پەڕەكان

أعلان الهيدر

Friday, February 23, 2018

الرئيسية یەكەم: ئەو نبوئەتەى كە پەیوەستە بە خاتوو موحەممەدی بێگەم و خێـزانەكەیەوە

یەكەم: ئەو نبوئەتەى كە پەیوەستە بە خاتوو موحەممەدی بێگەم و خێـزانەكەیەوە

چەند نبوئەتێكى دامەزرێنەری كۆمەڵى ئيسلامى ئەحمەدى (عليه السلام) كە نەیارەكان گومانیان هەیە تێیدا

یەكەم: ئەو نبوئەتەى كە پەیوەستە بە خاتوو موحەممەدی بێگەم و خێـزانەكەیەوە

لەڕاستیدا ئەم نبوئەتەى گەورەمان میـرزا غوڵام ئەحمەد (عليه السلام) كە پەیوەستە بە خێـزانی موحەممەدی بێگەم... یەكێكە لەو نبوئاتانەى كە نەيارەكانی زۆر لەسەری دەڕۆن وپێداگری دەكەن لەبارەیەوە، وە ڕەخنەی لێ دەگرن گوایە دڵنیان لەوەی كە نەهاتوەتە دی.
"موحەممەدی بێگەم"كچی یەكێك لە خزمە زۆر دوورەكانی گەورەمان ئەحمەد بوو لە باوكیەوە بە ناوی میـرزا ئەحمەد بەگ. ئەم كابرایە پاشگەزبوونەوەی خۆی لە ئیسلام ڕاگەیاند. هەر بەتەنها ئەمەی نەكرد، بەڵكو لەگەڵ هەندێ خزمی تـردا دیسان بەشداری كرد لە جنێودان بە پێغەمبەری ئیسلام گەورەمان موحەممەد (صلى الله عليه وسلم) وگومان دروست كردن لە ڕاستی قورئانی پیـرۆز، و نکۆڵی كردن لە بوونی خوای پەروەردگار (مرآة كمالات الإسلام، الخزائن الروحانیة ج5 ص566-675).
شتێكی سروشتیە گەورەمان ئەحمەد نیگەران بوو لەم هەڵوێستە بێ شەرمانە كە ئەم خزمانە هەیانبوو بەجۆرێك بەردەوام ئامۆژگاری دەكردن كە وازبهێنن لە نکۆڵی كردن لە بوونی خوای پەروەردگار و جوێندان بە پێغەمبەری زۆر بەڕێـز (صلى الله عليه وسلم) و تەشەردان لە قورئان كە وتەی پیـرۆزی خوایە. بەڵام ئەوان گاڵتەیان دەكرد بە ئامۆژگاریەكانی و گوێی خۆيان كەڕدەكرد لە ئاستیدا. بەڵكو تاكە وەڵامدانەوەیان بریتی بوو لە درێژەدان بە دوژمنایەتی و بە سووك سەیـركردنی ئەو ئامۆژگاریانەی كە گەورەمان ئەحمەد پێشكەشی دەكردن. وە گەورەمان ئەحمەد تێبینی ئەوەی كرد كە ئەم خەڵكانە بە توندتـرین شێوە چاویان قایم بووە لە پەلاماردانی هەموو پیـرۆزیيەكانی ئیسلام، وە ئەم بابەتەی بەم شێوەیەی خوارەوە باسكردووە و دەفەرموێت:
"بەم شێوەیە لەسەركەشی خۆیاندا سەرگەردان بوون، لە نەفامیەكانیاندا بەلەسە بوون، ڕۆژبەڕۆژ زیاتـر لەخۆیان بایی دەبوون، تەنانەت وایان بەباش زانی كە قسە پڕوپووچەكانی خۆیان بڵاوبكەنەوەو بەچەواشەكاریەكانیان مرۆڤە گەوجەكان لەخشتەبەرن، بۆیە كتێبێكیان نووسی كە جنێودان بە پێغەمبەری ئیسلام (صلى الله عليه وسلم) و جنێودان بە وتەی خوای گەورە و نكۆڵی كردن لە خوای كردگاری بەرزو بڵندی تێدا بوو." (سەرچاوەى پێشوو).
ئەم بڕوانامەیە كە هەندێ كەسی جودابوو لە ئیسلام لەو خێـزانە بڵاویانكردەوە... دەنگێكی دایەوە لە ڕۆژنامە مەسیحیەكاندا (جريدة "چشمه نور، أمرتسار، بتاريخ 13/8/1885م). وە نووسەرەكانی داوایان كرد لەو كەسانەی كە باوەڕیان بە ئايينی ئیسلام هەیە نیشانەیەك بهێنن كە ڕاستی بیـروباوەڕەكەیان بسەلمێنێت.
كاتێك ئەم هەواڵە گەیشتە گەورەمان ئەحمەد (مەسیحی بەڵێندراو) زۆر خەفەتبار بوو، كە بەم وتانەی خۆی ئەو خەفەتەی خستە ڕوو: "وشەگەلێكی لەناكاو خەریكە ئاسمانەكان شەقبەرن بەهۆیانەوە. وە منیش دەرگاكانم داخست و پاڕامەوە لە پەروەردگاری بەخشندە، وە خۆم خستە بەردەمی و بەكڕنووشەوە كەوتم لەبەردەستیدا... وتم ئەی پەروەردگار بەندەكەی خۆت سەرخە و نەيارەكانت سووك و ڕسوابكە! نزاكەم گیـرا بكە ئەی پەروەردگار نزاكەم گیـرا بكە! تاكەی گاڵتە بكرێت بە تۆ و فروستادەكەت؟ تا كەنگێ كتێبەكەت بە درۆ بزانن و جنێو بدەن بە پێغەمبەرەكەت؟ داوای ڕێژنەبارانی ڕەحمەتی تۆ دەكەم ئەی خوای زیندوو ئەی ڕاگری زەوى و ئاسمانەكان ئەی خوای یارمەتیدەر." (مرآة كمالات الإسلام، الخزائن الروحانیة ج5 ص596).
-بەبێ بچوكتـرین گومان- لەم نزایەوە دەردەكەوێت كە هیچ پاڵنەرێكی شەخسی نەبووە بۆ ناكۆكی نێوان گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو و خێـزانی موحەممەدی بێگەم وەك نەيارانی ئەحمەدیەت بانگەشە دەكەن. بەڵكو بە پێچەوانەوە، لە خوای پەروەردگار پاڕاوەتەوە كە نزاكەی گیـرا بكات و نەيارانی ئايينی ئیسلام سووك و ڕسوا بكات ئەوانەی كە نكۆڵیان لە بوونی خوا دەكردو جنێویان بە پێغەمبەرەكەی موحەممەدی هەڵبـژاردە (صلى الله عليه وسلم) دەدا و ناتەواوی و كەموكوڕییان دەدایە پاڵ قورئانی پیـرۆز (سەرچاوەى پێشوو). بۆیە پەروەردگاری ڕەحمی كرد بە لاڵانەوە و هەناسە قووڵ و ئەسرینەكانی و بانگیكرد:
"بێگومان من لاساری وسەركەشی ئەوانەم دی، بۆیە بە جۆڕەها دەرد وبەڵا لێیان دەدەم، وە لە ژێـر ئاسمانەكاندا تەفروتونایان دەكەم، وە دەبینی چ كارێكیان پێ دەكەم، وە ئێمە لەسەر كردنی هەموو شتێك بەتواناین." (سەرچاوەى پێشوو).
خوا ئەم كارەی كرد وەك گیـراكردنی نزاكانی گەورەمان ئەحمەد كە تێیدا كڕوزایەوە خوای گەورە پارێـزگاری بكات نەك تەنها لە كەرامەتی گەورەمان ئەحمەد، بەڵكو پێش ئەمە لە كەرامەتی خۆی (عزّ وجلّ)، وە لە كەرامەتی پێغەمبەرەكەی موحەممەدی هەڵبـژاردە (صلى الله عليه وسلم)، وە لە كەرامەتی كتێبەكەی كە قورئانی مەزنە.
پاش ئەمە بەڵگە هێنانەوە دژی ئەم نبوئەتە -كە بریتیە لەو كارەی نەيارەكانی گەورەمان ئەحمەد دەیكەن- یەكسانە بەو قسەیەی كە ئەم خێـزانە، كە زۆربەی ئەندامەكانی بێ باوەڕبوون،... (پەنا بە خوا) سەركەوتن لە شكست پێ هێنانی ویستی خوای پەروەردگاردا.
بەڵگەش لەسەر ئەمە ئەوەیە كە ئەو بڕوانامەیەی هەندێ لە گەورەكانی خێـزانی موحەممەدی بێگەم بڵاویان كردەوە، وە ئەو ئامانجەیش كە گەورەمان ئەحمەد لە پێناویدا پاڕایەوە لە خوای گەورە... لە بنچینەدا پەیوەستن بە بوونی خوای گەورە و ڕاستگۆیی گەورەمان موحەممەدی هەڵبـژاردە (صلى الله عليه وسلم) و ڕاستگۆیی قورئانی پیـرۆزەوە (جريدة "چشمه نور" أمرتسار 13/8/1885م).
پاشان ڕێوشوێنی بەردەوامی خوا ئەوەیە كە بەندەكانی سزا نادات پێش ئەوەی كەسێكیان بۆ ڕەوانە بكات تاوەكو بیانتـرسێنێت... ئەمەش بۆئەوەی هەلێك بڕەخسێت بۆ تاوانباران تا بگەڕێنەوە بۆلای خوا و خۆیان چاك بكەن. جا ئەگەر گوێیان گرت و وەڵامی تـرساندنەكەیان دایەوە و گەڕانەوە بۆ لای خوا و كرداری چاكیان كرد ئەوا پەروەردگاری خەتاپۆش و میهرەبان بە چاوی میهرەبانیيەوە بۆیان دەڕوانێت بەگوێـرەی ئەم بەڵێنەی خۆی: {فَمَنْ تَابَ مِنْ بَعْدِ ظُلْمِهِ وَأَصْلَحَ فَإِنَّ اللَّهَ يَتُوبُ عَلَيْهِ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَحِيمٌ (*)} (سورة المائدة: 40)، "جا هەركەسێ تۆبەی كرد دوای ستەمەكەی وكردەوەی چاكی ئەنجامدا وباش بوو ئەوا خوا تۆبەكەی لێ وەردەگرێت بەڕاستی خوا لێبوردە و دلۆڤانە". وە نەوەكانی خێـزانی موحەممەدی بێگەم بەدەر نین لەم بنەما دانپیانراوە. لەبەرئەوە خوای گەورە -لەگەڵ تـرساندنی خۆی بۆ ئەوان بە تۆڵەیەكی نزیك بە هۆی كردەوەی خراپیانەوە- سزایان نادات پێش ئەوەی كە دەرفەتی تۆبە و چاكەكاری بدات پێیان... وە ئەمەش ڕوون و ئاشكرایە لە زۆرێك لەو هەواڵە ئاسمانیانەی كە دابەزیوەتە سەر گەورەمان ئەحمەد... بۆ نموونە بەڕێـزی ئەم لقەی خێـزانی موحەممەد بێگەمی تـرساند بەوەی كە خوا هەواڵی پێداوە:
"بەیەكجار لە ناویان نابەم، بەڵكو وردە وردە بەشكوم بگەڕێنەوەو ببن بەو كەسانەی كە تۆبەیان كردووە. بێگومان نەفرینم دابەزیوەتە سەر خۆیان و دیواری ماڵەكانیان، سەر گەورە و بچوكیان، پیاویان، ژنیان، میوانیان كە لە دەرگایان دەچێتە ژوورەوە، وە هەموویان نەفرین لێكراون... مەگەر ئەوانەی باوەڕیان هێناوەو كردەوەی چاكیان كردووەو پەیوەندی خۆیان پچڕاندووە بەمانەوەو دووركەوتونەتەوە لە نشینگەكانیان، كە بێگومان ئەوانە لە ڕەحم پێكراوانن." (مرآة كمالات الإسلام، الخزائن الروحانیة، ج5 ص569).
وە لە ڕاگەیاندێكی تـردا گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام) تـرساندنی لەوەی كە خوای گەورە بڕیاریداوە: "لە داهاتوودا هەموو لقێك لە مناڵی مامەكانت دەپچڕێت و بەبێ نەوە كۆتایی دێت. ئەگەر نەگەڕێنەوە بۆ لای خوا ئەوا بەدڵنیاییەوە خوا بەڵا لەدوای بەڵا دەنێـرێتە سەریان هەتاكو لەناویان دەبات. وە ماڵەكانیان پڕ دەبێت لە بێوەژن، وە تووڕەیی خۆی دادەبەزێنێتە سەر دارو دیواریان." (جریدة "ریاض الهند" بتاريخ 20/2/1886ز).
وە لەبۆنەیەكی تـردا گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام) یەكێك لە مامەكانی موحەممەدى بێگەم (میـرزا ئیمامەددین)ی تـرساند كە خوای گەورە بڕیاری سزادانی داوە ئەگەر تۆبە نەكات. لەگەڵ ئەوەشدا گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام) بەڕاشكاوی ڕایگەیاند كە خوای گەورە هەواڵی پێداوە: "ئەگەر تۆبەی كرد ئاكامەكەی چاك دەبێت، وە سەرەڕای تـرساندنەكە خۆشبەختی حەوانەوە بەدەست دەهێنێت" (سرمه چشم آريا، الخزائن الروحانية ج2 ص191).
وە ئەوەی پەیوەستە بە دایك و باوكی موحەممەدی بێگەم (ئەحمەد بەگ و ئەمیـرونيساء) بە شێوەیەكی تایبەت ئەوەیە كە گەورەمان ئەحمەد نبوئەتى ڕاگەیاندووەو، دەفەرموێت: "لە خوای بەخشندەوە ئیلهامم بۆ هات كە سزایان دەدات ئەگەر تەوبە نەكەن. وە پەروەردگارم پێی وتم: ئەگەر تۆبە نەكەن و نەگەڕێنەوە بۆ ڕێگەی ڕاست بەڵا دادەبەزێنینە سەریان لە ئاسمانەكانەوە. وە ماڵەكەیان وا لێدەكەین پڕ بێت لە بێوەژن و شوومردووەكان، وە بە وەجاخكوێـری و بەجێماوی دەیانمرێنین، وە ئەگەر تۆبەیان كردو كرداری چاكیان ئەنجامدا ئەوا ئێمەیش بە میهرەبانی تۆبەیان لێ وەردەگرین. وە ئەوەی ویستومانە لە سزا دەیگۆڕین، پاشان بە دڵخۆشیەوە ئەو شتە دەبەنەوە كە دەیانەوێت." أنجام آثم، الخزائن الروحانية ج 11 ص212).
ئیلهامەكانی گەورەمان ئەحمەد جەخت لەوە دەكەنەوە كە ئەو بەڵاو موسیبەتانەی كە دابەزینیان بڕیاردراوە لەسەر ئەندامە هەڵگەڕاوەكانی ئەم لقەی خێـزانەكە هەموویان مەرجدارن، وە دەوەستن لەسەر هەڵوێستی ئەم تـرسێنـراوانە لە داهاتوودا. ئەگەر ویستیان دەتوانن بە تۆبەكردن خۆیان ڕزگار بكەن لەو سزایەی كە بڕیاردراوە بۆیان. بەڵام ئەگەر بەرهەڵستیان كردو بەردەوام بوون لەسەر دوژمنایەتیەكەیان ئەوا بەردەوام وەكو ئامانجێك دەمێننەوە بۆ ئەو تووڕەیی و ڕقە خواییە كە بڕیاردراوە بۆیان. لەڕاستیدا توێژینەوە لە هەموو بابەتی ناكۆكیەكە بە ژیـریەكی ئازادی پاكەوە ئەوە بۆ توێژەر دەردەخات كە بە درێژایی ئەو ماوەیەی كە خێـزانی موحەممەدی بێگەم لە ژێـر چەتـری غەزەبی خواییدا بوون... گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام) بەردەوام تكای لێدەكردن، وە زۆربەی جار دووپاتی دەكردەوە، كە تۆبە بكەن و خۆیان ڕزگار بكەن لە سزایەك كە ناتوانن دەربازبن لێى، وە بە دڵسۆزیەكی ڕاستەقینەوە ئامۆژگاری دەكردن. بەڕێـزی دەفەرموێت: "بۆ ئەوەی بەتەواوی بڕوبیانوویان نەمێنێت ئامۆژگاریم كردن و گوتم: داوای لێبوردن بكەن لە پەروەرێنتان كە خاوەنی لێبوردەییە" (سەرچاوەى پێشوو).
پاشان لە ڕاگەیاندنێكی تـردا گەورەمان ئەحمەد بەڕاشكاوی وتی كە لە یەكێك لە خەوەكاندا ئافرەتێكی بینیوە لە ماڵباتی میـرزا ئەحمەد بەگ كە دەگریا، بۆیە ئامۆژگاری نەنكی موحەممەدی بێگەمی لەدایكیەوە كرد و وتی: "ئەی ئافرەتەكە بگەڕێوە بۆلای خوا بگەڕێوە بۆلای خوا، دڵنیابە بەڵا لە دواتەوەیە." سەرچاوەى پێشوو لا 214).
بەڵام ئەندامەكانی ئەم خێـزانە -بەهۆی بەدبەختیانەوە- لووتبەرزی زیاتـر توندوتیژی كردن و ئامۆژگاریان قەبوڵ نەكرد. وە بۆ ماوەیەك ستایشی ئایینی مەسيحيیان كرد (جريدة "چشمه نور"، أغسطس 1885م، وجريدة "نُور أفشان"، بتاريخ 10/ 5/1888م).
دوای ئەمە هەندێ لە ئەندامە دیارەكانیان هەڵگەڕانەوەو چوونە ناو ئایینی ئاریا سماجەوە- كە ڕێكخراوێكی هيندۆكی بوو، خۆی تەرخان كردبوو بۆ تێكدانی بەها ئیسلامیەكان لە كیشوەری هيندیدا (جريدة "رياض الهند" المجلد الأول رقم 16). وە پاش چەند ساڵێك ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی ئەو خێـزانە وەرچەرخان بۆ بێباوەڕی و لەبەرامبەر خەڵكیدا ڕایانگەیاند:
"هیچ پێویستیمان بە خوا و كتێبەكەی و پێغەمبەرەكەی، خاتەمی پێغەمبەران نیە. وە وتیان هیچ نیشانەیەك قەبوڵ ناكەین هەتا خوا لە خۆمان ئایەتێكمان پیشان نەدات، وە ئێمە باوەڕمان بە قورئان نیە، كە ئامرازی جیاكەرەوەی ڕەواو ناڕەوایە، وە نازانین پەیام چیە و ئیمان چیە، وە ئێمە لە كافرانین" (كرامات الصادقين، الخزائن الروحانية، ج7 ص162).
وە لەبەرئەوەی كە چارەنووسی خوای گەورە بەشێوەیەك بوو كە بەیەك لێدان لەناویان نەبات، بەڵكو وردە وردە بۆئەوەی بگەڕێنەوە... خوای گەورە دەستیكرد بە هێنانەدی وتەكانی. وە خێـزانی موحەممەدی بێگەم تووشی زنجیـرەیەك موسیبەت بوون وەك پێشتـر بڕیاری لێدرابوو. وە لە زنجیـرەی ئەو كۆستانە كە لە مانگی 31هەمین لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی نبوئەتەكەوە دژی ئەم خێـزانە دەستی پێكرد... ئەوەبوو كە مامەی موحەممەدی بێگەم -میـرزا نیـزامەددین- كۆستێكی گەورەی كەوت بە مردنی كچە گەنجەكەی لە تەمەنی 25 ساڵیدا كە مناڵێكی شیـرەخۆرەی لەدوا بەجێما.
وا پێویست بوو كە ئەم مەینەتیە كاریگەریەكی قورسی هەبێت لەسەر خێـزانی موحەممەدی بێگەم، بەڵام بەداخەوە دڵیان ڕەق بوو، وە گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام) بینی ئەمانە زیاتـر درێژە دەدەن بە یاخی بوونیان، وە بەردەوام دەبن لە گاڵتەكردن بە ئیسلام وەكو نەيارانی ئەم ئایینە.
بەهۆی كاریگەری ئەم كۆستە میـرزا نیـزامەددین مردو لە دوای خۆی كوڕەكەی (میـرزا گوڵ موحەممەد) و كچەكەی بەجێهێشت. وە ئەم دووانە لە كەسانی دانا و پارێـزكاربوون بەجۆرێك لەسەر دەستی گەورەمان ئەحمەددا هاتنە ناو ئیسلامەوە. بەڵام براكەی میـرزا نیـزامەددین كە میـرزا ئیمامەددین بوو یەك كچی لەدوای خۆی بەجێهێشت كە خورشید بێگەم بوو... كە بەیعەتیدا بە گەورەمان ئەحمەد وەك چۆن كوڕە مامەكەی (گوڵ موحەممەد) و خوشكەكەی ئەو كارەیان كرد.
وە پاش ئەمە خورشید بێگەم شووی كرد بە كوڕی گەورەمان ئەحمەد و نەوەكەیشی شووی كرد بە یەكێك لە نەوەكانی گەورەمان ئەحمەد.
وە برای سێيەمی میـرزا نیـزامەدین كە میـرزا كەمالەددین بوو... لە "قادیان"دا مایەوە بۆ وشكە خواپەرستی و ئەو ڕۆژانەی كە مابووی لە ژیاندا لە گۆڕستان و خانەقاكانی هيندستاندا بەسەری برد. وە دوای ئەوە خۆی خەساند و پەشیمان بوویەوە لە كردەوەكانی، و ئاكامێكی سەختی بەدبەختانەی چەشت و بەبێ وەچە سەرینایەوە.
وە سەرەتای ئەم نبوئەتەش كە بەناوبانگە بە نبوئەتى موحەممەدی بێگەم ئەوە بوو كە چارەنووس ئەوەی خواست كە دایك و باوكی موحەممەدی بێگەم پێویستیان بە یارمەتی گەورەمان ئەحمەد بوو لە هەندێ كاروباری تایبەت بە موڵكەكانی ئەم خانەوادەیەدا. بۆیە باوكی موحەممەدی بێگەم -میـرزا ئەحمەد بەگ- ڕۆیشت بۆ لای گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام) و بەوپەری نەرمونیانی و خۆبەكەمزانیەوە تكای لێكرد تاوەكو یارمەتی بدات.
وە گەورەمان ئەحمەد ئارەزووی هەبوو بۆ جێبەحێكردنی ئەم چاكەیەی كە ئەو پیاوە داوای كردبوو، وە هەواڵی پێدا كە پاش داواكردنی خێـرو چاكە لە خوای پەروەردگار وەڵامی دەداتەوە، هەروەك ئەمە نەریتی بەڕێـزی بوو لە هەموو كاروبارە گرنگەكاندا.
پاش ئەوە گەورەمان ئەحمەد فەرمووی: "بەهۆی پێداگری ئەوەوە داوای خێـرو چاكەم كرد لە خوا، كە بۆنەیەك بوو خوای گەورە نیشانەی خۆی تێدا دەرخست" (مجموعة الإعلانات ج1 ص 157 إعلان 10/ 7/1888م).
گەورەمان ئەحمەد بە میـرزا ئەحمەد بەگی ووت كە خوای گەورە فەرمانی پێكردووە كە ئامۆژگاری میـرزا ئەحمەد بەگ بكات بۆ دروستكردنی پەیوەندیەك لەگەڵ گەورەمان ئەحمەددا بەوەی كە بیكات بە مێـردی كچە گەورەكەی، واتە موحەممەدی بێگەم، بۆئەوەی نوورانی بێت بە نوورەكەی ئەو (سەرچاوەى پێشوو).
وە ئەو كەسانەی كە شارەزای دابونەریتی خێـزانەكانن لە هیندستاندا ئەوە دەزانن كە داواكردنی كچی دوژمن بە ئاشكرا، بەتایبەتی لەو خێـزانانەی كە بنەڕەتێكی دەرەبەگانەیان هەیە، لەوانەیە بە توندتـرین ئامراز دابنـرێت بۆ تەنگ پێهەڵچنین و زەبوونكردنی ئەو دوژمنە. وەك ئەوەی خوای باڵادەست بە دانستی ئەزەلی خۆی بڕیاری دابێت كە بدات لەم لقە -كە لە بنچینەدا لە خانەوادەیەكی ڕەگەز پاك بوو-بە شێوازێك كە توندتـرین ئازاری تێدا بێت، ئەگینا بیـر لەوە ناكرێتەوە كە گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام) ئارەزووی دروستكردنی پەیوەندی ژن و ژنخوازی هەبێت لەگەڵ خێـزانێكدا كە بەم ڕادەیە دووربن لە ئیسلامەوە.
ئەمەش لە كاتێكدا كە گەورەمان ئەحمەد لە 53هەمین ساڵی تەمەنیدا بووە و مێـردی خانمێكی پارێـزكار بووە كە دەگەڕێتەوە بۆ ڕیشەیەكی جوامێـر: خاتوو نوسرەت جیهان بێگەم، لەنەوەی (نواب میـر دەرد) یەكێك لە دۆستە ناسراوەكانی خوا لە دەلهی، لە هيندستان. وە ژیانی گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام) پێش هێنانی ئەم خانمە ساڵی 1882ز جەخت لەوە دەكاتەوە بەجۆرێك هیچ بوارێك نادات بۆ گومان، كە پیاوێك بووە گوێی نەداوە بە خۆشیە دنیاییەكان. ئەمەش لەو ڕاستیەوە دەردەكەوێت كە بەڕێـزی كاتی جیابوونەوەی لە خێـزانی یەكەمی: خاتوو حورمەت بی بی... هێشتا تەمەنی نەگەيشتبووە 21 ساڵ... وە دوای ئەوە 28 ساڵ مایەوە بەبێ ئەوەی جاری دووەم ژن بهێنێتەوە، بەڵكو بە پێچەوانەوە بەبێ خێـزان ژیا و گەنجێتی خۆی تەرخان كرد بۆ خزمەتی ئیسلام، وە تەنها بە هەوڵ و تێكۆشانە ئايينی و وێژەییەكانەوە خەریك بوو. لەبەرئەوە هەركەسێك كە تۆزقاڵێك هەستی ویژدان و دادگەری هەبێت ناتوانێت هیچ حەزو ئارەزوویەكی دنیایی بداتەپاڵ گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام) لەم قۆناغەی ژیانیدا.
وە بەبێ گوێدان بە لاف و گەزافی نەيارەكانی... ئەو خۆی لائەدا لە هاوسەرگیـری موحەممەدی بێگەم، وە بە ئاشكرا بێ ئەوەی مەرجی لەگەڵدا بێت ڕایگەیاند: ئەو پێویستی بەم هاوسەر گیـریە نیە؛ چونكە خوای گەورە هەموو پێویستیەكانی بۆ دەستەبەر كردووە (سەرچاوەى پێشوو).
وە لەڕاستیدا ئەوەی نووسی بۆ هاوەڵی دڵسۆزو نهێنی پارێـزی خۆی: مەولانا حەكیم نورەددین... كە لەو كاتەوەی ئەو ئیلهامە خواییەی پێگەیشتووە دەربارەی ئەم هاوسەرگیـریە، بە سروشتی خۆی ڕقی لێی دەبێتەوەو خۆزگە دەخوازێت كە چارەنووسی خوایی بوەستایە. وە بەڕاشكاوی دەربارەی ئەم هاوسەرگیـری دووەمە دەفەرموێت: "بێگومان سووربووم لەسەر ئەوەی كە هەرچەند هەڵوێستەكە مەتـرسیدار بێت من حاشای لێدەكەم مەگەر ناچاربم بۆ كردنی بەفەرمانێكی ڕاشكاو لەلایەن خوای گەورەوە؛ چونكە قورساییەكانی فرەژنی و بەرپرسیاریيە نالەبارەكانی زۆر زۆرن. هەروەها چەندەها مەرجی تێدایە كە كەس ناتوانێت بەتەواوی جێبەجێیان بكات مەگەر كەسانێك كە خوای گەورە ئەركی هەڵگرتنی ئەو مەرجانە بخاتە سەرشانیان، ئەمەش بە چارەنووسێكی تایبەتی لەلایەن خۆیەوە دەبێت، و بۆ مەبەستێكی تایبەتی، وە لەڕێگەی پەیوەندی و نیگایەكی تایبەتیشەوە دەبێت" (رسالة بتاريخ 20/6/1886م).
جا ئەگەر نەيارەكانی گەورەمان ئەحمەد بە عەقڵە ناتەواو و خەیاڵە نەخۆشەكەی خۆیان پێداگری دەكەن -سەرەڕای ئەم ڕاستیە چەسپاوانە- لەسەر سووكایەتی كردن بەم بەندە پارێـزكارە پاكە لە بەندەكانی خوای گەورە، وە گومان دەكەن لە نیازە پاك و خاوێنە پارێـزكاریەكانی ئەو... ئەوا مرۆڤ هیچی پێناكرێت جگە لە ئارامگرتن و دڵدانەوەی خۆی بەوەی كە مەزنتـرینی مرۆڤە خاوێن و خاوێنكەرەوەكان... گەورەمان موحەممەد خاتەمی پێغەمبەران (صلى الله عليه وسلم) دیسان سەلامەت نەبووە لەم جۆرە تانەو تەشەرە پیس و چەپەڵانە.
ئایا ئەوە نازانن كە داوێنپیسانی وەكو (فرۆید) لە ڕۆژئاوا بەردەوام و بۆ چەند سەدەیەكی درێژ گاڵتەو قەشمەرییان دەكرد بە پێغەمبەری خۆشەویستمان (صلى الله عليه وسلم) بەهۆی هاوسەرگیـریەكەی لەگەڵ خاتوو زەینەبی كچی جەحشدا (ڕەزای خوای لێ بێت)... ژنی تەڵاقدراوی بەكوڕكراوی پێشووی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گەورەمان زەید (رضي الله عنه)؟. ئایا دانست و پێویستی داخوازی ئەوە ناكەن، لای ئەو كەسانەی لە خوای گەورە دەتـرسن، كە بە وریایی و سووربوونەوە پشكنیـن لەو كاروبارانەدا بكەن كە پەیوەستن بە ژیانی ئەم كەسایەتیە پیـرۆزانە... كە ژیانیان پاكە لە هەر خەوشێك؟ یاخود ئەو كەسانەی كە نەنگی دروست دەكەن بۆ پێغەمبەرانی خوا پێیان باشە خۆیان بخەنە ڕیـزی ئەو كەسانەوە كە دەربارەیان وتـراوە: گەوجەكان كوێـرانە خۆیان دەخەنە ناو ڕێگایەكەوە كە فریشتەكان دەتـرسن بچنەناوی.
وتمان خوای گەورە فەرمانی كرد بە گەورەمان ئەحمەد كە ئاگاداری باوكی موحەممەدی بێگەم، میـرزا ئەحمەد بەگ، بكات كە پەیوەندی دروست بكات لەگەڵیدا بۆ ئەوەی لە نوورەكەی ئەو وەربگرێت، بۆیە پێویست بوو لەسەر گەورەمان ئەحمەد كە گوێـڕایەڵی پەروەرێنی خۆی بكات و ئامۆژگاری باوكی موحەممەدی بێگەم بكات. وە هەر ئەوەیشی كرد ئەو كاتەی پەیامی خوای گەورە و ناوەڕۆكەكەی پێـڕاگەیاند:
"بێگومان خوای گەورە پێی وتم كە مارەكردنی لە پیاوێكی تـر نە بەرەكەتی تێدایە بۆ ئەو نە بۆ تۆش. ئەگەر بەتوندی قەدەغەی نەكەیت ئەوا نەهامەتیەكان بەسەرتا دەڕێژرێت، وە نەهامەتی كۆتایی مردنتە. وە دەمریت لەدوای مارەبڕینەكەوە تا سێ ساڵ. بەڵكو مردنت نزیكەو كاتێك یەخەت پێدەگرێت تۆ لە بێئاگایانی. هەروەها شووەكەی دەمرێت ئەو كەسەی كە دەبێت بە مێـردی لە ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگدا كە فەرمانێكە لەلایەن خواوە. چیت پێ دەكرێت بیكە، من بۆ تۆ یەكێكم لە ئامۆژگاران" (مرآة كمالات الإسلام الخزائن الروحانية ج 5 ص 573).
بەداخەوە میـرزا ئەحمەد بەگ بەردەوام بوو لە سەركەشیەكەی، وە بەگاڵتە پێكردنەوە هەڵسوكەوتی كرد لەگەڵ ڕاوێژەكەی گەورەمان ئەحمەددا، وە بە شێوەیەكی ئاشكرا هەرچی لە توانایدا بوو خەرجی كرد بۆ گاڵتەكردن بە گەورەمان ئەحمەد. وە میـرزا ئەحمەد بەگ و خانەوادەكەی یەكیانگرت لەگەڵ بانگخوازە مەسیحیەكاندا و بەیەكەوە پەیامەكەی گەورەمان ئەحمەدیان بڵاوكردەوە لە ڕۆژنامە مەسيحيیەكاندا (جريدة "نور أفشان"، لدهيانه، 10/ 5/1888م). كە بووە هۆی ڕەخنەگەلێكی زۆر كە ئەم ڕەخنانە نەگیـران لە گەورەمان ئەحمەد بەو ئەندازەیەی كە گیـران لە خودی ئیسلام (جريدة "آريا بتريكا"، لاهور، 16/ 6/1888م).
ئابەم شێوەیە خێـزانی ئەحمەد بەگ بووە هۆی ورووژاندنی خەشم و قینی خوا لە خۆی، وە دەستاڕی خەشم و قینی خوایی دەستی كرد بە سووڕانەوە و هاڕین. لە ئەڵقەی یەكەمی زنجیـرەی نەهامەتیەكاندا باوكی موحەممەدی بێگەم واتە میـرزا ئەحمەد بەگ كوڕەكەی لەدەستدا كە ناوی میـرزا موحەممەد بەگ بوو لە یولیۆی ساڵی 1889ز دا. وە گەورەمان ئەحمەد پرسەو سەرەخۆشی بۆ ناردن و هەستی ڕاستەقینەو دڵسۆزی خۆی دووپات كردەوە بۆ باوكی خەمبار بەم وتەیەی خوارەوە:
"پێدەچێت بێـزارو دڵتەنگ بیت لە من، بەڵام خوای زانا ئاگای لێیە كە دڵی ئەم بەندە خۆبەكەمزانە بەتەواوی پاك و بێگەردە و تكای خێـرت بۆ دەكەم لە هەموو كارێكدا" (حیاة أحمد ص 245).
 كاتێك میـرزا ئەحمەد بەگ پێداگری كرد لەسەر لووتبەرزیەكەی خۆی و كچەكەی كرد بە هاوسەری میـرزا سوڵتان موحەممەد لە ئەپریل (نیسان)ی 1892ی زایینیدا نەنكی موحەممەدی بێگەم لەدایكیەوە بوو بە قوربانی نبوئەتەكە، ئەو ئافرەتەی كە گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام) لە خەویدا بینی و ئامۆژگاری كرد بە وتەی: ئەی ئافرەتەكە تۆبە بكە تۆبە بكە هەڵبەت بەڵاو موسیبەت لە دواتەوەیە. هەروەها هەردوو خوشكی میـرزا ئەحمەد بەگی باوكی موحەممەدی بێگەم مردن. كەچی میـرزا ئەحمەد بەگ پەندی وەرنەگرت و دوای شەش مانگ لەو هاوسەرگیـریە شوومە لە سێبتەمبەری ساڵی 1892ی زایینیدا بە نەخۆشی گرانەتا تیاچوو (تاريخ الأحمدية، ج2). بەمەش نبوئەتى 10/7/1888ی زایینی هاتەدی كە تێیدا هاتووە: "دەمرێت لە سنوری سێ ساڵ لە هاوسەرگیـری كچەكەیەوە" (مرآة كمالات الإسلام، الخزائن الروحانية ج 5 ص573).
وە ڕووداوە مێژوییەكان ئەوەیان تۆمار كردووە كە مردنی باوكی موحەممەدی بێگەم دوای هاوسەرگیـریەكەی بە ماوەیەكی كورت بەتەواوی هەموو خێـزانەكەی شڵەژاند، وە ئەم ڕووداوەش كاریگەریەكی توندی هەبوو لەسەر لایەنی دەروونییان بەجۆرێك ئەندامەكانی ئەم خێـزانە بە ئاشكرا دانیان بەوەدانا كە نبوئەتەكەى گەورەمان ئەحمەد هاتەدی (أنجام آثم، الخزائن الروحانية ج 11 ص219).
وە دیسان ڕووداوە مێژوییەكان ئەوەشیان تۆماركردووە كە خێـزانی میـرزا ئەحمەد بەگ دوای ئەوە ڕاوەستان لە شێوازی زمانپیسی دەربارەی خوای گەورە و پێغەمبەرەكەی موحەممەدی هەڵبـژاردە (صلى الله عليه وسلم) و كتێبە مەزنەكەی كە قورئانی پیـرۆزە. لەڕاستیدا لەگەڵ بەدواییەكدا هاتنی ڕووداوەكان... وردە وردە ئەم خێـزانە وەرچەرخانەوە بەرەو ئیسلام وەك داواكردنێك بۆ دڵدانەوە، وە ئەندامەكانیشی هەوڵیاندا داوای چاوپۆشین و لێبوردن لە كردارە خراپەكانیان بكەن، بەڵكو تكایان كرد لە گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام) كە داوا بكات لە خوای گەورە تا بە ڕەحمەتی فراوانی خۆی هەر سزایەكی نزیكیان لەسەر هەڵبگرێت كە بۆیان بڕیاردراوە، وە ئەو نەفرینەیان لەسەر لاببات كە بۆیان نووسراوە. ئەمەش ڕاستیەكە كە تەنانەت مەلا ثناء الله ئەمريتساریش دانیپێداناوە كە دوژمنایەتی ئەویش كەمتـر نەبوو بەرامبەر گەورەمان ئەحمەد لە هی ئەوان (إلهامات میـرزا ص69).
ئەو نەوەيەی كە نکۆڵی لە بوونی خوای گەورە دەكرد و جنێوی بە پێغەمبەرە بەڕێـزەكەی (صلى الله عليه وسلم) دەدا و سووكایەتی بە كتێبە مەزنەكەی دەكرد لەناكاو گەڕایەوە بۆ چوونە ناو ئیسلام لەسەر دەستی گەورەمان میـرزا غوڵام ئەحمەد دا. هەڵبەت ئەم كارەیان كرد؛ چونكە لەوە دڵنیا بوون كە نبوئەتەكەى گەورەمان ئەحمەد لەبارەی خێـزانەكەیانەوە بەڕوونی هاتەدی. وە تاكە پشتوپەنای بەردەمیشیان بریتیە لە پەشیمان بوونەوەو تۆبەكردن و تكای لێخۆش بوون.
وە لەو كەسە تۆبەكردوانەی كە چوونە ناو ئیسلامەوە و باوەڕیان كرد بە بانگەوازەكەی گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام) ئەمانە بوون:
خاتوو قەمەر نیسائى بێگەم بێوەژنەكەی میـرزا ئەحمەد بەگ كە دایكی موحەممەدی بێگەم بوو، وە عینایەت بێگەم و مەحمودە بێگەم و براكەیان میـرزا موحەممەد بەگ، هەروەها میـرزا ئیسحاق بەگ كوڕی موحەممەدی بێگەم، وە میـرزا ئەحمەد حەسەن زاوای میـرزا ئەحمەد بەگ، وە میـرزا گوڵ موحەممەد و خوشكەكەی كە هەردووكیان مناڵی ماوەی میـرزا نیـزامەددین بوون، وە حورمەت بی بی پوری موحەممەدی بێگەم و كچەكەی، وە بەڕێـز تائی و خورشید بێگەم (تاريخ الأحمدية ج2).
لەبەر ڕۆشنایی ڕێوشوێنی بڕیاردراوی خوای گەورەدا كە لە فەسڵی یەكەمدا لێی دواین... مرۆڤ چاوەڕوانی ئەوە دەكات لەم ساتەوەختەدا -كە خێـزانی موحەممەد بێگەم ی نەیار دەستیان كردووە بە "تۆبە كردن و داوای لێخۆش بوون لە خوا"- خوای گەورە بە ڕەحمەتی فراوانی خۆی ئەو بڕیاری سزادانە كە دەرچووە لە دژیان هەڵوەشێنێتەوە... چونكە ئیتـر هۆكارێك نەماوە بۆ بەردەوامبوونی سزادانیان. ئەمە هەر بەتەواوی ئەو كارە بوو كە خوای گەورە كردی هەروەك لە ڕووداوەكانی دواییدا دەردەكەوێت وەكو ڕاستاندنێك بۆ ئەو بەڵێنەی خۆی: "ئەگەر تۆبەیان كردو كرداری چاكیان ئەنجامدا؛ ئەوا بەڕەحمەتی خۆم تۆبەیان لێ وەردەگرم، وە ئەو سزایەی كە ویستبوومان هەڵدەگرم لەسەریان، وە ئەوەیان بۆ دادەبەزێنم كە خۆیان هەڵیدەبـژێـرن". (أنجام آثم، الخزائن الروحانیة ج11 ص211).
وە ئەگەر دوای ئەمە كەسێك گومان بكات و بڵێت خێـزانی موحەممەدی بێگەم شایستەی سزای زیاتـر بوون... ئەوا ئەم قسەیە لە لوتكەی گومڕاكردندایە. هەڵبەت دوای ئەوەی كە سزا دابەزیە سەر ئەم خێـزانە نەیارە، ئەوە ڕوون دەبێتەوە كە ئەوان دەستیان هەڵگرت لە دوژمنایەتی و داوای چاوپۆشینیان كرد. وە ئەم خێـزانە نیازچاكی خۆیان سەلماند كاتێك ئەندامەكانی بەدڵسۆزیەوە بەیعەتیاندا بەو كەسەی كە خوای گەورە بە ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو ڕەوانەی كردبوو... واتە گەورەمان میـرزا غڵام ئەحمەدی قادیانی (عليه السلام)، ئیتـر چۆن خوای گەورە سزای ئەم گروپە دەدات كە خۆی فەرموویەتی: {عَذَابِي أُصِيبُ بِهِ مَنْ أَشَاءُ وَرَحْمَتِي وَسِعَتْ كُلَّ شَيْءٍ.. فَسَأَكْتُبُهَا لِلَّذِينَ يَتَّقُونَ}، "سزاو ئازارم دووچاری هه‌ر که‌سی ده‌که‌م که‌ بمه‌وێ وه‌ ڕه‌حمه‌تیشم هه‌موو شتێکی گرتۆته‌وه‌.. جا له‌دواییدا به‌زه‌ییم ده‌نووسم بۆ ئه‌وانه‌ی پارێزکارن." (الأعراف: 157).
ئایا خاوەنی ڕۆژی پەسڵان و پەروەردگاری ڕەحمەت و خەتاپۆش... مژدەی نەداوە بە سەرجەمی ئادەمیـزادەكان كە دەفەرموێت: {فَمَنْ تَابَ مِنْ بَعْدِ ظُلْمِهِ وَأَصْلَحَ فَإِنَّ اللَّهَ يَتُوبُ عَلَيْهِ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَحِيمٌ (*)}(المائدة: 40)، "جا هەركەسێ تۆبەی كرد دوای ستەمەكەی وكردەوەی چاكی ئەنجامدا وباش بوو ئەوا خوا تۆبەكەی لێ وەردەگرێت بەڕاستی خوا لێبوردە و دلۆڤانە".
سەیـر لەوەدایە كە ئەو خێـزانەی كە كاریگەربوو بەم نبوئەتە دانیاننا بە هاتنەدیەكەیدا و گەڕانەوە بۆ لای گەورەمان ئەحمەد... كەچی بەردەوام هەتا ئەمڕۆ نەيارەكان بە پێچەوانەی ئەمەوە دەمەدەمێ و مشتومڕ دەكەن... لەسەر ئەو بنەمایەی كە موحەممەدی بێگەم شووی نەكرد بە گەورەمان ئەحمەد...
ئەوان نووساون بەم قسەیەوە سەرەڕای ئەوەی كە نبوئەتەكە ئەوەی بەدوور نەزانیوە كە ئەو ئافرەتە شوو بكات بە پیاوێكی تـر لە هەر قۆناغێكدا بێت، وە شووكردنی بە گەورەمان ئەحمەد مەبەستی سەرەكی نەبوو لە نبوئەتەكە... بەڵكو بەپێچەوانەوە نبوئەتەكە هۆكارێكی پێشنیاركراوبوو بۆ هێنانەدی ئامانجی كۆتایی هەروەك نبوئەتەكە ڕوونیكردوەتەوە ئەویش گەڕانەوەی ملنەدەرێكی گومڕا بوو بۆ هیدایەت... ئەمەش بەتەواوی جێگیـر بووە لە دەقی ئەو نبوئەتەى كە دژی ئەم خێـزانە لێكتـرازاوە كراوە (مرآة كمالات الإسلام، الخزائن الروحانیة ج5 ص566-574).
هەر كە ئامانجی كۆتایی هاتەدی بە تۆبەكردنی ئەم خێـزانەو دەستبەجێ ڕۆيشتنی بۆناو ئايينی ئیسلام پاش مەرگی ئەحمەد بەگ... دادگەری خوایی ئەوە دەخوازێت كە بەشى دووەمی نبوئەتەكە بێتەدی -واتە لێبوردن كە پەیوەستە بەو مەرجەی كە ئەم خێـزانە لاسارە تۆبە بكەن... خوایش بە ڕەحمەت و لێبوردەیی تۆبەیان لێ وەردەگرێت. كەواتە لێخۆشبوونی خوا لە میـرزا سوڵتان موحەممەد و موحەممەدی بێگەم... لەڕاستیدا بەڵگەیەكی زیادەیە لەسەر هاتنەدی نبوئەتەكە بە گشتی، وە هیچ بەدرۆخستنەوەیەك ناگرێتەخۆی بۆ ئەم نبوئەتە.
ڕەنگە نەيارەكانی گەورەمان ئەحمەد وازنەهێنن لە نکۆڵی كردن لە هاتنەدی ئەم نبوئەتە، بەڵام تۆمارە مێژوویییەكان ئەوە دەردەخەن كە خودی ئەو خێـزانەی بڕیاربوو كە زەبروزەنگی تووڕەبوونی خوایی بچێژن بەتەواوی باوەڕیان بەوەكرد كە نبوئەتەكەى گەورەمان ئەحمەد دەربارەیان تامەودای خۆی هاتەدی بە گوێـرەی خواستی خوای گەورە. هەڵبەت میـرزا ئیسحاق بەگ كوڕی موحەممەدی بێگەم پێینا لە ئاكامی سووك و ڕسوايی باپیـرەی و دەڵێت:
"میـرزا ئەحمەد بەگی باپیـرەم مرد لە ئەنجامی نبوئەتەكە، وە هەموو خێـزانەكەی تووشی تـرسان بوون پاشان خۆیان چاككرد، وە بەڵگەی یەكلاكەرەوەش لەسەر ئەمەش ئەوەیە كە زۆربەی خێـزانەكە هاتنە ناو ئەحمەدیەتەوە" (جریدة "الفضل" 26/2/1923م).
دەی ئایا نەيارەكانی گەورەمان ئەحمەد بانگەشەی ئەوە دەكەن كە ئەوان چاكتـر دەزانن لە هاتنەدی نبوئەتەكە لەو كەسانەی كە لە خودی ئەو خێـزانە بوون و هەموو قۆناغەكانی نبوئەتەكەيان بەچاوی خۆیان بینیوە؟ هەڵبەت میـرزا سوڵتان موحەممەدی مێـردی موحەممەدی بێگەم بەڵگەیەكی چاكی پێشكەش كرد لەسەر هەڵوێستی خۆی دەربارەی گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام) لە میانەی ئەو نامەیەی خۆی كە ئەوكاتە بڵاویكردەوە، ئەمەش دەقى وەرگێـڕدراوی نامەكەيە:
"هەڵبەت من پێشتـرو هەتا ئێستایش پێموایە كە بەڕێـز میـرزا كەسێكی پیاوچاك و مەزن و خزمەتكاری ئیسلام بووە، وە خاوەنی كەسایەتیەكی شەریف بوو، وە هەمیشە لە یادكردنی خوای گەورەدا بوو، وە هیچ دوژمنایەتیكم لە دەروونمدا حەشارنەداوە بۆ شوێنكەوتوانی، وە زۆر بەداخەوەم -لەبەر هۆكارگەلێكی دیاریكراو- شەرەفی دیدەنی كردنیم دەست نەكەوت لە ژیانیدا." (تشحیذ الأذهان، مایو 1913م).
ئەم شایەتیە تۆماركراوە پارێـزراوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە میـرزا سوڵتان موحەممەد لە دڵەوە باوەڕی بەوە هەبووە كە نبوئەتەكەى گەورەمان ئەحمەد هاتووەتەدی بەو ئەندازەیەی كە خوای گەورە ویستویەتی.
لەڕاستیدا میـرزا سوڵتان موحەممەد لە وتەیەكی خۆیدا، كە درێژەی وتەكەی لە ژیانی خۆیدا بڵاوكرایەوە، بەڕاشكاوی دەڵێت: "كاتی نبوئەتەكە ئاریای هيندۆس بە هۆی لیخ ڕام و مەسیحیەكان بەهۆی ئاتهەمەوە (ئەم دووانە تیاچوون بەهۆی موباهەلەكردن لەگەڵ گەورەمان ئیمامى مەهدی و مەسیحی بەڵێندراودا –عليه السلام-) بڕی سەد هەزار ڕوپیەیان خستە بەردەمم بۆ ئەوەی داوایەكی یاسایی بەرزبكەمەوە دژی بەڕێـز میـرزا. وە ئەگەر من ئەو بڕەم قەبوڵ بكردایە ئەوا دەوڵەمەند دەبووم. بەڵام باوەڕی مەزنم بە بەڕێـزی نەیهێشت بچمە پێش بۆ كردنی ئەم كارە." (جریدة "الفضل" تاريخ 9/6/1921م).
دیارە ئەو دەربڕینە ڕاشكاوەی میـرزا سوڵتان موحەممەد كە بڵاوكراوەتەوە لە ستوونی ڕۆژنامەی (الفضل)دا دیسان بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئەو بەتەواوی لە دڵەوە باوەڕی بەڕاستگۆیی گەورەمان ئەحمەد و بانگەشەكەی هەبووە، كە ئەمەش ڕاستیەكە ئەم ڕاگەیاندنەی خوارەوە دووپاتی دەكاتەوە: "بەبێ پاشگەزبوونەوە ڕایدەگەیەنم كە من باوەڕێكی چەسپاوم هەیە بە بەڕێـز گەورەمان میـرزا... كە لەوانەیە ئێوەی شوێنكەوتوانی نەتوانن بانگەشەی بكەن" (سەرچاوەى پێشوو).
هەرچی چۆنێك بێت میـرزا سوڵتان موحەممەد تاكە كەس نەبوو باوەڕی وابێت كە نبوئەتەكەى گەورەمان ئەحمەد لەبارەی خێـزانی موحەممەدی بێگەمەوە هاتووەتەدی بەو ناوەڕۆكەی كە خوای گەورە تەقديرى كردووە، بەڵكو مەلا موحەممەد حوسەین بەتالەوی... گەورەی كۆمەڵی ئەهلی فەرموودە لە هیندستان... كە زۆربەی نەيارەكانی ئەحمەدیەت ڕێـزی لێ دەگرن و نەيارێكی سەرسەختی گەورەمان ئەحمەد بووە... خودی خۆی ئاگاداری مەسەلەی ناكۆكی نێوان گەورەمان ئەحمەد و خێـزانی موحەممەدی بێگەم بووە. وە بەباشی بابەتی ئەو نبوئەتەى دەزانی كە دژی ئەم خێـزانە ئەنجامدرا. وە سەرەڕای ئەوەی كە شێواندن و زڕاندنی ناوبانگی گەورەمان ئەحمەدی بە ئەركێكی گەورە دادەنا كە خۆی بۆ تەرخان كردبوو.. بەڵام مەلا موحەممەد حوسەین بەتالەوی مەرگی سووك و ڕسوای میـرزا موحەممەد بەگی بەچاوی خۆی بینی و بە ڕاشكاوی ووتی:
"لەگەڵ ئەوەی نبوئەتەكە هاتەدی... بەڵام ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ زانستی ئەستێـرەناسی"!! (مجلة "إشاعة السنّة" المجلد الخامس).

وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين

تایبەت

مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) لە هيندستان

لەم لینکەوە کتێبەکە دابگرە: https://www.ahmadiyya-islam.org/krd/books/%d9%85%db%95%d8%b3%db%8c%d8%ad%db%8c-%d9%86%d8%a7%d8%b3%db%8c%d8%b1%db...

Powered by Blogger.