە و فەرمانی كرد بە بانگدەرەكە كە بانگ بدات، بانگدەرەكەیش بە ترسەوە بە دەنگێكی نەوی بانگی دا. وە كاتێك پۆلیسە موسوڵمانەكە پرسیاری لێ كرد كە بۆچی بەم شێوەیە بانگ دەدات ئەویش وەڵامی دایەوە كە ئێمە بەم شێوازە بانگ دەدەین، پاشان پۆلیسەكە فەرمانی پێكرد كە سەركەوێتە سەر بانی مزگەوتەكە و هەرچەند دەتوانێت بەدەنگی بەرز بانگ بدات. بانگدەرەكەیش ترسا لە ئاكامی خراپی ئەم كارە و نەیوێرا بانگ بدات. بەڵام پاش پێداگری پۆلیسەكە بەدەنگی بەرز بانگەكەی دا. لەناكاو مزگەوتەكە جەنجاڵ بوو بە هيندۆس و بانگدەرەكەیان گرت، وە ئەو هەژارە زۆر بە توندی تۆقی بوو، وە پێی وابوو كە فەرمانبەرەكە دەیدات لە سێدارە، بەڵام پۆلیسە موسوڵمانەكە هێوری كردەوە و گوتی: مەترسە من لەگەڵتام. براهمە دڵڕەقە خوێنڕێژەكان دایانەبەر بۆ لای فەرمانبەرەكەی حكومەت و سكاڵایان لا كرد كە بانگدەرەكە هەموویانی پیس كردووە، وە فەرمانبەرەكە دەیزانی كە حكومەت گۆڕاوە و هیچ بوارێك نەماوە بۆ زۆرداریی سیخەكان. لەگەڵ ئەوەشدا بەدەنگێگی نزم پرسیاری كرد لە بانگدەرەكە: بۆچی بەدەنگی بەرز بانگت داوە؟ دەسبەجێ پۆلیسە موسوڵمانەكە چووە پێشەوە و گوتی: من بانگم داوە نەك ئەو. ئینجا فەرمانبەرەكە بە براهمەكانی وت: ماڵتان كاول بێت: ئەم هەموو ژاوەژاوە بۆچیە؟ لە شاری لاهور بە ئاشكرا مانگا سەردەبڕدرێت، كە چی ئێوە لێرە لە سەر بانگدان هات و هاوار دەكەن! بڕۆن و بەبێدەنگی بچنەوە ماڵەكانی خۆتان". (تقریر حول الاجتماع للدعاء، الخزائن الروحانیة ج15 ص608 - 610).
پاش تێگەيشتن لە پاشخانی مێژوویی ئەم ماوە زەمەنیە و هەڵسەنگاندنی ئەو هەلومەرجە ترسناكەی كە موسوڵمانان تێیدا دەژیان لە سایەی دەسەڵاتی سیخدا.... ئێمە پرسیار دەكەین لەو كەسانەی كە ڕەخنەكانیان ئاراستەی ئێمە دەكەن.... دەی ئایا پێویست بوو لەسەر دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی كە سەرزەنشتی ئینگلیزەكان بكات لەسەر پێدانی ئازادی ئایینی بە موسوڵمانان یان سوپاسیان بكات لەسەر ئەمە هەروەك زانای ئایینی و سەرۆك و سەركردە موسوڵمانەكانی تری جگە لەو كردیان لەو كاتەدا؟ بێگومان سەرزەنشت كردنیان واتە ڕازی بوون و ڕێكەوتن لەسەر سیاسەتی سیخ و پشتگیری كردنیان لە قەدەغەكردنی موسوڵمانان لە بانگدان و نوێژكردن و ڕوخانی مزگەوتەكان یان گۆڕینیان بە تەویلە و گەوڕی ئەسپ و مانگاكان و ڕێگری كردن لە توێژینەوەی ئایینی و ئەتك كردنی ناموسی ئافرەتان و بڕینی دەست و كوشتن و تاڵانكردن و دەستبەسەراگرتنی موڵك و ماڵ لەبەر هیچ و پوچترین هۆكار. لەوانەیە دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی ئەگەر ئەمەی بكردایە دڵی دوژمنانی ئەم كۆمەڵەی خۆش دەكرد، بەڵام ئەم كارەی نەكرد، بەڵكو ستایشی ئەو كەسانەی كرد ئەم زوڵم و ستەمانەیان هەڵگرت لەسەر موسوڵمانان لەو ڕابردووە تاریك و نوتەكەدا.
لەڕاستیدا ڕاوەستاندنی چەوساندنەوەی زۆردارانەی سیخی كە موسوڵمانان پێیەوە دەیان ناڵاند، وە گەڕانەوەی ئاسایش بۆ وڵات و پێدانی ئازادی ئایینی بە موسوڵمانان ئەو هۆكارانە بوون كە پاڵیان نا بە دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدیەوە (علیە السلام) كە سوپاسی ئینگلیز بكات. هەڵبەت سوپاسكردنیان دانپیانانی ئەوە (علیە السلام) بەو ڕاستیە و باوەڕهێنانیەتی بەوەی كە سوپاسكردنی ئەو كەسەی كردەوەیەكی جوان دەكات ڕەوشتێكی ئیسلامیە. بەڕێزی دەفەرموێت:
"من هەرگیز ڕووپایی بۆ ئەم حكومەتە ناكەم، بەڵكو ڕاستیەكەی ئەوەیە كە هەرحكومەتێك دەسدرێژی نەكاتە سەر ئیسلام و قەدەغەمان نەكات لە بەجێهێنانی دروشمە ئیسلامیەكان، وە شمشێر لە ڕووماندا دەرنەهێنێ بۆ بڵاو كردنەوەی دینی خۆی.... ئەوا قورئانی پیرۆز حەرامی كردووە لەسەرمان كە لەڕووی ئایینیەوە شەڕی لەگەڵدا بكەین، چونكە ئەویش لە ڕووی ئایینیەوە شەرمان لەگەڵدا ناكات." (سفینە نوح، الخزائن الروحانیە، ج19 ص75).


ئەو زانا موسوڵمانانەی كە ستایشی ئینگلیزیان كردووە
ئەگەرچی دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی ستایشی ئینگلیزی كردووە لەسەر چاكەكانی بەرامبەر موسوڵمانان بەبێ ڕووپایی و بێ زیاد و كەم، جگە لەویش گەورە سەركردەكانی موسوڵمانان و زاناكانیان سوپاس و ستایشی ئینگلیزیان كردووە بەهۆی دادگەری و یەكسانیان لەبەرامبەر ژێردەستەدا و بەخشینی ئازادی ئایینی بەخەڵكی، بەڵكو هەیانە زیادەڕەویی كردووە لە ستایش و هەڵنانی ئەواندا. ئێستاش ئێوەو هەندێ لە وتەكانیان:
یەكەم: شێخ موحەممەد عەبدە دەڵێت:
"هەڵبەت حكومەتی ئینگلیزی تاكە گەلی مەسیحیە كە بەتەواوی لێبوردەیی دەنرخێنێت و ڕێزی لێ دەگرێت، كەواتە بۆمان هەیە بڵێین و نەترسین لە هیچ لۆمەكەرێك كە ئەم ڕەوشتە لە بەرزترین ڕەوشتەكانە كە ناموسوڵمانەكان لە موسوڵمانەكانەوە وەریانگرتووە. ئایا نابینی كە سیستەمیان نزیكە لە سیستەمی ئەو موسوڵمانانەی كە ڕۆژانێك بەڕاستی موسوڵمان بوون ئەوەتا جیاوازی ناكەن لە نێوان ئایینێك و ئایینێكی تردا.". (الإسلام والنصرانیة ص165).
دووەم: ئەبو عەلای مەودودی دەڵێت:
"بێ شك هیندستان خانەی جەنگ بوو، كاتێك ئینگلیز هەوڵیان دا كە دەسەڵاتی ئیسلامی بسڕنەوە لەوێدا، لەوكاتەدا ئەركی سەرشانی موسوڵمانان بوو كە جەنگیان لەگەڵدا بكەن لە پێناوی پارێزگاری كردن لە قەوارەی خۆیان یان كۆچ بكەن لەم دەوڵەتە پاش تێكشكاندنیان لەم هەوڵەدا.... بەڵام ئێستا زاڵ كراون بەسەر كاروباری خۆیاندا هەلومەرجەكە سەقامگیر بووە بۆ حكومەتی بەریتانی، وە موسوڵمانانیش ڕازی بوون كە بمێننەوە لە سایەیدا لەگەڵ كاركردنیان بە ئازادی بەگوێرەی یاسا كەسێتیەكانی خۆیان، ئیتر ئێستا ئەم هەرێمە خانەی جەنگ نیە چونكە یاسا ئیسلامیەكان لێرەدا هەڵنەوەشاونەتەوە، ە موسوڵمانان ڕێگرییان لێ ناكرێت كە بە بڕیارەكانی شەریعەتەكەی خۆیان كاربكەن، وە زۆریان لێ ناكرێت كە بە پێچەوانەكەیەوە كاربكەن لە ژیانی كەسێتی و گوزەرانی كۆمەڵایەتیاندا. لەبەر ئەوە هەرگیز دروست نیە لە ڕووی بنەماكانی یاسای ئیسلامیەوە كە وڵاتێك ئەمە دۆخەكەی بێت بكرێت بەخانەی جەنگ." ("الربا" ص77).
سێهەم: بەڵام (ندوة العلماء)* كە گەورەترین دەزگای ئیسلامیە لە هیندستاندا، ئەو دەزگایەی- كە یەكێك لە زانا بەناوبانگەكانیان لە دژایەتی كردنی ئەحمەدیەتدا شێخ سڵێمانی نەدەویە-كە لە ڕۆژی دامەزراندنەكەیدا ئامانجەكەی خۆی بەم شێوەی خوارەوە ڕاگەیاند:
"لەگەڵ ئەوەی قوتابخانەكەمان توانای داهێنانی كۆمەڵێكی وەهای نیە كە بەكەڵك بێن بۆ دامەزراندن لە كاری دەوڵەتدا، بەڵام ئێمە متمانەمان هەیە كە قوتابخانەكەمان كۆمەڵە پیاوێك دروست دەكات كە دەتوانن ئەم شۆڕشانەی ئیستا دامركێننەوە... پیاوانێك كە زەلیلی لەبەردەم گەورەكان و هاوخەمی بۆ دراوسێ و خۆبەكەزانین بۆ خەڵكی گشتی لە ڕەفتاری ئەوان دەبێت، لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە بەگوێ كردنی حكومەت و ملكەچ بوونیان بۆی.
"..... وە ئێمە دڵنیاین كە موسوڵمانان هەروەك خۆیان داوەتە دەس حكومەتەكەیان، بەهۆی ئەم زانا گەشەكردوانەوە گوێرایەڵی و پەیڕەوییان بۆ حكومەت زیاتر دەبێت. ئێستاش جوانترین سوپاس پێشكەش بە جەنابتان دەكەین كە چاكەتان لەگەڵ ئێمە كرد بە پارچەیەك زەوی بۆ ئەوەی بنەڕەتی قوتابخانەكەمانی لەسەر بنیات بنێین." (مجلة "الندوە" عدد دیسمبر 1908م، ص7)
دیسان دەڵێت:
"ڕاستە ئەم ئەنجومەنە دوورەپەرێزە لە سیاسەت، بەڵام لەبەر ئەوەی كە ئامانجی سەرەكییان دەركردنی زانایانی ڕۆشنگەرە، بۆیە ئەركی سەر شانی ئەم زانایانەیە كە خەڵكی ئاگادار بكەن لە پیت و فەڕەكانی ئەم حكومەتە"حكومەتی ئینگلیزی"و كۆمەڵێك بیرۆكە بڵاوبكەنەوە كە یارمەتی خەڵكی ئەم وڵاتە بدات لەسەر بەئەمەك بوون بۆی." (مجلە الندوە، عدد یولیو 1908م، ص1)
*لەگەڵ ئەوەی ئەم دامەزراوە بەیارمەتی ئینگلیز دامەزرا، وە ئەوانیش بوون كەبەخششێكی داراییان پێشكەش كرد كە ئەم كۆمەڵە مەلا پێی ژیان ئەوانەی كە ئەمڕۆ سنگ دەهێننە پێشەوە وەك ئەوەی گەورەترین دوژمنی ئینگلیز و یەكەم تێكۆشەران بن دژی ئەو. وە حاكمی ئینگلیز لە هيندستان بەردی بناغەی ئەم ئەنجومەنەی دانا، هەروەك خۆیان دانیان بەمەدا ناوە لە گۆڤارەكەی خۆیان"الندوە"دا، كە تێیدا هاتووە: "بێگومان ئەم بۆنەیە بۆنەیەكی بێ وێنەیە بەجۆرێك بەردی بناغەی پەیمانگایەكی ئایینی بەدەستی كەسێكی تر دادەنرێت كە سەر بەئایینێكی ترە، ئەوەتا فەرمانڕەوای شكۆمەندی دەوڵەتی یەكگرتوو ڕازی بوو لەسەر ئەوەی كە خودی خۆی بەردی بناغەی خانەی زانستی ئەنجومەنی زاناكان دابنێت، وە ئەمەش بەئەنجام گەیی لە بەرواری28 ی نۆڤەمبەری ساڵی 1908ی ز دا." (مجلە"الندوە"دیسمبر 1908م، المجلد5 العدد11ص1-2).
لەوانەیە ئەمانە عەقڵیان بەوە شكابێت كە كاتێك موسوڵمانان ئەم هەواڵە دەخوێننەوە خەیاڵ بیانبات بە زۆر ڕێگەی جۆراوجۆردا... وە بیردەكەنەوە لە ئەنجام و ئامانجی دامەزراندنی ئەنجومەنێك كە حاكمی ینگلیزی بەردی بناغەكەی دانابێت... لەبەرئەوە پاساویان هێنایەوە بۆ دانانی بەردی بناغەی ئەم پەیمانگایە بە دەستی ئەو بەوەی كە: دوانگەكەی پێغەمبەریش (صلی الله علیە وسلم) بەدەستی دارتاشێكی گاور دروست كرا." (المرجع السابق ص1-2)
 چوارەم: لەكاتی مردنی شاژنە ڤیكتۆریادا موحەممەد ئیقباڵی شاعیر-كە ئەو ڕۆژە دەوترا ئەو خاوەنی بیرۆكەی دامەزراندنی پاكستانە-بە لاواندنەوەیەكی دوورو درێژ لاواندیەوە، كە تێیدا وتی:
"تابوتی شاژنیان بەرزكردەوە، هەستە سەر پێ ئەی ئیقباڵ بۆ مەزنی ئەو، وە ببە بە تۆزو خۆڵ لەڕێگەی تابوتەكەیدا.
ئەی مانگ، شێوەت وەكو شێوەی مانگی موحەڕڕەم وایە، چی تێدایە ئەگەر تۆمان ناونا موحەڕڕەمێكی تر."
 (واتە جێی سەرسوڕمان نیە كە ئەو مانگەی شاژنی تێدا مرد ناوبنێین مانگی"موحەڕڕەم"، چونكە ڕووداوی كۆچی دوایی شاژن زۆر جیاواز نیە لە ڕوداوی تۆقێنەری شەهیدكرانی گەورەمان ئیمام حوسەین (ڕەزای خوای لێبێت). نەوەی پێغەمبەری بەڕێز (صلی الله علیە وسلن) كە لەمانگی موحەڕڕەمدا ڕوویدا. پاشان دەڵێت:
دەڵێن: ئەمڕۆ ڕۆژی جەژنە. جەژنتان لێ پیرۆز بێت، بەڵام ئێمە مردن باشترە بۆمان لەم جەژنە.
ئەی وڵاتی هیندستان سێبەری خوات لەسەر نەما. بێ بەش بووی لەو كەسەی كە هاوخەم و دڵسۆزی خەڵكەكەت بوو.
ئەو گریانەی كە تەختی خوای ڕەحمان بۆی دێتە لەرزە گریانی ئەو خەڵكەیە بۆ ئەو شاژنە.
وە ئەم تەرمە تەرمی كەسێكە كە جوانی و ڕازاوەیی بوو بۆ تۆ، ئەی وڵاتی هیندستان.
 (باقیات إقبال لعبدالواحد المعینی ص90، 81، 76، 73).
پێنجەم: بەڵام خۆری زاناكان لە هیندستان مەولەوی نەزیر ئەحمەد دەهلەوی، دەربارەی ئینگلیز دەڵێت:
"لەبەرژەوەندی هیندستانە كە فەرمانڕەوایەكی بیانی بیبات بەڕێوە، كە هيندۆسی و موسوڵمان نەبێت. بەڵكو پێویستە یەكێك لە دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوا بێت، وە لەسایەی چاودێری مەزنی خواوە ئینگلیزەكان بوون بە فەرمانڕەوا.
ئایا ئەم حكومەتە ڕەق و توندوتیژە؟ نەخێر، پاشان نەخێر. بەڵكو لە باوك و دایك زیاتر خۆشەویستی هەیە.....
لەوكاتەدا من بە دووربینی زانیاریم دەمڕوانی بۆ كاربەدەستانی هیندستان. هەروەها من بە بیرم گەشتم دەكرد بۆ بۆرما و نیپاڵ و ئەفغانستان، بەڵكو بۆ فارس و میسرو عەرەب، لەم پەڕ بۆ ئەوپەڕی ئەم وڵاتانەدا كەسێكم نەدی كە بەڕێوەبردنی هیندستانی پێ بسپێرم، وە لەو كەسانەی كە دەیان ویست دەست بگرن بەسەر دەسەڵاتدا كەسێم نەبینی شیاوتر بێت لەمان. بۆیە لەو كاتەدا بڕیارم دا كە ئینگلیز لەپێشترن و شیاوترن بە بەڕێوەبردنی هیندستان، وە پێویستە دەسەڵاتدارێتی بەردەوام بێت لەناویاندا." (مجموعە محاچرات مولوی نژیر احمد دهلوی ص 26، 19، 5، 4).
شەشەم: ئیستاش ئێوەو گوتەی دوژمنترینی دوژمنەكانی گەورەمان ئیمام مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) كە بریتیە لە مەولەوی موحەممەد حوسەین بەتالەوی، كە دەڵێت:
"بێگومان فەرمان ڕەوای ڕۆم (واتە فەرمانڕەوای توركی)فەرمانڕەوایەكی موسوڵمانە. بەڵام ئێمەی موسوڵمانان، كەمتر فەخرو شانازی ناكەین بە حكومەتی بەریتانیەوە لە فەخرو شانازی كردنمان بەوانەوە بە لەبەرچاو بوونی چاكی سیستەمەكەی.... بە چاوپۆشین لە ئایین.... هەڵبەت بەتایبەتی تاقمی"اهل الحدیپ" شانازی دەكات لەبەردەم هەموو دەوڵەتە ئیسلامیەكانی ئێستادا چ ڕۆم بێت یان ئێران یان خۆراسان چونكە چێژی وەرگرتووە لە ئاسایش و ئازادی لەلایەن ئەم حكومەتەوە. بەلەبەرچاوبوونی ئاسایش و سەقامگیری و ئازادی گشتی و جوانی سیستەم كە ئەم حكومەتەی پێ ڕازاوەتەوە، تاقمی ئەهلی حەدیس لە هیندستان دایدەنێت بە دەستكەوتێكی مەزن، وە بەلایەوە چاكترە كە ژێردەستەی ئەم بێت لەباتی ئەوەی ژێردەستەی دەوڵەتە ئیسلامیەكان بێت." (مجلە"اشاعە السنە، مجلد 10 ص292-293).

حەوتەم: مەولەوی زەفەر عەلی خان سەرنووسەری ڕۆژنامەی "زمیندار" دەڵێت:
ناكرێت موسوڵمانان گومانی خراپ ببەن بەم حكومەتە (واتە حكومەتی ئینگلیزی) بۆ تەنها ساتێكیش... جا ئەگەر كەسێكی بەدبەخت لەموسوڵمانان زاتی ئەوە بكات كە یاخی بێت لەم حكومەتە ئەوا ئێمە بە ئاشكرا ڕایدەگەیەنین كە ئەو كەسە موسوڵمان نیە." (جریدة "زمیندار"، لاهور 11 نوفمبر 1911م).
پاشان لە جیاتی هەموو موسوڵمانانی هیندستان دەڵێت:
"ئێمە ئامادەین كە بۆ ڕشتنی خوێنی خۆمان بەرامبەر هەموو دڵۆپە ئارەقێك كە دەكەوێتە خوارەوە لە نێوچاوانی پادشای شكۆدارمان كە پەناگەی جیهانە، ئەمەش دۆخی هەموو موسوڵمانانی هیندستانە." (نفس الجریدە، 22نوفمبر 1911م).
پاشان لە یەكێك لە چامەكانیدا دەڵێت، كە ئەم ماناكەیەتی:
"بەو پەڕی ڕێزو نەوازشەوە سەرم نەوی دەبێت كاتێك باسی ئەم پاشا شكۆمەندە دەبیستم، خودی مەزنێتی بەتەواوی شانازی پێوە دەكات، ئەو پاشای وشكانی و دەریایە، خۆزگا شاد ئەبووم بەیەك نیگای خاوەن شكۆ." (مرجع السابق عدد 19 اكتوبر 1911م).
ئەمانە گوتەی زانا موسوڵمانەكانە، وە هەموویان لەو كەسانە بوون كە بەرهەڵستی یان دژایەتی دامەزرێنەری كۆمەڵی ئەحمەدییان (علیە السلام) كردووە، كەچی ئەمڕۆ شوێنكەوتوانیان دێن و دەڵێن كە میرزا نۆكەری ئینگلیز بووە بۆیە ستایشی كردوون، ئەدی بۆچی هەمان قسە ناكەن دەربارەی ئەم مەلایانەی خۆیان، خۆ ئەوانیش ستایشی ئینگلیزیان كردووە؟ ئەم سیاسەتی بانێكەو دوو هەوایە لەبەرچی؟

ئیگلیزەكان بریتین لە دەججالی پەیماندراو
زۆر بە داخەوە كە نەیارەكان دنیایان پڕ كرد لە هەراوهوریاو قڕەقڕ چونكە دامەزرێنەری ئەم كۆمەڵە سوپاسی ئینگلیزی كردووە بەهۆی دادپەروەری و یەكسانیان لە بەڕێوەبردنی ژێردەستەكانیان و دابین كردنی ڕێژەیەكی باش لە ئازادی ئایینی بۆ هاونیشتیمانیان بەبێ جیاوازی. بەڵام دەمی خۆیان داخست و وەكو بەرد بێدەنگ بوون لە باسكردنی ئەوەی كە تەنها ئەو بوو لە ناو هەموو زانا هاوچەرخەكانی خۆیدا بەبەڵگەی ئاشكراو ڕۆشن سەلماندی كە ئینگلیزەكان (مەسیحی دەججالی پەیماندراون)، وە ئەمەی لەبەر چاوی هەموو خەڵكی ڕاگەیاند بەبێ ئەوەی بترسێت لە لۆمەی لۆمەكار.
وە بەڕێزی لە دەستنیشانكردنی دەجال و یەئجوج و مەئجودا دەڵێت:
"بزانن... خوای بەرزوبڵند ڕێنمونیتان بكات.... ئەم دوو ناوە هی نەتەوەیەكن كە گەلەكەیان پەرژو بڵاوبوەتەوە لەم سەردەمەی ئێمەدا كە سەردەمی كۆتاییە و ئەوان لە وەسفدا هاوبەشن. كە ئەو دوانەش گەلی ڕووس و گەلی بەریتانی و براكانیانە. وە دەجال تیایاندا كۆمەڵێك قەشە و بانگكەرانی ئینجیلن كە ڕەوا و ناڕەوا تێكەڵ دەكەن و درۆ و دەلەسە دەكەن." (مرآت كمالات الإسلام، الخزائن الروحانیە ج5 ص459-460).
وە بەڕێزی بەڕاشكاوی دەڵێت:
"كێ هەیە بڕی ئەو زیانانە كە گەیەنراوە بە ئیسلام لەسەر دەستی ئەم خەڵكانەدا، وە ئەندازەی ئەوەی كە كوشتویانە لە حەقق و دادپەروەری، وە مەودای ئەوەی كە تێكیان داوە و ئەوەی هێناویانە لە خراپەكاریەكان نەزانێت؟ بزانن ئەم هەموو ئاژاوانە شوێنەوارێكیان نەبوو كە باسبكرێت پێش سەدەی 13 ی كۆچی. بەڵام ئەم سەدەیە نەگەشتە نیوە و زیاتری مەگەر ئەم تاقمە دەجالە سەری هەڵدا، وە دەستی كرد بە پێش كەوتن هەتاكو ژمارەی بەگاوربوەكان لە كۆتاییەكانی ئەم سەدەیەدا تەنها لە هیندستاندا گەیشتە زیاتر لە نیو ملیۆن كەس بە گوێرەی قسەی قەشە (هیكر)كە مەزەندەی كردووە لە هەموو 12 ساڵێكدا سەد هەزار كەس بچێتە ناو مەسیحیەتەوە كە هاوار بكەن لە بەندەی لاواز (مەسیح): ئەی پەروەردگاری خوای ئێمە."
وە شاراوە نیە لەكەسانی خاوەن زانست كە قەشەكان زاڵ بوون بەسەر تاقمێكی گەورە لە موسوڵمانان، یان بە دەربڕینێكی تر زاڵ بوون بەسەر تاقمێكی گەورە لە ناكەس بەچەكانی ئیسلام، كە سك بەتاڵ و بێ بەرگ بوون، بەوەی كە خۆیان پیشاندان بە كولێرە و جل و بەرگەوە، وە ئەوكەسەیان بە كولێرەكەیان نەكەوتایەتە تەماعەوە بە ئافرەتەكانیان تاقیان دەكردەوە، وە ئەو كەسەی لەم داوە ڕزگاری بوایە لە ڕێگەی فەلسەفەی بێ بڕوایی و گومڕاكەرەوە بۆی دەهاتن، هەزارەها مناڵی تازەپێگەشتووی موسوڵمانان بوونە نێچیری ئەم فەلسەفەیە، ئەوانەی كە پێدەكەنن بە نوێژ، وە گاڵتە دەكەن بە ڕۆژوو، وە لە دیدی ئەواندا وەحی و ئیلهام خەوی تێكەڵ پێكەڵ و داڵغە لێدانە.
بۆ ئەو كەسانەی كە دەسكورت و لێنەهاتوو بوون لە توێژینەوەی فەلسەفەدا كۆمەڵە چیرۆكێكی ساختەی زۆریان نووسی و بڵاویان كردەوە، كە هەمووی قسەی پروپوچی قەشەكان بوو. لەم چیرۆكانەدا بە شێوازی نووسینی ڕۆمان دەیانخوێند لە ئیسلام، وە كتێبگەلێكی بێ ئەندازەیان دانا بۆ تانەدان لە ئیسلام و بەدرۆزانینی گەورەی مەردومان و گەورە و سەروەرمان موحەممەد (صلی الله علیە وسلم)، بە خۆڕایی دابەشیان دەكرد بەسەر خەڵكیدا، وە زۆربەی ئەم كتێبانە وەرگیڕدران بۆ زۆربەی زمانەكان و بڵاویان كردنەوە لە هەمو و دنیادا.... وە لەماوەی 21 ساڵدا زیاتر لە حەفتا ملیۆن كتێبیان دابەشكرد بۆ بڵاوكردنەوەی بیرۆكەكانیان كە پڕ بوون لە زمانبازی و چەواشەكاری. هەموو ئەمانە بۆ ئەوە بوو كە موسوڵمانان لە ئیسلام جیا بكەنەوە، بۆ ئەوەی باوەڕ بهێنن بە خوایەتی مەسیح. كەوابوو گەورەیی بۆ خوا!ئەگەر ئەمانە بە گوێرەی تێڕوانیی نەتەوەكەمان دەجالی پەیماندراوی پلە یەك نەبن، وە ئەگەر هیچ پێویستیەك نەبینن بۆ مەسیحی ڕاستەقینە بۆ دەمكوت كردنیان ئەوا ئەبێت ئەم نەتەوەیە چ دۆخێكی هەبێت؟" (إزالة أوهام، الخزائن الروحانیە ج3 ص364-365).
دەی ئایا ڕێی تێدەچێت پیاوێك ئینگلیز چاندبێتی-هەروەك دوژمنەكانی لاف و گەزافی ئەوە لێ دەدەن-هەستێت بە ڕەخنەگرتن لە ئینگلیز و قەشە و مژدەدەرەكانی بەو شێوازەی كە شایستە بێت بە كردەوە نزم و سوكەكانیان. لە كاتێدا تاقمی دووەم دەبیستێت و بێ دەنگ دەبێت؟

نەیارەكانی (علیە السلام)بەوە تۆمەتباریان كردووە كە مەترسی بێت بۆ سەر ئینگلیز!
 ئەو بابەتەی كە زۆر سەیر و سەمەرەیە ئەوەیە كە مەلا نەیارەكان لەلایەكەوە هەستی موسوڵمانان دەبزوێنن دژی گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام)بەوەی كە دەڵێن ستایشی ئینگلیز دەكات، لەلایەكی ترەوە بەردەوام خۆیان بەكۆمەڵە وشەیەك ستایشی ئینگلیز دەكەن كە هەندێكیانمان باسكرد، وە لەڕووی سێهەمەوە لەلای حكومەتی ئینگلیز بەخراپە باسی بەڕێزیان كردووە بە ئاشكرا و نهێنی بەوەی كە ئەم پیاوە مەترسیەكی گەورە پێكدەهێنێت لەسەر دەسەڵاتەكەیان و پێویستە لەسەریان كە بە قسەكانی دەسخەڕۆ نەبن كاتێك بانگەشەی ئەوە دەكات كە مەهدیە. ئەو مەهدیەكی خوێنڕێژە هەستاوە بۆ تەفروتوناكردنی شانشینەكەیان!وە لەخوارەوە دووبڕگە وەردەگرین لە قسەی دوانیان لەم بارەوە:
یەكەم: شێخ موحەممەد حوسەین بەتالەوی لە گۆڤارەكەی خۆی (إشاعة السنة)دا بە ئاگاداركردنەوەی حكومەتی ئینگلیز لە دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی، ئەمەی خوارەوەی نووسیوە:
"ئەوەی كە بەڵگەیە لەسەر فێڵبازیەكەی ئەوەیە كە لە ناخی دڵیەوە باوەڕی هەیە بە لەناوبردنی هەموو حكومەتێكی نا ئیسلامی و حەڵاڵ كردنی ماڵ و سامانی ئەو حكومەتە. لەبەرئەوە پێویستە حكومەت بەم كەسە فریو نەخوات، بەڵكو پێویستە لەسەری كە ئاگاداری بێت، ئەگینا دەترسین كە ئەم مەهدیە قادیانیە زیانگەلێكی وەها بدات لەم حكومەتە كە مەهدی سۆدانی نەیتوانیبێت لێی بدات." (مجلة "إشاعة السنة" ج16 ص4 عام 1893م).
دووەم: مونشی موحەممەد عەبدوڵا ئاگاداری ئینگلیزی كردوەتەوە لە بەڕێزی (علیە السلام) و پێیان دەڵێت:
"ئەم پیاوە هانی شوێنكەوتوانی دەدات بۆ شەڕكردن لەگەڵ ئەم حكومەتەدا بە هێنانەوەی ئایەتەقورئانیەكان وەكو بەڵگە." (شهادت قرآنی، ص20).
لە ڕاستیدا خەڵكی زۆر كاریگەر بوون بەم پڕوپاگەندە پووچە شێتانەیە، وە یەكێك لەو كەسانەی كە كاریگەر بوون سەرنووسەری ڕۆژنامەی ( civil and military gazette)بوو، -كە بریتی بوو لە گەورەترین ڕۆژنامە كە بە زمانی ئینگلیزی دەردەچوو، وە بە زمان حاڵی ئینگلیز دادەنرا و گوزارشتی لە سیاسەتەكانی ئەو دەكرد لە پەنجابدا-لەیەكیك لە سەروتارەكانیدا بابەتێكی بڵاوكردەوە كە فەرمانڕەوایانی ئینگلیزی وروژاند دژی گەورەمان ئەحمەد (علیە السلام) وەك ئاگاداركردنەوەیەك بەوەی كە پیاوێكی زۆر مەترسیدارە، وە پێویستە دەسخەڕۆ نەبن بەو قسە و ڕوونكردنەوانەی كە بانگەشە بۆ ئاشتی و تەبایی دەكەن، ئەگینا حكومەتەكەیان لەناو دەبات.
وە لەڕاستیدا هەموو ئەم درۆ و دەلەسە و پاشملەباسكردن و سكاڵایانە بوو كە پاڵی نا بە دامەزرێنەری ئەم كۆمەڵەوە (علیە السلام) كە ناوبەناو لەمەڕ ئەم بابەتە بنووسێت بۆ لێكدانەوەی هەڵوێستی خۆی بۆ حكومەت و ڕوونكردنەوەی بیروباوەڕەكانی لەم بارەوە.
كاتێك دامەزرێنەری كۆمەڵ (علیە السلام) ستایشی ئینگلیزی كردووە لەسەر ئەو چاكەو پیاوەتیانەی كە كردوویانە لەگەڵ هەمو موسوڵماناندا مەلاكان بەوە تۆمەتباریان كرد كە چناوی ئینگلیزە سەرەڕای ئەوەی كە ئەو ئەركی ئایینی خۆی جێبەجێ كردووە بە پەیڕەوكردن لەو فەرموودە پیرۆزەی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) كە دەفەرموێت: "ئەو كەسەی سوپاسی خەڵكی نەكات سوپاسی خوایش ناكات". وە كاتێك دامەزرێنەری كۆمەڵ (علیە السلام) سەرزەنشتی ئینگلیز دەكات بەهۆی بیروباوەڕە هەڵەكانیان و بەهۆی هەڵمەتی بە نەصڕانی كردن كە قەشەكان پێی هەستان لە هیندستاندا لە ژێر چەتری حكومەتی ئینگلیزیدا، مەلاكان لەلای حكومەت بە خراپە باسیان كرد و وتیان: ئەم كابرایە گەورەترین دوژمنە بۆ حكومەت و دەیەوێت لەناوی بەرێت.
ئێستایش ئەو پرسیارەی كە دێتە گۆڕێ بریتیە لەوەی: كام لەم دوو كردارە ڕەوایە؟ ئایا ئەوەی كە مەلاكان كردویانە یان ئەوەی كە دامەزرێنەری ئەم كۆمەڵە (علیە السلام) پێی هەستاوە؟

ئینگلیزەكان دامەزرێنەری ئەم كۆمەڵەیان بە دوژمنی خۆیان دادەنا
بێگومان ئینگلیز رقیان لە دامەزرێنەری كۆمەڵی ئەحمەدی (علیە السلام) دەبویەوە بەهۆی بانگەشەكردنی مەهدیایەتی، پاشان بەهۆی بەرگری كردنی مەزنی لە ئیسلام و پەلاماری توندوتیژی بۆسەر بیروباوەڕە پوچەكانی مەسیحیەت و بەرپەرچدانەوەی مژدەدەر و قەشەكانیان و دواجار بەهۆی وەستاندنی لافاوی بەتەوژمی مەسیحیەت لە هيندستاندا، لەكاتێكدا ئەوان خەویان دەبینی بە بەگاوركردنی هەموو هيندستان و ملكەچ كردنی گەلەكەی بۆ هەتاهەتایە*. وە پۆلیسی ئینگلیزی چاودێری دەكرد و بەدواداچونی دەكرد بۆ چالاكی خۆی و كۆمەڵەكەی، ئەمەش دوای ئەو چاوپێكەوتنەی كە ڕوویدا لە نێوان بەڕێزی و كابرای بەگاوربوو (عبدالله ێپم)دا كە یەكێك
 *وە ئەوەی كە پەیوەستە بە خۆزگە و ئارەزووەكانی حكومەتی ئینلیزی بۆ بڵاوكردنەوەی دینی مەسیحیەت لە هيندستاندا لە فراوانترین بازنەدا بۆ جێگیركردنی پایەكانی دەسەڵاتی خۆی لەوێدا، ئەوە دەهێنینەوە كە خاوەنی كتێبی (The missions) لە خوارەوە یاداشتی كردووە:
"Lord Palmerston, the Prime Minister, and Sir Charles Wood, the Minister of State for India, were receiving a deputation on the subject of Education in 1862, which was introduced by the Archbishop of Canterbury, and consisted of members of both houses of Legislature, of men of high positions in various professions and the representatives of missionary societies of all denominations. Sir Charles Wood spontaneously acknowledged to the deputation that " ... Every additional Christian in India is an additional bond of union with England, and an additional source of strength to the Empire." -
"And," Lord Palmerston added, "I think we are all agreed as to the end. It is not only our duty, but it is our interest, to promote the diffusion of Christianity, as for as possible, throughout the whole length and breadth of India."
In Lord Lawrence's Life, vol. ii. p. 313, he (Lord L.) gives it as his opinion that "nothing will more easily conduce to the strength of our power in India then the spread of Christianity."
واتە: لە ساڵی 1862 ز داسەرۆك وەزیران لۆرد بامرستۆن و وەزیری كاروباری هيندستان و بەڕێز چارلس ود پێشوازیان كرد لە شاندێك كە پێكهاتبون لە ئەندامە دیارەكانی ئەنجومەنی یاسادانان و نوێنەری كۆمەڵە تەبشیریەكان لە تاقمە جیاوازەكانی مەسیحیەت، چارلس ود بەشێوەیەكی خۆرەس پێیان دەڵێت:
"هەڵبەت هەر كەسێكی تازە كە دێتەناو دینی مەسیحیەتەوە لە هيندستان بریتیە لە پەیوەندێكی تازە بۆ یەكگرتن لەگەڵ ئینگلتەرادا، وە هۆكارێكی نوێ زیاد دەكات بۆ هێزی ئیمپراتۆریەت. وە لەسەری دەڕوات و دەڵێت: "پێموایە ئێمە هەموومان لەسەر ئەوە هاوڕاین كە ئەركی سەرشانمان نیە بەتەنها بەڵكو بەرژەوەندیمان ئەوە دەخوازێت كە بە هەموو توانایەكمانەوە پرۆژەی بڵاوكردنەوەی مەسیحیەت لە هندستاندا لەمپەڕی وڵات بۆ ئەوپەڕی وڵات سەربخەین."
وە لە كتێبی "حیاة لورد لارنس" (بەرگی 2 لا 313) لۆرد ئیل هەستی خۆی بەم شێوەیە باس دەكات:
"هیچ شتێك بە ئەندازەی بڵاوبوونەوەی مەسیحیەت بە ئاسانی یارمەتی سەركەوتنی هێزەكانمان نادات لە هندستاندا."
 (The missions by: rev، Robert clark. M. A. published by: London Church Missionary Society Salisbury Squre، E.C.1904)
وە لە ساڵی 1897ز دا قەشەی بەناوبانگ دكتۆر جان هنری بیرۆز لە وڵاتەیەكگرتووەكانەوە بانگ كرا بۆ هيندستان، وە تێیدا كۆمەڵە وتارێكی زۆری دا لە میانەی گەشتە گەردەلوول ئاساكەیەوە، كە بە شێوازێكی خۆش و بەتام لەم وتارانەدا باسی مەملەكەتی مەسیحیەت و هەژموون و هێزوتواناكەی دەكرد بە تایبەتی لە وڵاتە ئیسلامیەكاندا، كە دەڵێت:
"I might sketch tge movement in Musulman lands، which has touched with theradiance of the Gross the Lebanon and Persian mountains، as well as the water of the basphorus، and which is the sure harbinger of the day when Cairo and Damauscus and Tehran shall be servants of Jesus، and when even the solicitudes of Arabia shall be pierced، and Christ، in the person of His disciples، shall enter the Kaaba of Mecca and the whole truth shall at last be there spoken 'This is eternal life that they might know thee، the only true God، and Jesus Christ whom thou hast sent."
لە ئێستادا پێم خۆشە لەبارەی سەركەوتنی دینی مسحیەتەوە قسەبكەم. بەهۆی ئەم سەركەوتنەوە، لەلایەكەوە لوبنان دەدرەوشێتەوە بەهۆی پرشنگ و درەوشانەوەی خاچەوە، وە لەلایەكی ترەوە بەهۆی نوورەكەیەوە شاخەكانی فارس و ئاوی بسفۆرس دەدرەوشێتەوە، وە ئەم هەلومەرجە بەدڵنیاییەوە پێشەكیەكە بۆ ئەو وەرچەرخانە مەزنەی كاتێك شارەكانی قاهیرە و دیمەشق و تاران دەبن بە خزمەتكاری پەروەردگار یەسوعی مەسیح، وە كاتێك دورگەی عەرەب دڕ بە بێدەنگیەكەی خۆی دەدات بۆئەوەی مەسیح لەسەر شێوەی حەواریەكانی بچێتە ناو كەعبەوە لە مەككە. وە لە كۆتاییدا لەوێدا ڕاگەیاندنی حەقی كامڵ بە ئەنجام دەگات كە: "ژیانی هەتاهەتایی ئەوەیە ئەی خوای تاقانە كە تۆ و یەسوعی مەسیح بناسن كە خۆت ڕەوانەت كردووە."
)Barrows Lectures 1896-97By: John Henry Barrows. published by: the Christian Literature Society for India. Madras India 1897.)
بوو لەسەركردە مەسیحیەكان.* وە ڕۆژنامەی (civil and military gazette) دانی بەمەدا ناوە لە وتارێكی درێژی خۆیدا دژی دامەزرێنەری كۆمەڵی ئەحمەدی (علیە السلام) لە ژێر ناونیشانی: "مجنون دینی مخیف"، كە دەڵێت:
"هەڵبەت لە پەنجابدا شێتێكی ئایینی سامناك هەیە كە بەناوبانگە، ئێستا لە هەرێمی گورداسبوردا نیشتەجێیە، وە خۆی بە موسوڵمان دادەنێت و بانگەشەی ئەوە دەكات كە خۆی مەسیحی بەڵێندراوە... وە ئەم كەسە كە بەهۆی دینەكەی خۆیەوە شێت و هەڵەشە بووە ئەمڕۆ لە ژێر چاودێری پۆلیسدایە... بێگومان مەلای قادیانی ساڵانێكە بەردەوام لەژێر چاودێری ئێمەدایە، وە ئێمە پشتگیری ئەو بۆچوونە یاداشتكراوەی سەرەوە دەكەین بە پشت بەستن بە زانیاریە تایبەتیەكانمان دەربارە ئەم كەسایەتیە و كردەوەكانی. وە ئەو-وەك دەبینین- ڕۆژ بە ڕۆژ هێزو توانای زیاد دەكات، وە لەداهاتویەكی نزیكدا ناچارمان دەكات بە گرنگیەكی زیاترەوە ئاوڕی لێ بدەینەوە." (العدد الصادر فی 24 أكتوبر 1894م).
ئەمە هەمووی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە حكومەت گومانی هەبووە لە كارەكەی (علیە السلام)، وە لە ترسی ئەو دڵی داخورپاوە، وە چاوەڕوانی مەترسیەكی لێ كردووە وەك ئەو مەترسیەی كە گرفتاری بوو بەدەستی مەهدی سۆدانیەوە.
دەی ئایا ئەمە دۆخی پیاوێكە كە دوژمنەكانی بانگەشەی ئەوە دەكەن گوایە حكومەتی ئینگلیزی دایمەزراندووە بۆ چەسپاندنی بەرژەوەندیە دوژمنكارانەكانی خۆی؟ ئایا ژیری راست و دروست ئەوە پەسەند دەكات كە ئەو كەسەی (ئینگلیز ناشتبێتی) هەروەك دوژمنەكانی ئەم كۆمەڵە بانگەشەی دەكەن، لە ژێر چاودێری پۆلیسدا بێت بۆ ئاگاداربوون لە هەڵسوكەوتەكانی، وە بەڕادەیەك قەشە مەسیحیەكان ڕقیان لێی بێت كە تۆمەتباری بكەن لە دادگاكاندا بەوەی كە پیلانی گێڕاوە بۆ ئەنجامدانی تاوانی كوشتن، وەك ئامادەكاریەك بۆ قوتاربوون لێی و فڕێدانی بۆ ناو تاریكایی زیندانەكان؟ گەلۆ، ئایا پیاوێكی كامڵتان تێدا نیە؟
*پێشتر بە درێژی باسی ئەم چاوپێكەوتنە كراوە.

تۆڵەسەندنەوەی خوایی
وە لە كارە سەیر و سەمەرەكانی چارەنووسی خوایی ئەوە بوو كە خوای بەرزوبڵند تۆڵەی كردەوە بۆ ئەحمەدیەت و لە زمانی دوژمنەكانیەوە ڕاستی دەرخست بە جۆرێك ئەم تاقمە ئیسلامیانە هەمان تۆمەتیان ئاڵوگۆڕ كرد لە نێوان خۆیاندا و هەندێكیان هەندێكی تریان ناونا (نەمامی ئینگلیز)، ئەوەتا لە گۆڤاری (جتان)ی ئوردوییدا لەمەڕ بریلویەكان ئەمەی خوارەوە هاتووە:
"ئەمانە ئەو فەتوایان داوە كە ئینگلیزەكان خاوەن فەرمانن، وە هيندستان خانەی ئاشتیە، پاشان ئەم نەمامە كە ئینگلیز چاندبوی لەدوای چەند ڕۆژێك وەرچەرخا بۆ بزووتنەوەیەكی ئایینی." (مجلة "جتان" لاهور 15 أكتوبر 1963م).
وە ڕۆژنامەی (طوفان)ی ئوردویی سەبارەت بە وەهابیەكان نووسیویەتی:
"بەوپەڕی فێڵ و تەڵەكەبازیەوە ئینگلیز نەمامی بزوتنەوەی نەجدی (واتە وەههابی) ڕواند لە هيندستاندا، وە ئینگلیزەكان خۆیان سەرپەرشتی و چاودێری دەكەن تاوەكو گەشەو پەرەسەندنەكەی تەواو بكات." (مجلة "طُوفان" الباكستانیة نوفمبر 1962م).

دامەزرێنەری كۆمەڵی ئەحمەدی شاژنە ڤیكتۆریا بانگ دەكات بۆ ئیسلام:
لەڕاستیدا دامەزرێنەری كۆمەڵی ئەحمەدی بەڕێگەی ڕاستدا ڕۆیشت، وە بەهەموو ئازایەتیەكەوە بە ڕەوای ووت ڕەوا، وە بە ناڕەوایشی ووت ناڕەوا بەبێ ترسان لە لۆمەی لۆمەكاران. وە بەڵگەش لەسەر ئەمە ئەوەیە كە بە شاژنە ڤیكتۆریا شاژنی بەریتانیای مەزنی ووت كە لەسەر هەڵەیە لەو بابەتەدا كە پەیوەستە بە ئایینەوە، وە پێویستە لەسەری كە تۆبە بكات و بێتە ناو ئیسلامەوە. كە لە نامەیەكی درێژدا دەفەرموێت:
"ئەی شاژنە میهرەبانە شكۆمەندەكە، پێم سەیرە (واتە سەرم سوڕماوە) كە تۆ لەگەڵ چاكەی تەواوەتی و زانست و بەرچاوڕوونیت لە ناسینی شتەكاندا نكۆڵی دەكەیت لە دینی ئیسلام، سەرنجی نادەیت بەو چاوەی كە سەرنجی پێ دەدەیت لە كاروبارە مەزنەكان. تۆ لە شەوی تاریك و نوتەكدا چاوت بینی، وا ئێستا خۆر دەركەوت، چیتە لەم چێشتەنگاوەدا چاوت نابینێت؟
ئەی شاژنە میهرەبانەكە بێگومان چاكەیەكی مەزنی خوات لەسەرە لە نیعمەتە دنیاییەكاندا، كەوابوو ئێستە ئارەزووی قەڵەمڕەوی ئاخیرەت بكە، تۆبە بكەو گوێڕایەڵی پەروەردگاری تاكانە بكە كە كوڕێكی هەڵنەبژاردووە بۆ خۆی و لە پاشایەتیدا هاوبەشێكی نیە و زۆر بەگەورەی بگرە. ئایا جگە لەو خواگەلێك بۆ خۆتان هەڵدەبژێرن كە ناتوانن هیچ شتێك دروست بكەن و خۆیشیان دروست دەكرێن؟ وە ئەگەر تۆ بەگومانی لە ئیسلام ئەوا من ئامادەم بۆ پیشاندانی نیشانەكانی ڕاستی ئەو دینە......
ئەی شاژن، تۆبە بكە، تۆبە بكە، گوێم لێ بگرە، گوێم لێ بگرە... ئەی شاژنی زەوی موسوڵمان بە سەلامەت دەبیت." (مرآت كمالات الإسلام، الخزائن الروحانیة ج5 ص530-534).
ئەمەیە جیاوازی نێوان دامەزرێنەری كۆمەڵی ئەحمەدی (علیە السلام) لەگەڵ مەلاكانی تردا. هەڵبەت ئەو (علیە السلام) مافی هەموو شتێك دەدات، ئەوەتا سوپاسی ئینگلیز دەكات لەسەر ئەو شتەی كە مافی خۆیانە سوپاسیان بكرێت لەسەری*، وە سەرزەنشتیان دەكات لەسەر ئەوەی كە پێویستە سەرزەنشتیان بكرێت لەسەری. بەڵام مەلاكان نەیانتوانی ئەمە بكەن، تەنانەت شتی وا بە مێشكیشیاندا نەهات، چونكە ئەوان بەم ئازایەتیە ئیمانیە و بەم غیرەتە ڕاستە لەسەر ئیسلام خۆیان نەڕازاندبوەوە. بەڵام ئەو كەسەی ئەم ئەركە ئایینیەی جێبەجێ كرد ئەوان بە كۆمەڵێ تۆمەتی ناشیرین تۆمەتباریان كرد.
*شایانی باسە كە دامەزرێنەری كۆمەڵی ئەحمەدی (علیە السلام) سوپاسی ئینگلیزی كردووە كاتێك وڵاتیان بەڕێوەبردووە بە دادگەری و بێ جیاوازی كردن لە نێوان هيندۆس و موسوڵمانان ونەتەوەكانی جگەلەواندا، بەڵام كاتێك وازیان لە دادگەری هێنا و لەگەڵ هيندۆسەكاندا دەستیان كرد بە پیلان گێڕان دژی موسوڵمانان، كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی و لە ڕیزی یەكەمدا بوو بۆ بەرگری كردن لە مافی موسوڵمانان، وە پشتگیری دامەزرێنەری پاكستان"موحەممەد عەلی جەناح" (سەركردەی هەرەمەزن)ی كرد، وە ئەوەی لە تونایدا بوو لەم ڕێگەیەدا پێشكەشی كرد، لەكاتێكدا زۆربەی ئەو مەلایانەی كەنەیاری كۆمەڵەكەمان بوون دژی وێستان لە ناویاندا مەودودی، و حیزبی ئەحرار و جگەلەوانیش بە هاوپەیمانی لەگەڵ هيندۆسەكاندا دژی موحەممەد عەلی جەناح و دژی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی، وە موحممەد عەلی جەناحیان ناونا كافری هەرەگەورە لە جیاتی سەركردەی هەرەگەورە، وە پاكستان (واتە وڵاتی پاكوخاوێنەكان)یان ناونا بلیدستان (واتە وڵاتی پیسەكان)، بەڵام هەركە دەوڵەتێك دامەزرا بۆ موسوڵمانان بەناوی پاكستانەوە، ئەو مەلایانەی كە تا دوێنێ بوو دژایەتیان دەكرد ناچاربوون كە بگوێزنەوە بۆ پاكستان، و دەستیان كرد بە تۆمەتباركردنی ئەحمەدیەت بە خیانەت و نۆكەری كردن بۆ ئینگلیز!بەڵام خودی دامەزرێنەری ئەم دەوڵەتە ئەو قوربانیانەی لەبیر نەكرد كە ئەم كۆمەڵە پێشكەشی كردن لەم پێناوەدا، بۆیە ئەویش بەڕێز موحەممەد زەفەروڵڵا خانی، ڕۆڵەی چاكەكاری ئەحمەدیەت، هەڵبژارد بۆئەوەی ببێتە یەكەم وەزیری دەرەوەی دەوڵەتە تازە لەدایك بووەكە.

پرسیارێك بۆ نەیارەكانی كۆمەڵی ئەحمەدی
هەڵبەت ئەو تێكۆشانە مەزنەی كە دامەزرێنەری كۆمەڵی ئەحمەدی (علیە السلام) پێی هەستا دژی قەشەكان موسوڵمانە بەویژدانەكان دانیان پێدا ناوە و زۆر بەچاكی ستایشیان كردووە. وە لە كاتێكدا گەورەمان ئەحمەد كۆچی دوایی كرد ئەبو كەلامی ئازاد كە زانایەكی بەناوبانگە لە ڕۆژنامەی"وكیل"دا لە لاواندنەوەی ئەودا (علیە السلام) وتی:
"دیارە مەزنی میرزای بەڕێز-سەرەڕا بوونی جیاوازی زۆر توند دەربارەی هەندێ لە بیروباوەڕ و بانگەشەكانی-موسوڵمانان، بەڵێ موسوڵمانانی بیرتیژو ڕۆشنگەری وەها لێ كرد كە لە كاتی كۆچی دوایی ئەودا هەست بكەن كە پیاوێكی مەزن لە خۆیان بەجێی هێشتن... ئەم بەرگریە مەزنە كاریگەری پەلاماری مەسیحیەكانی تێكشكاند كە لە ڕاستیدا هێزێكی ئایینی مەسیحی بوو كە مەسیحیەت بەدەستی هێنابوو لە ژێر چەتری حكومەتی ئینگلیزیدا. ئابەم شێوەیە هەزارەها لە موسوڵمانان بەڵكو سەدان هەزاریان ڕزگاریان بوو لە هێرشی مەسیحیەت كە مەترسیەكی نزیكی زۆر قورسی پێكدەهێنا. بەم شێَوەیە خودی سیحری مەسیحیەت لە هەوادا بوو بەهەڵم وەكو دووكەڵ. بێگومان بەڕێزی شێوازی بەرگریكردنی گۆڕی و بەزیوی كرد بە سەركەوتوو." (جریدة "وكیل" أمرستار، یونیو 1908م).
وە میرزا حیرەت دەهلەوەی بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی"كرزن غزت"لە ژمارەی ڕۆژی 11/6/1908 ز دا وتارێكی نووسیوە كە تێیدا هاتووە:
"ئەو ڕاژە مەزنانەی كە خوالێخۆش بوو جێبەجێی كرد بۆ ئیسلام لە ڕوبەڕوبونەوەی ئاریای هيندۆس و مەسیحیەكاندا لە ڕاستیدا شایانی ڕێزێكی گەورەیە... نەك تەنها لەبەر ئەوەی كە بابایەكی موسوڵمانم بەڵكو بەو سیفەتەی كە توێژەریشم، دانی پێدا دەنێم كە لە توانای هیچ كەسێك لە ئاریا و قەشەكاندا نەبوو كە ڕوبەڕوی خوالێخۆشبوو بێتەوە. وە ئەوە كتێبە دانسقانەی كە داینان لە بەرپەرچی مەسیحیەت و ئاریادا، وە ئەو وەڵامە دەمكوتكەرانەی كە ئاراستەی نەیارەكانی ئیسلامی كرد، تاكو ئێستا كەسێكمان نەبینی كە بتوانێت وەڵامێكی بەجێ و گونجاویان لەسەر بنووسێت."
وە مەولەوی زەفەر عەلی خان (یەكێك لە دوژمنە سەرسەختەكانی ئەحمەدیەت)دانی پێداناوە كە:
"بەڕێز میرزا بەو پەڕی لێهاتووییەوە بەرهەڵستی كرد لە هێرشەكانی ئایینی هيندۆسی و مەسیحیەت، وە كۆمەڵە كتێبێكی زۆر بەنرخی دانا دژی ئاریاو مەسیحیەكان وەك (سرمە جشم ئاریا"و"جشمە مسیحی". (جریدة زمیندار، العدد 12 سبتمبر 1923م).
وە مەولەوەی موحەممەدی نەخشبەندی جەشتی ئەمەی خوارەوەی نووسیوە:
"لەو ڕۆژانەدا قەشە لیفرای لە ئینگلتەراوە هات بۆ هيندستان بە هاوڕێیەتی كۆمەڵێكی گەورە لە قەشەكان، وە سوێندی خوارد كە لە ڕۆژانێكی كەمدا هەموو هيندستان بكات بە گاوور. وە لەسایەی سامانێكی قەبە و پەیمانگەلێكی جەخت لێكراو لەلایەن ئینگلیزەوە بەوەی كە هاوكاری دارایی دەكەن بوومەلەرزەیەكی دروست كرد لە هەموو لایەكی هيندستاندا. وە ئەم قەشەیە لە باوەڕی ژیانی مەسیح عیسا (علیە السلام) لە ئاسماندا بە جەستە مادیەكەیەوە و لە بوونی پێغەمبەرە بەڕێزەكانی تری جگەلەو بەمردوویی لە ژێرخاكدا بە ئەسپەردەكراوی چەكێكی بڕندەی دروستكرد دژی خەڵكی ئاسایی. لەبەر ئەوە شێخ غولام ئەحمەدی قادیانی هەستا بۆ بەرهەڵستی كردنی ئەم تاقمە و گوتی: لەڕاستیدا ئەو عیسایەی كە قسەی لەبارەوە دەكەن مردووە و ئەسپەردە كراوە وەكو مرۆڤەكانی جگە لە خۆی. بەڵام ئەو عیسایەی كەبەڵێندراوە بەهاتنی ئەوە منم. بۆیە باوەڕم پێ بكەن ئەگەر ئێوە لە مرۆڤە بەختیارەكانن. ئا بەم شارەزاییە تەنگی هەڵچنی بە قەشە لیفرای و تاقمەكەی تەنانەت گران بوو بۆی كەلەدەستی ڕزگاری بێت، وە بەم بەڵگەیە شكستێكی خراپی هێنا بەسەر قەشەكاندا لە هيندستانەوە بۆ ئینگلتەرا." (مقدمة النقشبندیة للترجمة الأردیة لمعاني القرآن الكریم ص30).
 ئێستاش پرسیار دەكەین لەو نەیارانەی كە كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی تۆمەتبار دەكەن بەوەی كە چناوێكی ئینگلیزە.... ئەگەر بەگوێرەی خەیاڵی ئێوە دامەزرێنەری كۆمەڵی ئەحمەدی لەلایەن ئینگلیزەوە ڕاست كراوەتەوە، چۆن توانی ئەو هێزە جادووییە تێكبشكێنێت كە مەسیحیەت بەدەستی هێنابوو لە ژێر سێبەری حكومەتی ئینگلیزیدا؟ وە چۆن جادووی مەسیحیەتی كرد بە هەڵم لە هەوادا؟ وە چۆن بێدەنگ و خەفەی كردن؟ وە چۆن هەموو قەشەكانی هەر لە ئینگلتەراوە بۆ هيندستان بەخراپی تێكشكان؟ وە بۆچی زانا هاوچەرخە موسوڵمانەكانی جگەلەو لەم كارەدا شكستیان خوارد؟ ئایا خوا توانای دا بە سیخوڕێكی ئینگلیز بۆ ئەو بەرگری كردنە مەزنە لە كرۆكی ئیسلام و ئەو هێزەی نەبەخشیە ئەو كەسانەی كە خۆیان بە گەورەترین داكۆكیكار لە چوارچێوەی ئیسلام دادەنا؟

نەمامی خوای خاوەن پادشایەتی بەدەسەڵاتی سوپاسكراوە
پوختەی قسە، دامەزرێنەری كۆمەڵی ئەحمەدی (علیە السلام) نەمامی ڕوێنراوی دەستی ئینگلیز و جگە لە ئینگلیزیش نەبوو، بەڵكو نەمامێكی ئاسمانی بوو كە خوای گەورە بەدەستی خۆی چاندی.
بەڕێزی (علیە السلام) دەفەرموێت:
"دنیا نامناسێت، بەڵام ئەو كەسەی ڕەوانەی كردووم دەمناسێت، ئەوان بەهۆی هەڵەو بەدبەختی توندیان دەیانەوێت لەناوم بەرن، هەڵبەت من ئەو نەمامەم كە خاوەنی ڕاستەقینە بەدەستی خۆی چاندی... ئەی خەڵكینە دڵنیا بن كە دەستێكم لەگەڵدایە بەردەوام بەئەمەكە لەگەڵم هەتا كۆتایی كار. ئەگەر پیاو ژنتان، گەنج و پیرتان، بچوك و گەورەتان هەمووی كۆببنەوە بە ئومێدبڕاوی و سوتانەوە نزا بكەن لای خوای بەرزوبڵند هەتا كەپوتان دادەخورێت و دەستان ئیفلیج دەبێت بۆئەوەی لەناوبچم.. دڵنیابن خوا وەڵامتان ناداتەوە، وە داناكەوێت هەتا ئەوكارەی دەوێت تەواوی دەكات....كەوابوو ستەم لەخۆتان مەكەن، هەڵبەت بۆ درۆزنان دەموچاوانێك هەیە جیا لە دەم و چاوی ڕاستگۆیان، وە خوای بەرزوبڵند واز لە كارێك ناهێنێت بەبێ یەكلاكردنەوەی...هەروەك چۆن لە ڕابردوودا خوا ناوبژیوانی كرد لە نێوان پێغەمبەرانی خۆی و ئەو كەسانەی كە بەدرۆزنیان دەزانین، بە دڵنیاییەوە ئێستەش خوای بەرزوبڵند ناوبژیوانی دەكات. ئاشكرایە بۆ هاتنی پێغەمبەرانی خوا وەرزێك هەیە و هەروەها بۆ ڕۆيشتنیشیان وەرزێك هەیە. لەبەرئەوە دڵنیا بن من بەبێ وەرز نەهاتووم، وە ناشڕۆم بەبێ وەرز، كەوابوو دوژمنایەتی مەكەن لەگەڵ خوادا، دڵنیاش بن ناتوانن من لەناوبەرن." (تحفة غولرویة، الخزائن الروحانیة، ج17، ص12-13).


والحمد لله رب العالمين
.......................

بابەتەکە بە فایلی PDF

https://drive.google.com/open?id=0B2ycrmpfGLbJU1VOcE81SWpDTkU













تایبەت

مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) لە هيندستان

لەم لینکەوە کتێبەکە دابگرە: https://www.ahmadiyya-islam.org/krd/books/%d9%85%db%95%d8%b3%db%8c%d8%ad%db%8c-%d9%86%d8%a7%d8%b3%db%8c%d8%b1%db...

Powered by Blogger.