پەڕەكان

أعلان الهيدر

Thursday, August 10, 2017

الرئيسية پرسیار: ئایا ئیبلیس فریشتە بوو؟

پرسیار: ئایا ئیبلیس فریشتە بوو؟





پرسیار:
ئایا ئیبلیس فریشتە بوو؟ هەروەها ئەم ئایەتە پیرۆزە واتای چییە: {وَإِذْ قُلْنَا لِلْمَلَائِكَةِ اسْجُدُوا لِآدَمَ فَسَجَدُوا إِلَّا إِبْلِيسَ أَبَى وَاسْتَكْبَرَ وَكَانَ مِنَ الْكَافِرِينَ}؟

وەڵام:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ئیبلیس فریشتە نیە؛ چونكە فریشتەكان سەرپێچی ناكەن لە فەرمانی خوای گەورە و ھەر فەرمانێكیان پێ بكرێت جێبەجێی دەكەن بەڵام ئیبلیس سەرپێچی كرد لە فەرمانی خوا.
بەڵام ئەو ئیستیسنایە لە ئايەتەكەدا ھاتووە {إلا} ئيستیسنائی مونقەتیعە بەمانای (لكن) دێت، واتە بەڵام ئیبلیس لووتبەرزی نواند. بەڵام بۆچی لەگەڵ فریشتەكاندا باسكراوە كاتێك فەرمانیان پێ كرا سوجدە بەن بۆ ئادەم؟ وەڵامەكەی ئەوەیە كە خەلیفەی دووەمی مەسیحی مەوعود پێشكەشی كردووە لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا، كە دەفەرموێت:
بێگومان فریشتەكان كارەكان ڕادەپەڕێنن بەگوێرەی فەرمایشتی خوای گەورە {فَالْمُدَبِّرَاتِ أَمْرًا}، ئەوان ھۆكاری یەكەمن لە بەڕێوەبردنی سیستەمی گەردوون، لەبەرئەوە ئەو فەرمانەی كە بۆ ئەوان دەردەچێت فەرمانێكی گشتیيە و ھەموو تاكەكانی دوای خۆیان دەگرێتەوە، لە فەرموودەی پیرۆزدا ھاتووە و لە ئەبو ھورەیرەوە دەڵێت: پێغەمبەری خوا فەرمووی: ئەگەر خوای گەورە پەندەيەكی خۆش ویست جورەئیل بانگ دەكات و پێ ی دەڵێت: خوا فڵان كەسی خۆش دەوێت تۆێش خۆشت بوێت، جوبرەئیلیش خۆشی دەوێت. پاشان جوبرەئیل لە ئاسماندا جاڕدەدات: خودا فڵان كەسی خۆش داوێت ئێوەش خۆشتان بوێت، خەڵكی ئاسمانیش ئەو كەسەیان خۆش دەوێت، ئیتر لەسەر زەویش قەبوڵ دەكرێت" (صەحیحى بوخاری)
ئەم فەرموودەیە زنجیرەی فارمانی خوایی ڕوون دەكاتەوە ھەتا دەگات بەخەڵكی لەو كاروبارانەی پەیوەستن بەمرۆڤەكانەوە. كەواتە فەرمانی خوایی بۆ خەڵكی لە فریشتەكانەوە دەست پێ دەكات... ئەگەر فەرمانێك دەربچێت بۆ ئەوان ئەوا ھەموو زنجیرەكە دەگرێتەوە ھەتا دەگاتە مرۆڤ. وە فەڕمایشتی خوای گەورە {أَبَى وَاسْتَكْبَرَ وَكَانَ مِنَ الْكَافِرِينَ} بەیانكردنی ھەڵوێستی ئیبلیسە داربارەی سوجدەبردن بۆ ئادەم، هەڵبەت ئیبلیس لووتبەرزی نواند؛ چونكە پێی وابوو ئەم سیستەمە گونجاو نیە بۆ ئەو و بە سیستەمێكی ناتەواوی دانا و خەمڵاندی.. لە داخوازیەكانی لووتبەرزی ئەوەیە كە كەسی لووتبەرز كارێك ناكات لە شان و شەوكەتی دابەزێنێت... بێگومان خەڵكی بەچاویلكەی ئارەزوو و بەرژەوەندیەكەسیەكانیان ڕاستیەكان دەبینن و لەبەر ڕۆشنایی بەرژەوەندی گشتیدا ڕاستیەكان نابینن.
ئەگەر زانیان زیان دەگەیەنێت بە بەرژەوەندیە كاتیەكانیان ئەوا سەڕەنجامی خۆیان لەبیر دەكەن و پشت دەكەن لە پەرژەوەندی گشتی و ھەوڵ وتەقالا دەدەن بۆ دژایەتی كردنی ڕاستی.
وە لووتبەرزی پاڵنەری دووەمە بۆ نكوڵیكردن و ڕەتكردنەوەی حەق. وەئیبلیس گوزارشتی كردووە لەمە بەم وتەیەی خۆی: "من لەو چاكترم، منت لە ئاگر دروست كردووە و ئەوت لە قوڕ دروست كردووە" (الأعراف :١٣) خۆی بە گەورەزانی بەوەی كە سروشتێكی ئاگرینی ھەیە و ئادەم سروشتێكی قوڕینی ھەیە كە بەگوێرەی ھەموو قاڵبەكان شێوە وەردەگرێت وەكو بەندەكان. بەم شێوەیە شوێنكەوتنی حەق كە خۆبەكەمزانین لە مرۆڤدا بەرھەم دەھێنێت لە تێڕوانینی دوژمنانی ڕاستیدا شورەیی و ناتەواویە. لای ئەوان ئەمە پێچەوانەی بەرژەوەندیەكانی نیشتمان و نەتەوەیە... وە پێیان وایە ئەھلی خۆبەگەمزان خیانەتكارن بەرامبەڕ وڵات. ئەوان خۆیان ھەڵدەكێشن بە دڕندەیی و سروستی شەڕانگێزی خۆیان و وادەزانن كە نەریتی دوژمنكارانەیان دەتوانن شكۆی خۆیان بنیات بنێن. وە ئەوان بەوەی كە دەستيان دەكەوێت لە ئەنجامی وروژاندنی شەڕو ئاژاوە فریو دەخۆن... بەڵام ھەموو ئەمانە بەرژەوەندييە چەسپاوە ھەمیشەیيەكان بەدی ناھێنن.
وە ھۆكاری سێھەمی ملنەدان ئەوەیە كە مرۆڤ پێی وایە ئەوكارەی داوای لێ دەكرێت ئەنجامی بدات قورس و ئەستەمە. خوای گەورە گوزارشتی كردوە لەم بابەتە لەم فەرمایشتەی خۆى لەسەر زبانی كافرەكان: {وَقَالَ الَّذِينَ لَا يَرْجُونَ لِقَاءَنَا لَوْلَا أُنْزِلَ عَلَيْنَا الْمَلَائِكَةُ أَوْ نَرَى رَبَّنَا لَقَدِ اسْتَكْبَرُوا فِي أَنْفُسِهِمْ وَعَتَوْا عُتُوًّا كَبِيرًا} (الفرقان: ٢٢) ئەوان وادەزانن لیقای خوای گەورە كارێكی ئەستەمە بۆیە ملیان نەدا بە تەسديق كردنی.
ھۆكاری چوارەم بۆ ملنەدان بریتیە لەوەی كە مرۆڤ خوودەگرێت بەوەی كە نكۆڵی لەحەق بكات، ئەم وەسفەی خوای گەورە بەڵگەیە لەسەر ئەمە: (وە یەكێك بوو لە كافران) لەم ڕۆژگارەیشدا دەبینین كە ئەو كەسانەی نكۆڵی دەكەن لە ڕاستیەكان تووشی ئەم ھەلومەرجانە دەبن. خۆزگە خەڵكی ھاوڵیان دەدا ئەم ڕاستیانە بزانن و خۆیان دادەڕنی لەم چوار خەوشە ئەوسا دەیانزانی كە خوای گەورە لەم ڕۆژگارەدا كۆمەڵە دەرگایەكی فراوانی خستوەتەسەر پشت بۆیان بۆ پێشكەوتن و گەشەسەندن و وە ھۆكارگەلێكی جۆراو جۆری خستوەتەبەردەست بۆ سەركەوتنی ئیسلام بەڵام كەمێكیان دەوێرێت ڕووبەڕوو قوربانی بدا بۆئەوەی لە داھاتوودا ژیانێكی ھەتاھەتایی بۆ خۆیان و ئیسلام بەدەست بھێنن. بەڵام ھەموو ھەوڵێكیان خەرج دەكەن بۆ بەدیھێنانی بەرژەوەنديیە كاتیەكان ئەگەرچ زوو كۆتاییان پێ دێت و نامێنن. خۆزگە دڵیان دەكرایەوە و پاك دەبوویەوە لە ژەنگ و پیس وچەپەڵی!
ھەندێ كەس پێیانوایە كە فریوخواردنی ئادەم بەقسەی ئیبلیس كارێكی نا مەعقولە و ڕێی تێ ناچێت.
بێگومان خوای گەورە بەڕاشكاوی ئادەمی ئاگادار كردەوە لە ئیبلیس و فەرمووی: {فَقُلْنَا يَاآدَمُ إِنَّ هَذَا عَدُوٌّ لَكَ وَلِزَوْجِكَ فَلَا يُخْرِجَنَّكُمَا مِنَ الْجَنَّةِ فَتَشْقَى} (سورەتی طه ١١٨) لەكاتێكدا لەشوێنێكی تری قورئاندا باسی بێتاوانی ئادەمی كردووە و دەفەرموێت: {فَنَسِيَ وَلَمْ نَجِدْ لَهُ عَزْمًا} (طه ١١٦) وە دەتوانین تەفسیری ئەم بەریەككەوتنە ڕووكەشیە بكەین بەوەی كە ئەو شەیتانەی ئادەمی فریودا ئەو ئیبلیسە نەبوو كە خوا ئادەمی ئاگادار كردەوە لێی، ھەڵبەت ئادەم بەھۆی شەیتانەوە لەخشتەبرا وە نەیزانی كە یەكێكە لەو كەسانەی كە یارمەتیدەر و سێبەری ئیبلیسن. بۆیە بێئاگابوو لێی و حەزەری لێ نەكرد و بەو ھۆيەوە كەوتە ھەڵەوە. ئەمەیە كە قورئان جەختی لێ دەكاتەوە. ئەوەتا ھەركاتێك باسی ئەو بوونەوەرە دەكات كە سوجدەی نەبردووە بە (ئیبلیس) ناوی دەبات كە خوای گەورە ئادەمی لێ ئاگادار كردووە، بەڵام ھەركاتێك باسی ئەو بوونەوەرە دەكات كە وەسوەسەی دروست كردووە بۆ ئادەم و بووەتە ھۆی دەرچوونی لە بەھەشتەكە بە (شەیتان) ناوی بردووە. كەواتە قورئان بڕیاری داوە كە ئەوەی ئادەمی دەركرد ئیبلیس بوو بەڵام ئەوەی وەسوەسەی دروست كرد بۆ ئادەم شەیتان بوو. وە ئیبلیس بریتیە لەو بوونەوەرەی كە پێچەوانەی فریشتەكانە و ھاندەری شەڕو ئاژاوەیە. وە شەیتان ناوێكی گشتیە و بەھەموو ھێزە شەڕانگیزەكان دەوترێت... دەتوانرێت بەخودی ئیبلیس یان شوێنكەوتوانی یان ئەو كەسەی نوێنەری ئەوە لە گومڕاكردنی خەڵك و ئاڕاستەكردنیان بۆ خراپەكاری و ھەڵنانیان لەسەر بەرھەڵستی كردنیان بۆ پەیامی پێغەمبەران بووترێت شەیتان. وە شەیتان بە پێچەوانەی ئیبلیسەوە بە ڕۆحە پیسەكانیش دەوترێت ھەروەك بە مرۆڤیش دەوترێت، ئەوەندە ھەیە زیاتر بۆ مانای یەكەم بەكاردێت تا مانای دووەم كە وەسفی مرۆڤە... ھەروەك بۆ وەسفی دووڕووەكان بەكار ھاتووە، كەخوای گەورە دافەرموێت: {وَإِذَا لَقُوا الَّذِينَ آمَنُوا قَالُوا آمَنَّا وَإِذَا خَلَوْا إِلَى شَيَاطِينِهِمْ قَالُوا إِنَّا مَعَكُمْ إِنَّمَا نَحْنُ مُسْتَهْزِئُونَ} (البقرة ١٥) لێرەدا {شَيَاطِينِهِمْ} بەمانای سەركردەكانی كوفر دێت، وەك ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە {إِنَّمَا ذَلِكُمُ الشَّيْطَانُ يُخَوِّفُ أَوْلِيَاءَهُ فَلَا تَخَافُوهُمْ وَخَافُونِ إِنْ كُنْتُمْ مُؤْمِنِينَ} (سورة آل عمران ١٧٦) و ئەم فەرمایشتە {وَكَذَلِكَ جَعَلْنَا لِكُلِّ نَبِيٍّ عَدُوًّا شَيَاطِينَ الْإِنْسِ وَالْجِنِّ يُوحِي بَعْضُهُمْ إِلَى بَعْضٍ زُخْرُفَ الْقَوْلِ غُرُورًا وَلَوْ شَاءَ رَبُّكَ مَا فَعَلُوهُ فَذَرْهُمْ وَمَا يَفْتَرُونَ} (الأنعام: ١١٣).. ھەموو ئەمانە ئەھلی شەڕن كە سەركردایەتی تەوژمی خراپەكاری دەكەن دەبنە ھاندەری ئاژاوەو ناكۆكی.

فریشتە و ئیبلیس:
ھەندێ كەس پرسیار دەكەن ئایا خوای گەورە ئیبلیسی دروست كردووە بۆ ئەوەی خەڵك گومڕا بكات؟ ئایا خوای گەورە دەیەوێت بەندەكانی گومڕا بكات؟
لەڕاستیدا بابەتەكە تەواو پێچەوانەیە... خوای گەورە توانای داوە بە مرۆڤ بۆ كردنی كاری خێر و كاری شەڕ، وە لەگەڵیدا فریشتە و سێبەرەكانی و ئیبلیس و سێبەرەكانیشی دروست كردووە. تاقمی یەكەم (فریشتەكان) حەزی چاكەكردن لەدڵەكاندا دروست دەكەن، تاقمی دووەمیش (ئیبلیس و سێبەرەكانى) دڵەكان ھەڵدەنێن بۆ كاری خراپە. جا ئەوكەسانەی بانگەوازی فریشتە و سێبەرەكانی قەبوڵ دەكات شایستەی پاداشتن، وە ئەوكەسانەی ملكەچى دەكەن بۆ ھاندانەكانى ئیبلیس و دۆستەكانی شایستەی سزان.
وە كامڵی مرۆیی ئەوە دەخوازێت كە مرۆڤ سەرپشك بێت لە نێوان ئەم دوو بزوتنەوەدا بۆئەوەى خۆی بڕیار بدات و ئەو ڕێگەیە ھەڵبژێرێت كە خۆی دەیەوێت، بەمەش شایستەی وەرگرتنی نیعمەتە بڵندەكان ببێت. ئەگەر تووشی بواری خراپە نەبێت؛ ئەوا ناكرێت شایستەی نیعمەتی ھەرەبڵند و ھاوشێوەكانی بێت. بەڵێ، قورئان زۆر بەجوانی ڕوونی كردووەتەوە.. كە ئیبلیس و شەیتان ھیچ دەستێكیان نیە لە كاروباری ھیچ كەسێكدا... خەڵكی سەرپشكن لە نێوان شوێنكەوتنی شەیتان و ئیبلیس یان ئەوەی پێچەوانەی ھاندانی ئیبلیس و شەیتان ڕەفتار بكەن. ھەروەك خوای گەورە دەفەرموێت: {إِنَّ عِبَادِي لَيْسَ لَكَ عَلَيْهِمْ سُلْطَانٌ إِلَّا مَنِ اتَّبَعَكَ مِنَ الْغَاوِينَ} (سورەتی حجر: ٤٣)
بەكورتی: قورئانی پیرۆز ڕێنماییمان دەكات كە جووڵەكانی ئیبلیس لەسەر بەڵگە و دەلیل بنیات نەنراوە، بەڵكو بنیات نراوە لە سەر مژدە و ھەڕەشە بە كۆمەڵێك بابەتی درۆی ڕازێنراوە.. وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {وَاسْتَفْزِزْ مَنِ اسْتَطَعْتَ مِنْهُمْ بِصَوْتِكَ وَأَجْلِبْ عَلَيْهِمْ بِخَيْلِكَ وَرَجِلِكَ وَشَارِكْهُمْ فِي الْأَمْوَالِ وَالْأَوْلَادِ وَعِدْهُمْ وَمَا يَعِدُهُمُ الشَّيْطَانُ إِلَّا غُرُورًا} (سورەتی الإسراء: ٦٥) لەبەرئەوە ناكرێت بوترێت كە خوای گەورە كاری كردووە بۆ گومڕاكردنی مرۆڤ بە دروستكردنی شەیتان!، خوای گەورە زۆر لەوە بڵندترە كە كاری وەھا بكات، بەڵكو ئەگەر لەلایەن خۆیەوە، كەزۆر بڵند و بەدەسەڵاتە، دەسەڵاتی بدایە بە شەیتان ئەو كاتە ئەم قسەیە ڕاست دەردەچوو، بەڵام ھەموو بەڵگەكان پشتگیری فریشتەكان دەكەن نەك ئیبلیس. وە ئەوەی شوێن ئیبلیس بكەوێت ئەوا تەنھا بە ویست و هەڵبژاردەی خۆی شوێنی كەوتووە و ھەر خۆی بەرپرسە لەو كارەی كە كردوویەتی.
خوای گەورە لە فەرمایشتی {إِلَّا إِبْلِيسَ} دا، ئیبلیسی كردووە بە شوێنكەوتەی فریشتەكان، كە ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە خێر زاڵە و شەڕ بەزیو و ژێركەوتووە و فریشتەكان سیستەمی گەردوون ڕادەپەڕێنن و ئەوان سەرچاوەی خێرن، وە ئیبلیس شتێك نیە جگە لە لادان لە ڕێگەی چاكە، وە چەندەھا جار قورئانی بیرۆز ڕایگەیاندووە كە سروشتی مرۆڤ لەسەر خێر دروستكراوە، دەفەرموێت: {وَنَفْسٍ وَمَا سَوَّاهَا (*) فَأَلْهَمَهَا فُجُورَهَا وَتَقْوَاهَا (*) قَدْ أَفْلَحَ مَنْ زَكَّاهَا (*) وَقَدْ خَابَ مَنْ دَسَّاهَا} (الشمس: ٨-١١) بەمانایەكی تر... سروشتی مرۆڤ وەھا دروستكراوە كە ئامادەیە بۆ وەرگرتنی ڕێنمایی و ئاڕاستەكردنی فریشتەكان، وەكاتێك لەدایك دەبێت پاك وخاوێنە لە دەستكاری كردنی شەیتان بەڵام پاش ئەوەى خۆی بە شوێن جێ پێكانی شەیتاندا دەڕوات ئینجا تیادەچێت. ئەم فەرموودە پیرۆز ئەم مەبەستەی ڕوون كردوەتەوە: (ھەموو مناڵێك لەسەر فیتڕەتێكی پاك لەدایك دەبێت، پاشان باوك و دایكی دەیكەن بە جوو یان فەڵە یان ئاگرپەرست) (البخاري، كتاب الجنائز).
هەروەها بۆ زیاتر سوو وەرگرتن ئەم پارچەیە لە (التفسیر الکبیر)ەوە باس دەکەین:
ھیچ بوارێك نیە بۆ سزا و پاداشتی شەیتان كە ھاندەرە بۆ خراپەكاری، ئەمەش چونكە گومانی تێدا نیە كەسێك كەسێكی تر بكوژێت ئەوا سزاكەی كوشتنەوە و لەسێداڕەدانە، بەڵام ھەورەبروسكە كە دەیەھا كەس دەسووتێنێت دیارە شایستەی سزا نیە، بەهەمان شێوە گڕكانەكان كە لەكاتی بوومەلەرزەدا ھەڵدەچن و دەتەقنەوە و ناوچەگەلێكی فراوان كاول دەكەن، وە تەرزە كە گوڵ و بەرھەمی دارەكان لەناودەبات، وە بایە بەھێزەكان كە شارەكان وێران دەكەن، ھەموویان شتانێكی زیانبەخش و وێرانكەرن بەڵام لەھیچ شەرعێكدا سزا نادرێن.
گومانی تێدا نیە كە شەیتان و ئیبلیس (ئەوەی ناو ناخی مرۆڤ) سەرەنجامەكەی دۆزەخە وە فریشتەیش سەرەنجامەكەی بەھەشتە بەڵام نە فریشتە لە بەھەشتدا بەھرە و خۆشی وەردەگرێت، نە شەیتانیش لە دۆزەخدا ھەست دەكات بە ھیچ ئازارێك؛ چونكە شەیتان خۆی بوونەوەرێكی ئاگرینە، كەی پشكۆی ئاگر ئازار دەچێژێت كاتێك بخرێتە ناو كورە و تەنورەوە؟!
دیارە ئاگر شوێنی مانەوەی ئیبلیسە. كەواتە مەبەست لەوەی كە شەیتان دەچێتە ناو ئاگرەوە ئەوە نیە كە بەمە سزا بدرێت، بەڵكو مانای ئەوەیە كە گەیشتەوە ئەو شوێنەی كە شوێنی خۆیەتی و لە بنەڕەتدا خەڵكی ئەوێیە. وە فریشتەیش كە دەچێتە بەھەشت وەك پاداشتێك ناچێتە ناوی، بەھەمان شێوە شەیتانیش كەدەچێتە ناو ئاگر وەك سزایەك ناچێتە ناوی. بەڵێ سێبەرەكانی شەیتان سزادەدرێن بەگوێرەی خراپە و تاوانەكانیان؛ چونكە كۆمەڵە كارێك ئەنجام دەدەن كە لەپێناویدا دروست نەكراون.
دیارە سزا بۆ كارێكە كە پێچەوانەی یاسای سروشتی بێت، وە لەبەرئەوەی مرۆڤەكان بەسروشتی خۆیان بۆ كردنی كاری چاكە دروست كراون، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالْإِنْسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ} (الذاریات: ٥٧) ئەوا ھەر كەسێكیان واز لە بەندايەتی خودا بھێنێت و خواپەرستی لەبیر بكات ئەوا سزای لەسەر واجب دەبێت، بەڵام ھاندەری كاری خراپە، واتە شەیتان، تەنھا بۆ تاقیكردنەوەى مرۆڤ دروستكراوە، سزا نادرێت مەگەر كەمتەرخەمی و سستی بكات لە ھاندانی مرۆڤەكان بۆ كاری خراپە، (واتە سستی بكات لەو ئەركەی پێی سپێراوە).
بەڵێ دەكرێ بوترێت: كەوابوو بۆچی شەیتان بە خراپە باس دەكرێت؟ وەڵامەكە ئەوەیە؛ كە شتێك خراپ بێت، و شتێك سزای لەسەر واجب بێت دوو بابەتی تەواو جیاوازن، بۆ نموونە: ئێمە وەك سزايەك ئاودەست و پیسایی لەخۆمان دوور ناخەینەوە، بەڵكو لەبەرئەوەیە كە مانەوەیان لەناو ماڵدا زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت. حاڵی ئەو شەیتانەیش كە لەناخی مرۆڤدايە و ھانی خراپە دەدات بەھەمان شێوەیە. ئەو شەیتانە وەك نەخۆشی و تاوان وایە، كە دەبێت بە خراپە وەسف بكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا سزای لەسەر واجب نیە. شایستەی سزادان نیە.

والحمد لله رب العالمين



بابەتەکە بە فایلی PDF

https://drive.google.com/open?id=0B2ycrmpfGLbJY1VfM19QNjlvb3c

تایبەت

مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) لە هيندستان

لەم لینکەوە کتێبەکە دابگرە: https://www.ahmadiyya-islam.org/krd/books/%d9%85%db%95%d8%b3%db%8c%d8%ad%db%8c-%d9%86%d8%a7%d8%b3%db%8c%d8%b1%db...

Powered by Blogger.