پەڕەكان

أعلان الهيدر

Friday, July 7, 2017

الرئيسية زنجیرەی 3 "مەسیح خاچ دەشكێنێت بە پاكڕاگرتنی پێغەمبەران"

زنجیرەی 3 "مەسیح خاچ دەشكێنێت بە پاكڕاگرتنی پێغەمبەران"


ئەڵقەی سێیەم
زنجیرەی "مەسیح خاچ دەشكێنێت بە پاكڕاگرتنی پێغەمبەران"
تاوانی نووح!

بسم الله الرحمن الرحيم
لە ساڵی 1903ز دا قەشەی ئینگلیزی مۆنرۆ لەگەڵ نێردەیەكی تەنصیریدا گەيشتە هیندستان، چەندەها نامیلكەی بڵاوكردەوە كە تێيدا هەوڵیدا پەرستراوێتی مەسیح بسەلمێنێت لەسەر بنەمای ئەوەی كە مەسیح خاڵیە لە تاوان بە بەراورد كردن لەگەڵ نووحدا (علیە السلام). لە درێژەی زنجیرە گومانەكاندا كە بناغەكەی بریتی بوو لە تانەدان لە پێغەمبەران بە ئامانجی پاساو هێنانەوە بۆ پەرستراوێتی مەسیح كە سەلامەتە لە هەر تاوانێك، ئەم قەشەیە گومانێكی تری ورووژاند كە بنیاتنرابوو لەسەر نزاكەی نووح بۆ ڕزگاربوونی كوڕەكەی لە لافاوەكەو چۆن خوای گەورە وەڵامی داوەتەوە كە كوڕەكەی لە ماڵباتی ئەو نیە و كوڕەكەيشی كردەوەی خراپ بووە، وە پاشان چۆن نووح (سڵاوی خوای لێ بێت) دانیناوە بەمەداو ئیعتیرافی كردووە بە لاوازی خۆی و لە خوا پاڕاوەتەوە كە لێی خۆش بێت هەتا كۆتایی چیرۆكەكە.. كە لە قورئاندا چیرۆكێكی ناسراوە.
گومانەكەیش ئەوەیە نووح (علیە السلام) تاوانێكی ئەنجامداوە كە بریتیە لەوەی نزای كردووە بۆ ڕزگاربوونی كوڕەكەی لە لافاوەكە، كە ئەم نزاكردنە دژی فەرمانی خوا بووەو شەفاعەت بووە بۆ كەسێك كە خوای گەورە ویستویەتی لەناوی بات، بەڵگەیش ئەو فەرمایشتەی خوای گەورەیە كە ئەو كارەی نووح (علیە السلام) پێی هەستاوە كردەوەیەكی خراپ بووە {عَمَلٌ غَيْرُ صَالِحٍ}، بەمەیش مەسیح دەبێت بە تەنها كەسێك كە خاڵی بێت لە تاوان!
هەركە مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) گوێبیستی ئەم گومانە بوو دەستبەجێ لە وتارێكی زۆر جواندا بەرپەرچی ئەم بڵاوكراوانەی دایەوەو لە گۆڤارەكەی خۆی "مراجعة الأدیان"دا بڵاوی كردەوە، كە ئەمەی خوارەوە وەرگێڕانەكەیەتی:
"ئەگەر بەڕێز مۆنرۆ لە قورئانی پیرۆزدا فەرمانێكی خواییمان پێشكەش نەكات كە نزا و شەفاعەتی حەرام كردبێت لەسەر نووح (علیە السلام) بۆ كوڕەكەی ئەوا هەر ئەم قسیەی خۆی ئیدانەی دەكات بەوەی كە بە ئەنقەست درۆی كردووە. لە قورئانی پیرۆزدا هیچ ئایەتێك نیە كە بڵێت حەرامە لەسەر نووح (علیە السلام) نزای ڕزگاربوون بۆ كوڕەكەی بكات. هەروەها ئەو ئایەتەیش لە بەرژەوەندی بەڕێز مۆنرۆ نیە كە بەڵێنی خوای گەورەی لێ دەخوێنرێتەوە بە پاراستنی كەسە نزیكەكانی [مەبەست ئەم ئایەتەیە: "حَتَّى إِذَا جَاءَ أَمْرُنَا وَفَارَ التَّنُّورُ قُلْنَا احْمِلْ فِيهَا مِن كُلٍّ زَوْجَيْنِ اثْنَيْنِ وَأَهْلَكَ إِلَّا مَن سَبَقَ عَلَيْهِ الْقَوْلُ وَمَنْ آمَنَ وَمَا آمَنَ مَعَهُ إِلَّا قَلِيلٌ" وەرگێڕی كوردی]
ئەوەی كە پێویستە لەسەر بەڕێز مۆنرۆ ئەوەیە كە دەقی ئایەتێكی قورئان پێشكەش بكات لەسەر ئەوەی كە قەدەغەیە نووح (علیە السلام) نزا بكات بۆ كوڕەكەی.
دەربارەی نووح (علیە السلام) لە سورەتی هود دا ئەم ئایەتانە هاتووە: {وَنَادَى نُوحٌ رَبَّهُ فَقَالَ رَبِّ إِنَّ ابْنِي مِنْ أَهْلِي وَإِنَّ وَعْدَكَ الْحَقُّ وَأَنْتَ أَحْكَمُ الْحَاكِمِينَ (*) قَالَ يَانُوحُ إِنَّهُ لَيْسَ مِنْ أَهْلِكَ إِنَّهُ عَمَلٌ غَيْرُ صَالِحٍ فَلَا تَسْأَلْنِ مَا لَيْسَ لَكَ بِهِ عِلْمٌ إِنِّي أَعِظُكَ أَنْ تَكُونَ مِنَ الْجَاهِلِينَ (*) قَالَ رَبِّ إِنِّي أَعُوذُ بِكَ أَنْ أَسْأَلَكَ مَا لَيْسَ لِي بِهِ عِلْمٌ وَإِلَّا تَغْفِرْ لِي وَتَرْحَمْنِي أَكُنْ مِنَ الْخَاسِرِينَ (*)} واتە: "نووح هاواری کردە پەروەردگاری وتی ئەی پەروەردگارم بەڕاستی کوڕەکەم کەسوکاری منەو بێگومان بەڵێنی تۆش ڕاستە وە تۆش دادوەرترینی هەموو فەرمانڕەوایانی (*) خوا فەرمووی ئەی نووح بەڕاستی ئەو له کەسوکاری تۆ نيیە بێگومان ئەو (کوڕە) کردەوەی خراپ و ناپەسەند بوو جا کەواتە داوای شتێكم لێ مەکە کە زانیاریت دەربارەی نییە بەڕاستی من ئامۆژگاریت دەکەم تا لە نەفامان نەبیت (*) نووح وتی پەروەردگارم بەڕاستی من پەنات پێ دەگرم (لەوەی) داوای شتێکت لێ بکەم کە نایزانم وە ئەگەر نەبووری لێم و ڕەحمم پێ نەکەی لە زیان لێکەوتوان دەبم."
لەم ئایەتانەوە دەردەكەوێت كە نووح باوەڕی بە بەڵێنی خوای گەورە هەبووە بۆ ڕزگاربوونی كەسە نزیكەكانى، وە باوەڕی وەها بووە كە كوڕەكەیشی دەگرێتەوە بە گوێرەی بەڵێنەكە، بەڵام كاتێك بینی كوڕەكەی نوقم بوو، بە زەبوونی و ملکەچی و خاکییانە ڕووی كردە خوای گەورە كە بەڵێنەكەی بۆ پارێزگاری كەسوكارەكەی بووە، وە كوڕەكەیشی یەكێكە لە كەسە نزیكەكانی، وە لە هەمان كاتدا نووح (علیه السلام) باوەڕی تەواوەتی بەوە هەبوو كە بەڵێنی خوا ڕاست و دروستە. بۆ وەڵامدانەوەی ئەم نزایە خوای گەورە دەفەرموێت كوڕەكەی لە كەسوكارەكەی ئەو نیە! وە لەبەرئەوەی ئەم وەڵامە بە تەنها ڕوون نەبوو، ڕاستەوخۆ دوای ئەوە هۆكارەكە هاتووە كە بریتیە له: {إِنَّهُ عَمَلٌ غَيْرُ صَالِحٍ} واتە "بێگومان ئەو (کوڕە) کردەوەی خراپ و ناپەسەند بوو".
بەڵام بەڕێز مۆنرۆ ئەم دەستەواژەيەی بە شێوەیەكی خراپ پێشكەش كردووە، وەك ئەوەی بە هۆی نزاكەی نووحەوە (علیە السلام) هاتبێت.
لێرەدا كۆمەڵە هۆكارێك هەیە كە ئەو مەبەستە دەكات بە مەسەلەیەكی ئەستەم كە بەڕێز مۆنرۆ پێشكەشی دەكات. لە زمانی عەرەبیدا پێویستە پێش ڕاناو ناوێك هەبێت بۆئەوەی ڕاناوەكە تەمسیلی ناوەكە بكات. بەڵام نزاكە و كردەوەكە و هەر ناوێك لەم ناوانە نەهاتووە لە ئایەتەكەی پێشوودا، دواجار:
يەكەم: فەرمایشتی خوای گەورە ﴿إِنَّهُ﴾ ناكرێت بگەڕێتەوە بۆ نزاكە.
دووەم، واژەی ﴿إِنَّهُ﴾ ی یەكەم مەسەلەكە زیاتر ڕوون دەكاتەوە؛ چونكە دەستەواژەی {إِنَّهُ عَمَلٌ غَيْرُ صَالِحٍ} ڕاستەوخۆ دوای دەستەواژەی {إِنَّهُ لَيْسَ مِنْ أَهْلِكَ} هاتووە. وە ڕاناوی (إِنَّهُ﴾ لە دەستەواژەی دواییدا بەوپەڕی ڕوونی و ئاشكرایی دەگەڕێتەوە بۆ كوڕەكە كە لە ئایەتی پێشوودا باسكراوە. ئەمەش دەیسەلمێنێت كە ڕاناوەكە بەسەر هیچ شتێكی تردا پیادە نابێت. هەروەك هەردوو ڕاناوەكە بە یەكسانی و یەك لەدوای یەك لە ڕستەكەدا هاتووە بەجۆرێك ناكرێت بگەڕێنەوە بۆ هیچ شتێك جگە لە خودی ناوەكە (واتە كوڕەكە). وە بەو پێیەی كە ڕاناوی یەكەم بەبێ هیچ گومانێك دەگەڕێتەوە بۆ كوڕەكەی نووح (علیە السلام) ئەوا ڕاناوی دووەمیش پێویسە هەر بگەڕێتەوە بۆ ئەو.
سێيەم: دۆعاكەی نووح (علیە السلام) بەم شیوەیە بوو {إِنَّ ابْنِي مِنْ أَهْلِي} واتە "بێگومان كوڕەكەم لە كەسوكاری منە" لەبەرئەوە تەنها وەڵامی {إِنَّهُ لَيْسَ مِنْ أَهْلِكَ} وەكو پێویست نابێت ئەگەر هۆكارەكەی لەگەڵدا نەبێت.
هەڵبەت بەڵێنی خوای گەورە بۆ نووح (علیە السلام) ئەوەبوو كە كەسوكارەكەی ڕزگار دەكات، بەڵام كاتێك بینی كوڕەكەی نوقم بوو، بەگوێرەی سروشتی بارودۆخەكە دەستیكرد بە گریان كە پێویستە كوڕەكەی كە ئەندامێكە لە خێزانەكەی لە چوارچێوەی بەڵێنەكەدا بێت. بەڵام خوای گەورە فەرمووی كوڕەكەت لە ماڵباتی تۆ نیە. لە خودی خۆیدا ئەم وەڵامە وەڵامێكی قایلكەر نەبوو بۆ نزاكەی نووح ئەگەر ئەوە باس نەكرێت كە بۆچی كوڕەكەی لە ماڵباتی ئەو نیە؟، بەگوێرەی مانای سروشتی زاراوەكە كوڕ ئەندامێكە لە ئەندامەكانی خێزان، وە بەبێ باسكردنی هۆكارەكە بە هیچ شێوەیەك وەڵامەكە قایلكەر نابێت. بەم شێوەیە ڕستەی {إِنَّهُ لَيْسَ مِنْ أَهْلِكَ} بەدوایدا یەكسەر دەستەواژەی {إِنَّهُ عَمَلٌ غَيْرُ صَالِحٍ} هاتووەو هەرگیز ماناكە تەواو نابێت بەبێ ئەم ڕستەیەی كۆتایی.
بێگومان هۆكاری سەر لێتێكچوونی بەڕێز مۆنرۆ بریتیە لەو پێكهاتە زمانەوانیەی كە لە دەستەواژەی {إِنَّهُ عَمَلٌ غَيْرُ صَالِحٍ}دا هەیە؛ چونكە ئەو پێیوایە كە ناكرێت دەربارەی هیچ یەكێك لە كەسەكان بوترێت {عَمَلٌ غَيْرُ صَالِحٍ}. وە سەرچاوەی ئەم ڕەخنەیە ئەوەیە كە شارەزایی نیە لە زمانی عەرەبیدا، وە لە زمانی عەرەبیدا بە زۆری ئەم جۆرە دەربڕین و دەستەواژانە بەكاردێن بۆ كەسەكان، بۆ نموونە كەسێك زۆر زانا و بەخشندە بێت عەرەب دەڵێن: "إِنَّهُ عِلَمٌ وكَرَمٌ وجُودٌ" واتە: ئەو كەسە زانست و بەخشندەییە.. بگرە بەكارهێنانی ئەم پێكهاتەیە لە هەموو زمانەكاندا باوە. ئەوەتا ئەم دەربڕینە لە قورئانیشدا بەكار هاتووە، بۆ نموونە خوای گەورە دەفەرموێت: {لَيْسَ الْبِرَّ أَنْ تُوَلُّوا وُجُوهَكُمْ قِبَلَ الْمَشْرِقِ وَالْمَغْرِبِ وَلَكِنَّ الْبِرَّ مَنْ آمَنَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ} واتە: "چاكە ئەوە نیە ڕوو بكەنە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بەڵكو چاكە ئەوەیە كەسێك باوەڕ بهێنێت بە خوا و ڕۆژی دوایی". ئەوەتا لێرەدا كەسی باوەڕدار وەسف كراوە به "چاكە" لەباتی "چاكەكار". لەبەرئەوە هیچ ڕەخنەیەك ناگیرێت ئەگەر بە كەسێكى خراپەكار بوترێت "كردەوەیەكی خراپ"، بەكارهێنانی ئەم پێكهاتەیە لە زمانی عەرەبیدا باوە.
بابەتێكی تر هەیە كە جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەم تەفسیرە تەفسیری ڕاستەقینەی ئەم دەستەواژەیەیە. خوێندنەوەیەكی تر هەیە بۆ ئەم ئایەتە كە فەرمانەكە بەم شێوەیه «عَمِلَ»، بەجۆرێك فەرمانەكە بە پێكهاتەی ڕابردوو هاتووە لە جیاتی پێكهاتەی «عَمَلٌ» كە كاتەكەی دیارینەكراوە. لەگەڵ ئەوەی ئەم جۆرە خوێندنەوانە هیچ قورساییان نیە لە بەرامبەر خوێندنەوە دانپیانراوەكەدا بەڵام ئەوەندە هەیە یارمەتیدەرە بۆ تیشك خستنەسەر مانای دەستەواژەو دەربڕینە بەكارهاتووەكان لە دەقەكانی قورئاندا. كەوابوو بەگوێرەی خوێندنەوەی دووەم ماناكەی بەڕوونی بەم شێوەیە: "إنّه عَمِلَ عَمَلَاً غَيْرَ صالِحٍ". واتە بێگومان ئەو كردەوەی خراپی كردووە. وە ئەم مانایە یارمەتیمان دەدات كە تەفسیری ڕاستەقینەی ئەو وشانە بكەین كە لە قورئانی پیرۆزدا بەكار هاتوون.
مایەی سەرسوڕمان نیە كە ئەم موبەششیرە مەسیحیانە پێغەمبەرانی خوا تۆمەتبار دەكەن بە تاوانی بێ بنەما و پڕوپووچ، بەڵكو ئەوەی كە زۆر مایەی سەرسوڕمانە ئەوەیە كە ئەو پیاوەی ئەوان كردوویانە بە پەرستراوی خۆیان لەگەڵ خوادا خۆيشی بەگوێرەی ئینجیلەكان كۆمەڵە تاوانێكی خراپتری ئەنجام داوە. موبەششیرەكان دەڵێن گوایە نووح (علیە السلام) تاوانی كردووە؛ چونكە داوای لە خوای گەورە كردووە كە كوڕەكەی ڕزگار بكات و ئەم كارەیشی پێچەوانەی فەرمانی خوایە. بێگومان ئێمە ئەم تۆمەتەمان لە بنەوە هەڵتەكاندو بەڕوونی پیشانماندا كە لە هیچ شوێنێكی قورئاندا فەرمان بە نووح (علیە السلام) نەكراوە كە داوای ڕزگاربوون بۆ كوڕەكەی نەكات، وە لە هیچ شوێنێكدا بەم كردارەی نووح (علیە السلام) نەوتراوە تاوان یان خراپە.
بەڵام وەرن بەیەكەوە لە مەسەلەیەكی هاوشێوەدا بۆ ڕەفتاری یەسوع بڕوانین. بێگومان خوا ڕەوانەی كرد بۆ جیهان بۆئەوەی لەسەر خاچ بمرێت، وە ئەم فەرمانە خواییە بە باشی لای یەسوع ڕوون بوو. لەبەرئەوە نزاكردنی بۆ ڕزگاربوون لەم مردنە دەبێتە گەورەترین تاوان كە ئەنجامیدابێت. وە لەڕاستیدا لە دەقی ئینجیلەكاندا هاتووە كە یەسوع پاڕاوەتەوە، بەڵكو یەك شەوی ڕەبەقی بەسەربرد لە نزاكردندا بە پێچەوانەی فەرمانی خوا، تەنانەت لە كاتێكدا كە وەختی جێبەجێ بوونی ئەو مەبەستە خواییە هاتە پێشەوە كە ئەوی لە پێناودا ڕەوانەكرابوو وەك بانگەشەی بۆ دەكرێت، یەسوع "زۆر خەمباربوو تا ڕادەی مردن". لەبەرئەوە نزاكردنی یەسوع پێچەوانەی فەرمانی خوا بووە؛ چونكە چاری نەبوو هەر دەبوایە بمردایە لەسەر خاچ. كەوابوو بەگوێرەی ئینجیلەكان ئەمە تاوانی یەسوعە كە بەدرۆ و بوختان پێغەمبەر نووحیان پێ تۆمەتبار كردووە. چۆن لە ئینجیلەكاندا یەسوع تاوانبار نیە بەوەی كە نزای كردووە دژی وەسیەت و فەرمانی خوا، كەچی نووح (علیە السلام) بریتیه لە كەسی تاوانبار لە قورئانی پیرۆزدا؟ پێمان خۆشە وەڵامی ئەم پرسیارانە بزانین لە لایەن بەڕێز "مۆنرۆ"وە." (مراجعة الأديان، المجلد 2، العدد 7، التاريخ 1903، الصفحات 259-264)
هەتا ئێستا نە بەڕێز مۆنرۆ نە كەسێكی تر وەڵامیان نەداوەتەوە!
بەم شێوەیە مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) خاچ دەشكێنێت بە پاكڕاگرتنی پێغەمبەرانی خوا (سڵاوی خوایان لێ بێت)

وَآخِرُ دَعْوَانْا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ

- تەرجەمەی ئایەتەکان لە وەرگێڕانەکەی مامۆستا ھەژارەوە وەرگیراوە.

تایبەت

مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) لە هيندستان

لەم لینکەوە کتێبەکە دابگرە: https://www.ahmadiyya-islam.org/krd/books/%d9%85%db%95%d8%b3%db%8c%d8%ad%db%8c-%d9%86%d8%a7%d8%b3%db%8c%d8%b1%db...

Powered by Blogger.