پەڕەكان

أعلان الهيدر

Friday, July 7, 2017

الرئيسية زنجیرەی 2 "مه‌سیح خاچ ده‌شکێنێت به‌ ڕاستکردنه‌وه‌ی چه‌مکه‌کان"

زنجیرەی 2 "مه‌سیح خاچ ده‌شکێنێت به‌ ڕاستکردنه‌وه‌ی چه‌مکه‌کان"




ئەڵقەی دووەم
مەسیح خاچ دەشكێنێت بە ڕاستكردنەوەی چەمكەكان


ئەم دەقەی خوارەوە لە كتێبی پيرۆزدا هاتووە:
"21 لە ئەنجامدا یەزدانی پەروەردگار پیاوەكەی خستە خەوێكی قووڵەوە. كاتێك خەوتبوو، یەكێك لە پەراسووەكانی دەرهێنا و شوێنەكەی بە گۆشت بۆ پڕكردەوە. 22 ئینجا یەزدانی پەروەردگار ئافرەتێكی لەو پەراسووە بنیاد نا كە لە پیاوەكەی وەرگرتبوو، جا بۆ پیاوەكەی هێنا. 23 پیاوەكە گوتی: «ئێستا ئەمە ئێسكێكە لە ئێسقانەكانم و گۆشتە لە گۆشتم. ئەمە ناودەبردرێت بە "ئافرەت" چونكە لە پیاوەوە وەرگیراوە." پەیدابوون: بەشی 2.
مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) گوێبیستی ئەوە بوو كە قەشەكان، بە تایبەتی قەشەی ئینگلیزی مۆنرو كە بە پڕۆژەیەكەوە گەيشتە هیندستان بۆئەوەی خەڵكەكەی بكات بە مەسیحی، دەڵێت كە قورئانیش وەكو تەورات بیرۆكەی دروستبوونی حەوا لە پەراسووی ئادەم دەچەسپێنێت، كە لەمەوە ویستی ڕێگە خۆش بكات بۆ كۆمەڵێك مەسەلەی تر كه بەدوای ئەم بیرۆكەیەدا دەهاتن، وە ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەی كردبوو بە بەڵگە كە دەفەرموێت: {وَجَعَلَ مِنها زَوجَهَا}، ئەوە بوو مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) لە گۆڤارەكەی خۆیدا "مراجعة الأدیان" وەڵامێكی ئەم وتارەی دایەوە كە بڕگەیەكی بچوكی وەردەگرین:
"بەڵام دەستەواژەی {وَجَعَلَ مِنها زَوجَهَا}، ڕاست نیە كە ماناكەی بەوە بكرێت كە ڕەگەزی مێ لە ڕەگەزی نێرەوە دروست بووەو ئەم وەسفە تەنها بەسەر ئادەمدا پیادە دەبێت و حەوای لێوە دروست بووە. بێگومان ئەمە بیرۆكەیەكی هەڵەیە. قورئانی پیرۆز لە سورەتی "الروم"دا دەفەرموێت: {وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُمْ مِنْ أَنْفُسِكُمْ أَزْوَاجًا} واتە: (لە نیشانەكانی خودایە كە لە خۆتان هاوجووتی بۆ دروست كردوون)، لەم ئایەتەدا بە ڕوونی ئەوە باسكراوە كە بە تەنها حەوا لە ئادەم دروست نەكراوە، بەڵكو هەموو هاوسەرێكی پیاو لە خودی پیاوەكە دروست كراوە، وە وشەی {مِنْ أَنْفُسِكُمْ} بە تەواوی لە بەرانبەر وشەی {مِنْهَا}دایە، ئەوەندە هەیە كە لە وشەكەی دووەمیان ڕاناوەكە بەكارهاتووە بۆ تاك، بەڵام لەوی تریاندا بە پێكهاتەی كۆ هاتووە، وە حەرفی جەڕی (مِن) كە گرنگی خودی ڕستەكە دەستنیشان دەكات لە هەردووكیاندا بە نەگۆڕی ماوەتەوە، لەبەرئەوە پێویستە هەردوو دەستەواژەكە بە هەمان شێوە تەفسیر بكرێت. كەواتە، مانای هەردوو ڕستەكە {جَعَلَ مِنْهَا} و {خَلَقَ لَكُمْ مِنْ أَنْفُسِكُمْ أَزْوَاجًا} ئەوەیە كە خوای گەورە لە هەمان توخمی پیاو ئافرەتیشی دروست كردووە. ئەوەتا بەهەمان شێوە قورئانی پیرۆز دوو پێكهاتەی هاوشێوەی بەكارهێناوە بۆ پێغەمبەر (درودی خوای لێ بێت) كە بریتین لە: {بَعَثَ فِيهِمْ رَسُولًا مِنْ أَنْفُسِهِمْ} و {لَقَدْ جَاءَكُمْ رَسُولٌ مِنْ أَنْفُسِكُمْ}، وە هەردوو دەربڕینی {مِنْ أَنْفُسِهِمْ} و {مِنْ أَنْفُسِكُمْ} بە هەمان شێوە بەكارهاتووە لە ئایەتی درستكردنی ئافرەتدا." (مجلة "مراجعة الأديان"، المجلد 2، العدد 7، ص‏ ‏257-258، تموز 1903)
وە لە شوێنێكی تردا لە تەفسیری فەرموودەی پەراسووی لار كە مەلاكان و دوژمنانی ئیسلام وەكو یەك بەكاریان هێناوە بۆ مەبەستی خۆیان، مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) دەفەرموێت:
"خەڵكی ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە: {وَخَلَقَ مِنْهَا زَوْجَهَا}(النساء 2) بە شێوەیەك تەفسیر دەكەن كە حەوا لە پەراسووی ئادەم دروست بووە، ئەمەیە كە ڕەخنەی لێ دەگیرێت، لە كاتێكدا ئەمە تەفسیرێكی هەڵەیە. قورئانی پیرۆز نەیفەرمووە حەوا لە پەراسووی ئادەم دروست بووە، بەڵكو مانای ئایەتەكە ئەوەیە كە حەوا لە توخمی ئادەم دروست بووە، بەو مانایە كە ئافرەتیش بە هەمان ئەو هەست و نەستانەوە دروست كراوە كە ئادەمی پێوە دروست كراوە؛ چونكە ئەگەر ژن و پیاو هەستەكانیان بەیەكەوە نەگونجێت ئەوا خۆشەویستی و ئەوینی ڕاستەقینە لە نێوانیاندا دروست نابێت. بەڵكو ئەگەر پیاو ئارەزووی ڕەگەزی بەرانبەری هەبێت و لە ژندا ئەو ئارەزووە نەبێت؛ ئەوا هەمیشە كێشەیان دەبێت و لەسەر بابەتێك ڕێكناكەون. لەبەرئەوە خوای گەورە هەمان ئەو هەست و نەستانەیشی بەخشیوە بە ئافرەت كە بەخشیویەتی بە پیاو بۆئەوەی ژیانیان پڕ بێت لە خۆشەویستی و ئەوین.
سەرنج بدەن ئەم بابەتە دەبێتە مایەی خۆشەویستی و هەماهەنگی و ڕێككەوتن لە نێوان ژن و پیاودا، كە ئەگەر هاتوو پیاو لە ژنەكەی تووڕە بوو ئامۆژگاری دەكرێت بەوەی كە ئافرەت هەمان هەست ونەستی پیاوی هەیە، هەروەك چۆن پێی خۆش نیە كە هەستی بریندار بكرێت بەهەمان شێوە ئەویش پێی خۆش نیە كە هەستی بریندار بكرێت، بۆیە پێویستە ڕێز لە هەستەكانی ئافرەتیش بگیرێت" (إنجازات المسيح الموعود عَلَيهِ السَّلام الصفحة 76)
هەروەها مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) مانای ئەو فەرموودەيەمان فێردەكات كە دەفەرموێت ئافرەت لە پەراسووی لار دروست بووە:
"اسْتَوْصُوا بِالنِّسَاءِ فَإِنَّ الْمَرْأَةَ خُلِقَتْ مِنْ ضِلَعٍ وَإِنَّ أَعْوَجَ شَيْءٍ فِي الضِّلَعِ أَعْلاهُ فَإِنْ ذَهَبْتَ تُقِيمُهُ كَسَرْتَهُ وَإِنْ تَرَكْتَهُ لَمْ يَزَلْ أَعْوَجَ فَاسْتَوْصُوا بِالنِّسَاءِ".
واتە: "لەگەڵ ژنەكان بەچاكی مامەڵە بكەن؛ چونكە ئافرەت لە پەراسوو دروست بووە، وە لارترین شوێنی پەراسوو بەشی سەرەوەیەتی كە ئەگەر بتەوێت ڕاستى بكەیتەوە دەیشكێنیت، وە ئەگەر وازی لێبهێنیت هەمیشە بەلاری دەمێنێتەوە، لەبەرئەوە لەگەڵ ژنەكاندا بە چاكی ڕەفتار بكەن".
لە مەسیحی بەڵێندراوەوه (سڵاوی خوای لێ بێت) فێر دەبین كە فەرموودە پيرۆزەكە هانی پیاو دەدات ڕەچاوی هەستەكانی ئافرەت بكات، وە دروست بوونی لە پەراسووی لار ئاماژەیە بۆ هەستیاری و سروشتی ناسكی ئافرەت، هەروەك چۆن ئەگەر كەسێك هەوڵ بدات بەزەبری هێز پەراسووی لار ڕاست بكاتەوە ئەوا دەشكێت، بەهەمان شێوە ڕەوا نیە كە بە توندوتیژی مامەڵە بكرێت لەگەڵ ئافرەتدا، دواجار دەبێت لە هەموو دۆخەكاندا بە نەرمی هەڵسوكەوتی لەگەڵدا بكرێت. كەوابوو دروستبوون لێرەدا دروستبوونی مەعنەویە نەك ماددی، هەروەك خوای گەورە دەفەرموێت {خُلِقَ الْإِنْسَانُ مِنْ عَجَلٍ}} واتە: "مرۆڤ لە پەلەپەل دروست بووە". وه هەر ئەم مەبەستەیە كە ئەم فەرموودەیه لە صەحیحی بوخاریدا جەختی لێ دەكاتەوە:
"حَدَّثَنَا عَبْدُ الْعَزِيزِ بْنُ عَبْدِ اللَّهِ قَالَ حَدَّثَنِي مَالِكٌ عَنْ أَبِي الزِّنَادِ عَنْ الْأَعْرَجِ عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ الْمَرْأَةُ كَالضِّلَعِ إِنْ أَقَمْتَهَا كَسَرْتَهَا وَإِنْ اسْتَمْتَعْتَ بِهَا اسْتَمْتَعْتَ بِهَا وَفِيهَا عِوَجٌ." (صحيح البخاري، كتاب النكاح، بَابُ المُدَارَاةِ مَعَ النِّسَاءِ 5184)
واتە: "....پێغەمبەری خوا (درودی خوای لێ بێت) دەفەرموێت: ئافرەت وەك پەراسوو وایە ئەگەر بتەوێت ڕاستی بكەیتەوە ئەوا دەیشكێنیت، وە ئەگەر بتەوێت بەهرەو خۆشی لێ وەربگریت ئەوا لێی وەردەگریت و لاریەكی تێدایە."
دیارە بە ڕوونی تەشبیهـ كردنەكە هاتووە بە هۆی پیتی (ك) لەم فەرمایشتەیدا (كَالضِّلَعِ) كه مانای "مثل، وەكو" دەدات، سەرەڕای ئەوەی كە ئەو "باب"ەی ئیمامی بوخاری ئەم فەرموودەی تێدا هێناوە بریتیە لە بەشی (گوزەراندن و هەڵكردن لەگەڵ ئافرەتدا)
ئا بەم شێوەیە بە چەند دێڕێك مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) یەكێك لە پایەكانی خاچی تێكشكاند كە تۆمەتێك بوو بە زوڵم و ستەم لكێنرابوو بە ئیسلامەوە.
وَآخِرُ دَعْوَانْا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ

تایبەت

مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) لە هيندستان

لەم لینکەوە کتێبەکە دابگرە: https://www.ahmadiyya-islam.org/krd/books/%d9%85%db%95%d8%b3%db%8c%d8%ad%db%8c-%d9%86%d8%a7%d8%b3%db%8c%d8%b1%db...

Powered by Blogger.