ئهڵقهی یهکهم
سهرپێچی ئادهم و تایبهتمهندی مهسیح
بهسهلامتبوونی له دهستلێدان و زیانی شهیتان
لە ساڵی 1903ز قەشەو موبەششیری ئینگلیزی مۆنرۆ بە نێردراوێكەوە
گەيشتە هیندستان بۆئەوەی خەڵكی بكەن بە مەسیحی، چەندەها نامیلكەیان بڵاوكردەوە كە هەوڵیاندا
لە ڕێگەی ئەم نامیلكانەوە پەرستراوێتی مەسیح بسەلمێنن لەسەر بنەمای ئەوەی كە مەسیح
خاڵییە لە تاوان بە بەراورد كردن لەگەڵ ئادەمدا (سڵاوی خوایان لێ بێت) كە مەسیحیەكان
باوەڕیان وایە ئادەم بریتیە لە بنچینەی تاوان و مردنی ڕۆحانی مرۆڤ و تەشەردان لە پێغەمبەران،
ئەوەبوو حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) كۆمەڵێك وەڵامی زۆر جوانی ئەم
بڵاوكراوانەی دایەوەو لە گۆڤارەكەی خۆیدا (مراجعة الأدیان) بڵاویكردەوە، وە زۆر بەنەرمی
داوای كرد لە قەشە مۆنرو كە بەشی دووەمی وتارەكەی خۆی بڵاوبكاتەوە بۆئەوەی ئەمیش وەڵامی
بداتەوە، بەڵام بێ سوود بوو. ئێمەیش لەبەر درێژی وتارەكە لە خوارەوە تەنها هەندێك دێڕی
وتارەكەی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) دەنووسین:
"بێگومان لەم سیاقەدا ئایەتەكەی پێشووی ئەم چیرۆكە لە
سورەتی (طە) دا زۆر بەجوانی سروشتی سەرپێچیەكەی ئادەم دیاری دەكات، ئەوەتا لێرەدا بەڕوونی
نووسراوە: {وَلَقَدْ عَهِدْنَا إِلَى آدَمَ مِنْ قَبْلُ فَنَسِيَ وَلَمْ نَجِدْ
لَهُ عَزْمًا}. ئەم ئایەته ئەو تۆمەتە لەسەر ئادەم لادەبات كە بە ئەنقەست وەسیەتی خوای
گەورەی شكاندبێت. وە ئایەتەكە بەوەندە وازی نەهێناوەو تەنها ئەوەی ڕوون نەكردووەتەوە
كە ئادەم لەبیری چووە، بەڵكو ئەوەیشی دوورخستوەتەوە لە ئادەم كە نیازی كردنی ئەو كارەی
هەبوو بێت، بەمەش ئایەتەكە دووجار بێتاوانی ئادەمی لەم تۆمەتە درۆینە ڕاگەیاندووە،
وه لەبەرئەوەی نیاز (نییەت) ڕەگەزێكی پێویستە لە تاواندا، وەك پێشتر ڕوونمان كردەوە،
ئەوا خواردنی ئەم بەروبوومە حەرام كراوە لەلایەن ئادەمەوە كارێكە بە هيچ شێوەیەك بە
تاوان ئەژمار ناكرێت. پاشان ڕاستەوخۆ بەدوای ئەم ئایەتەدا چیرۆكی فریودانی ئادەم لەلایەن
شەیتان و خواردنی لە بەروبوومەكە هاتووە، لەبەرئەوە بەشێوەیەكی گومانبڕ ئەوە ڕوون دەبێتەوە
كە لەبیرچوون و نەبوونی نياز پەیوەستن بەم فەرمانە خواییەوە. دیارە ئادەم سەرپێچی كرد
لە فەرمانی خوای گەورە، بەڵام بە ئەنقەست ئەو كارەی نەكردو نیازی سەرپێچی كردنی نەبوو،
بەڵكو لە بیرچوون بووە هۆی ئەوەی كە پێچەوانەی فەرمانی خوای گەورە بجووڵێتەوە. دەتوانرێت
بە سەرەنجامی كردەوە بوترێت سەرپێچی، بەڵام بەو ئەندازەیەی كە پەیوەستە بە كارەكەی
ئادەمەوە، ناكرێت ئەم كردەوەیە ناوبنرێت تاوان. بێگومان ڕەگەزی نياز بەتەواوی ونە،
وه لەم مەسەلەیەدا خوای گەورە خۆی ئادەمی خاوێنكردەوە لە تۆمەتی تاوانكردن. هەڵبەت
لەبیرچوون لاوازیەكی سروشتیە لە مرۆڤدا، وە لەبەر ئەم هۆكارە دوای خواردنی بەروبوومە
حەرامكراوەكە لە ئەنجامی لەبیرچوون، ئادەم ڕوو دەكاتە خوای گەورەو لێی دەپاڕێتەوە كە
بەهێزی بكات و بیپارێزێت لە لاوازی مرۆیی.... بەڵام لەم ئایەتەدا {وَعَصَى آدَمُ
رَبَّهُ فَغَوَى}، سەرپێچیەكە لە ئەنجامی لەبیرچوونەوە ڕوویدا، لەبەرئەوە تاوان نەبووە،
وە وشەی {غَوَی} بەگوێرەی فەرهەنگی بەناوبانگی "لسان العرب" واتە:
"فسد علیە عیشە" (واتە: گوزەرانی لێتێكچوو)، كەوابوو، ناكرێت ئەم وشانە بكرێتە
بناغە بۆ هەر ڕەخنەیەك. وە بەهیچ شێوەیەك ئەو ئەنجامەی لێ دەرناهێنرێت كە ئادەم (سڵاوی
خوای لێ بێت) تاوانی ئەنجامداوە". (مجلة "مراجعة الأدیان"، المجلد 2،
العدد 7، ص256، تموز 1903م)
ئەمە تەنها وەرگێڕانێكی كورت بوو بۆ بەشێكی كەم لە وتارێكی
گەورە كە تێیدا ناوبژیوانی دادگەر (سڵاوی خوای لێ بێت) بەرگری دەكات لە پێغەمبەرانی
خوا (سڵاوی خوایان لێ بێت) بە گوێرەی بنەماكانی قورئانی پیرۆز بە ئامانجی ڕوونكردنەوەی
مەبەستی پەیامی خوایی كە بریتیە لە تەسلیمبوون بە خوای گەورە كە بە ئەندازەی كێشی گەردیلەیەك
ستەم ناكات. بێگومان مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) لە زۆر ڕووەوە ئەم باسەی
تاوتوێ كردووە بۆئەوەی بابەتەكە بەجوانی ڕوون بكاتەوە، وە بەدرێژی لەم مەسەلەیە دوواوە
بۆئەوەی وەهم و گومانەكان لە مێشكی خەڵكیدا بسڕێتەوە. بەڵام ئێمە تەنها بەشێكمان لە
وتارەكەی بەڕێزی وەرگرت بۆئەوەی وێنەكە ڕوون بێتەوە. وە هەر كەسێك دەیەوێت لەمبارەيەوە
زیاتر بزانێت دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ تەفسیری سورەتی "طە" لە (التفسیر الكبیر)
لە ماڵپەڕی (islamahmadiyya.net) دا، كە خەلیفەی دووەم (ڕەزای خوای لێ بێت) بە
درێژی ئەم بابەتەی باس كردووە.
هەروەها ئەم قەشەیە هەوڵیدا خەڵكی بخاتە ناو ئایینی مەسیحیيەوە
بەهۆی بەدناوكردنی ئادەم (سڵاوی خوای لێ بێت) لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی گومان بەگوێرەی
ئەم فەرمودەیە "هیچ كەسێك لە دایك نابێت مەگەر كاتی لە دایكبوون شەیتان دەستی
لێ دەدات و زیانی پێ دەگەیەنێت تەنها مەریەم و كوڕەكەی نەبێت". بێگومان وەڵامی
مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) وەك هەموو جارەكانی تر وەڵامێكی زۆر جوان و ڕێكوپێك
بوو، له خوارەوە بەشێكی كەمی وەردەگرین:
"یەكێك لەو وتانەی ئیمامی بوخاری بریتیە لەم فەرموودەیە
كە لە نامەی تەفسیردا هێناویەتی: "هیچ كەسێك لە دایك نابێت مەگەر كاتی لە دایكبوون
شەیتان دەستی لێ دەدات و زیانی پێ دەگەیەنێت تەنها مەریەم و كوڕەكەی نەبێت"، وە
فەرموودەكە لە نامەی سەرەتای دروستبوون بەم شێوەیە هاتووە: "بە پەنجەكانی... جگە
لە عیسا" لەگەڵ كۆمەڵێك فەرموودەی پێچەوانە، بەمەیش سەرنج ڕادەكێشێت بۆئەوەی كە
مەبەست لە كوڕی مەریەم هەموو ئەو كەسانەیە كە سیفەتەكانی ئەویان هەڵگرتووەو ڕەنگی ئەویان
گرتووە. وە ئەو فەرموودە دژیەكانە لە لاپەڕەی 463 و776 دا هەن، وە فەرموودەیەك هەیە
لە نامەی مارەبڕیندا (النكاح) كە بەم دەستەواژەیە كۆتایی دێت: "شەیتان زیانی پێ
ناگەیەنێت". سەرەڕای ئەمە فەرمایشتی خوای گەوره {إِنَّ عِبَادِي لَيْسَ لَكَ
عَلَيْهِمْ سُلْطَانٌ...}، وە هەروەها فەرمایشتی خوای گەورە دەربارەی یەحیا {وَسَلَامٌ
عَلَيْهِ يَوْمَ وُلِدَ وَيَوْمَ يَمُوتُ وَيَوْمَ يُبْعَثُ حَيًّا} بەوپەڕی ڕاشكاوی
بەڵگەن لەسەر ئەوەی كە پاراستن لە دەستلێدان و زیانی شەیتان تەنها تایبەت نیە بە كوڕی
مەریەم. بەڵام تانەی زەمەخشەری لەم فەرموودەیە -بەوەی كە ئەو فەرموودەیەی ئیمامی بوخاری
لە صەحیحەكەیدا هێناویەتی دەربارەی ئەوەی كە تەنها كوڕی مەریەم پارێزراوە لە دەستلێدان
و زیانی شەیتان خاڵی نیە لە عەیب و قسە هەیە لەسەر ڕاستیەكەی وەك خۆی دەڵێت- هیچ مانایەكی
نیە؛ چونكە ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین لەم بابەتە دەبینین كە ئیمامی مەزن (ئیمامی بوخاری)
خۆی ئاماژەی بەوە داوە كە مەبەست لە مەریەم و كوڕەكەی هەموو ئەو كەسانەن كە سیفەتەكانی
ئەم دووانەیان (واتە مەریم و كوڕەكەی) لە خۆیاندا كۆكردووەتەوە، كەواتە دژیەك و بەریەككەوتن
نیە لە نێوان فەرموودەكاندا." (إزالة الأوهام، ص 640-641)
پاشان مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) دەفەرموێت:
"هەروەها توێژەران فەرموودەیەكیان تەئویل كردووە كە لە صەحیحی بوخاریدا هاتووە
كە دەفەرموێت: "هیچ كەسێك نیە كە لە دایك دەبێت مەگەر كاتی لە دایكبوون شیتان
دەستی لێ دەوەشێنێت و زیانی لێ دەدات تەنها مەریەم و كوڕەكەی نەبێت"؛ چونكە پێیان
وابووە كە پێچەوانەی كۆمەڵێك ئایەتی قورئانی پیرۆزە وەك: {إِلَّا عِبَادَكَ
مِنْهُمُ الْمُخْلَصِينَ}، {إِنَّ عِبَادِي لَيْسَ لَكَ عَلَيْهِمْ سُلْطَانٌ}،
{وَسَلَامٌ عَلَيْهِ يَوْمَ وُلِدَ وَيَوْمَ يَمُوتُ وَيَوْمَ يُبْعَثُ حَيًّا}، دەڵێن
كە مەبەست لە مەریەم و كوڕی مەریەم ئەو كەسانەن كە سیفاتی ئەوانیان هەڵگرتووە، هەروەك
شرۆڤەكاری بوخاری لە شرۆڤەی ئەم فەرموودەیەدا دەڵێت: "هەڵبەت زەمەخشەری تانەیداوە
لە مانای ئەم فەرموودەیەو بەلایەوە ڕاست نەبووە، وە دەڵێت: ئەگەر ڕاست بێت ئەوا ماناكەی
هەموو ئەو كەسانەیە كە سیفاتی ئەمانیان هەیە؛ چونكە خوای گەورە دەفەرموێت: {إِلَّا
عِبَادَكَ مِنْهُمُ الْمُخْلَصِينَ}."
كەوابوو لە وەڵامەكەی مەسیحی بەڵێندراوەوە (سڵاوی خوای لێ
بێت) بە بەڵگەی پتەو ئەوە ڕوون دەبێتەوە كە پاراستن لە زیان و دەستلێدانی شەیتان تەنها
تایبەت نیە بە مەسیح و دایكی (سڵاوی خوایان لێ بێت)، بەڵكو هەموو ئەو كەسانەیش دەگرێتەوە
كە سیفەتەكانی ئەوانیان هەیە. بەمەیش مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) گرنگـترین
بناغەی بە مەسيحيكردنی تێكشكاند كە بریتیە لە فیدابوون و داپۆشینی تاوان (الفداء والكفارة).
وَآخِرُ دَعْوَانَا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ