چەند نبوئەتێكى دامەزرێنەری كۆمەڵى ئيسلامى ئەحمەدى (عليه
السلام) كە نەیارەكان گومانیان هەیە تێیدا
ئەو
یاسا بنچینەییانەی كە بڕیار دەدەن لە هاتنەدی نبوئاتەكاندا
پێش ئەوەی دەستبكەین بە باسكردنی هەندێ لە نبوئاتەكانی
گەورەمان میـرزا غوڵام ئەحمەد (عليه السلام) كە نەيارەكانی بەخەیاڵی خۆیان
وادادەنێن كە نەهاتوونەتە دی... ڕەنگە دانوستاندن دەربارەی ئەو یاسا بنچینەییانەی
كە بڕیار دەدەن لە هاتنەدی ئەو نبوئەتە خواییانەی كە خوا بەخەڵات دەیبەخشێت بە
فروستادەكانی... پەیوەندیەكی پتەوی هەبێت بەم بابەتەوە.
هیچ كەسێك كێشە ناكات لەگەڵ نەيارەكانی ئەحمەدیەتدا
كاتێك دەڵێن: "پێغەمبەر لەلایەن خۆیەوە نبوئەت (هەواڵی غەیبی داهاتوو) نادات،
بەڵكو تەنها بەهۆی بەڵگەیەكی بەهێـز لەلایەن خوای گەورەوە ئەم كارە دەكات".
ئەو قسەیە كە "هەموو نبوئەتێكی پێغەمبەر دەبێت بەشێوەیەكی دەقاودەق
بێتەدی" بە بۆچوونێكی ساویلكانە دێتە ئەژمار كە ئەو كەسانەی خاوەنی ئاوەزێكی
سنوردارن دەیسەپێنن و جەختی لێدەكەنەوە. مێژووی تۆماركراوی ئایینەكان ئاماژە بۆ
ئەوە دەكات كە پیاوانێك لەوانەی كە لە بەرزتـرین پلەوپایەی ڕۆحانیدا بوون دیسان
هەندێجار وەكو پێویست توانای تێگەیشتنیان نەبووە لە پەیامی ئاسمانی... وە بەگوێـرەی
شایەتیدانی قورئان... ئەوە ڕوویداوە كە هەندێ لە پێغەمبەرانی خوای باڵادەست لەو
هەواڵانەی كە بە وەحی پێیان گەيشتووە بەشێوەیەك تێگەيشتوون كە پێچەوانەی ئەو
ڕاستیە بووە كە خواستی خوایی مەبەستی بووە لەو وەحییەی كە بۆیان كرابوو. ئایا خەوەكەی
گەورەمان موحەممەد (صلى الله عليه وسلم) نازانین كە پەیوەست بوو بە جێبەجێكردنی عومرە
و حەج لەگەڵ هاوەڵەكانیدا... ئەو ڕووداوەی كە لە مێژووی ئیسلامدا بە (رێككەوتنی
حودەیبیە) ناسراوە؟ لەوێدا چی ڕوویدا؟ فەرموودەكان دەڵێن كە پێغەمبەر (صلى الله
عليه وسلم) -بەگوێـرەی خەوێكی خوایی كە بینیبووی-داوای كرد لە هاوەڵەكانی كە خۆیان
ئامادە بكەن بۆ زیارەتكردنی ماڵى خوا لە مەككەى پیـرۆزو بەجێهێنانی دروشمەكانی عومرە
لەوێدا. بەڵام موشریكەكانی مەككە نەیانهێشت كە پێبخەنە ناو پارچەزەوی پیـرۆزەوە.
وە كارەكە كۆتایی هات بە واژۆكردنی پەیماننامە لە نێوان موسوڵمانان و موشریكەكاندا
لە حودەیبیە، وە بەگوێـرەی مەرجەكانی ئەم پەیماننامەیە پێغەمبەر (صلى الله عليه
وسلم) ڕازی بوو بە گەڕانەوە بۆ مەدینە بەبێ بەجێهێنانی دروشمەكانی عومرە كە بەڕێـزی
(صلى الله عليه وسلم) لە خەوەكەوە وا تێگەیشتبوو كە بەجێهێنانی ئەم دروشمانە لە
چارەیان نووسراوە (صحیح البخاري، كتاب المغازي).
وە كەلەپووری ئیسلامی شایەتە لەسەر ئەوەی كە
هاوەڵەكانی پێغەمەبەر (صلى الله عليه وسلم) -لەگەڵ ڕێـزو ئیحتیـرامی بێ پایانیان
بۆ پایەكەی- زۆر بەتوندی بێـزاربوون لە شكاندنی ئیحرامی عومرەكەیان و گەڕانەوەیان
بۆ مەدینە بەبێ هاتنەدی نبوئەتەکە بەو شێوەيەی كە تێگەيشتبوون لێی(سەرچاوەى پێشوو).
لە پاش چەند ساڵێك گەورەمان عومەر (رضي الله عنه)
ئەو ڕووداوەی باسكردو بەڕاشكاوی ئەوەی وت كە: "لەو كاتەوەی چووەتە ناو
ئیسلامەوە هیچ كاتێك گومانی بۆ دروست نەبووە جگە لە ڕۆژی حودەیبیە." (زاد
المعاد).
تۆ بڵێی -ئەو بەناو زانا لەخۆبایيانە- كە دەمەدەمێ
دەكەن لە بەدیهاتنی نبوئاتەکانی گەورەمان ئەحمەددا (عليه السلام)... ئەگەر ئەوان
لەكاتی واژۆكردنی ڕێككەوتننامەی حودەیبیەو گەڕانەوە بۆ مەدینە بەبێ جێبەجێكردنی
دروشمەكانی عومرە كە خەوەكەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئاماژەی پێ كردبوو،
ئامادەبوونایە چییان دەوت؟.
لێـرەدا نموونەیەكی تـر هەیە ڕوونی دەكاتەوە كە چۆن
هەندێجار پیاوانی خاوەن پلەوپایەی بڵند بەتەواوی لە خەوە خواییەكان تێناگەن... كە
بریتیە لە بەڵێنی خوای پەروەردگار بە گەورەمان نووح (عليه السلام). قورئانی پیـرۆز
بۆمان دەگێـڕێتەوە كە خوای باڵادەست بەڵێنیدا بە پێغەمبەرەكەی خۆی نووح (عليه
السلام) بە ڕزگاربوونی سەرجەم خاوخێـزانەكەی لە كارەساتی ئەو لافاوەی كە نزیكە تووشی
گەلەكەی بێت... وە كاتێك گەورەمان نووح (عليه السلام) كوڕەكەی خۆی بینی كە لە
لێواری نوقم بووندایە پەروەردگاری خۆی بانگكرد بە هاوارگەلێكی زۆر خەماوی و دۆشدامانێكی
بەژانەوە: {رَبِّ إِنَّ ابْنِي مِنْ أَهْلِي وَإِنَّ وَعْدَكَ الْحَقُّ}(هود: 46) ،
"ئەی پەروەردگارم بەڕاستی کوڕەکەم کەسوکاری منەو بێگومان بەڵێنی تۆش ڕاسته"،
وەك ئەوەی بەڵێنەكەی پێشووی بیـر بهێنێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا.. خوای گەورە... لە
باتی ئەوەی كوڕەكەی ڕزگار بكات.. باوكی شڵەژاوی ئاگاداركردەوە كە ڕاستە كوڕەكەی لە
گۆشت وخوێنی خۆیەتی، بەڵام -بەهۆی بەدكاریەكەیەوە- ناچێتە ناو چوارچێوەی خێـزانی
پێغەمبەرەوە لە دیدی خوای گەورەدا. وەك ئەوەی گەورەمان نووح (عليه السلام) بە هەڵە
تێگەیشتبێت لە بەڵێنە خواییەكە كە پەیوەست نەبوو بە خێـزان و نەوەی ئەم
پێغەمبەرەوە مەگەر تەنها لە ڕووی ڕۆحیەوە.
وە ئێمە پرسیار دەكەین لەو كەسانەی كە بەبێ بەڵگە
سوورن لەسەر بڕیاردان: قسەیان چی دەبوو ئەگەر ئامادەی ئەم دیمەنە بوونایەو لەسەر
شاخەكەوە چاوەڕوان بوونایەو ئەو شەپۆلە بەهێـزەیان ببینایە كە كوڕەكەی نووحی
ڕاماڵی بەرەو چارەنووسی كۆتایی؟
ئەمانە كۆمەڵە ڕاستیەكی مێژوویی چەسپاون لە
كتێبەكانی وەحی خواییدا... ئایا ئەو ڕاستیە ناگەیەنن بە مرۆڤ كە پێویستە ئەو
هۆكارە جۆر بەجۆرانە بەباشی بزانێت كە خوا بەهۆیانەوە وشەكانی خۆی دەچەسپێنیت...
ئەمەش پێش ئەوەی سەرچڵی بكات و مشتومڕی ئەو بابەتە وردە بكات كە پەیوەستە بە
هاتنەدی نبوئاتەکان و خواستی خواییەوە؟
هەڵبەت قورئانی پیـرۆز باسی ئەو یاسا زێـڕینەی
كردووە كە زاڵە لە هەڵسوكەوتكردنی خوای گەورە لەگەڵ مرۆڤدا بەجۆرێك خوای خاوەنی
چارەنووسەكان ڕایدەگەیەنێت: {عَذَابِي أُصِيبُ بِهِ مَنْ أَشَاءُ وَرَحْمَتِي
وَسِعَتْ كُلَّ شَيْءٍ.. فَسَأَكْتُبُهَا لِلَّذِينَ يَتَّقُونَ}(الأعراف: 157)،
"سزاو ئازارم دووچاری ههر کهسی دهکهم که بمهوێ وه ڕهحمهتیشم ههموو
شتێکی گرتۆتهوه.. جا لهدواییدا بهزهییم دهنووسم بۆ ئهوانهی پارێزکارن".
وە بەڕوانین بۆ ئەم بنەما باڵادەستە هەمیشەییە... كارێكی
ساویلكانەیە كەسێك ناڕەزایی دەربڕێت و بڵێت: هەردەبێت نبوئاتەكان دەقاودەق بێنەدی
بەو شێوەیەی كە ژیـری سنورداری مرۆڤ لێی تێدەگات. بێگومان نموونەی ئەم جۆرە
بۆچوونە بەتەواوی گومڕاكەرە، وە خاوەنەكەی بێئاگایە لەوەی كە دەبێت ئەم دوو بابەتە
ڕەچاو بكات:
یەكەمیان: سیفەتی
میهرەبانی خوای بەبەزەیی كە دەریایەكی بێبنە.
دووەمیان:
هۆكارەكانی تـر كە پەیوەستن بەم بابەتەوە.. وەك ڕەفتاری ئەو گەلەی كە نبوئەتە خواییەكە
لەبارەیانەوە دەرچووە.
وە لەبەرئەوەی كە تای تەرازووی ڕەحمەتی خوای گەورە
قورستـرە لە تای غەزەبەكەی... ئەوا ئەو موسوڵمانەی كە شایستەی گەردیلەیەك لە
نیعمەتی خوایی بێت ناكرێت زات بكات و بوێـرێت مافی خوا كۆت بكات لە هەڵبـژاردن و چاكەكردن
بە میهرەبانی خۆی لەگەڵ هەر كەسێك كە خۆی بیەوێت. ئەم مافە بەشایەتی قورئان و فەرموودەكانی
پێغەمبەری بەخشندە ئەوەیە كە خوای گەورە بەم شێوەیە ڕایگەیاندووە: {كَتَبَ عَلَى
نَفْسِهِ الرَّحْمَةَ}(الأنعام: 13)، "ڕەحمەتی لەسەر خۆی نووسیوە"، ڕەحم
بە هەركەسێك دەكات كە خۆی بیەوێت ئەگەرچی لەو كەسانە بێت كە پێشتـر غەزەبیان لەسەر
نووسرا بێت.
گومان لەوەدا نیە كە ئەوەی خوای گەورە بڕیاری
لێبدات حەقی پەتیە؛ چونكە هیچ شتێك نافەرموێت ئەوە نەبێت كە ڕاست و دروستە. بەڵام
خوای گەورە هەر خۆی خاوەنی خواستی خۆیەتی و پەروەردگاری چارەنووسەكانە. نبوئەت دەدات
بەلەناوچوونی گەلێك پاشان ئەم گەلە لە ژیاندا ڕەفتاری خۆیان دەگۆڕن پەشیمانی پیشان
دەدەن، وە دەگەڕێنەوە بۆ لای خوا و بەگوێـرەی پارێـزكاری هەڵسوكەوت دەكەن... ئا لەم
كاتەدا خوای گەورە لێیان دەبورێت..، وە ڕێگە دەدات بە بنەمای باڵادەست -واتە
بنەمای "رەحمەتەكەشم هەموو شتێكی داگرتووە" كە هەستێت بە ڕۆڵی خۆی بە گوێـرەی
یاسای: {وَمَا كَانَ اللَّهُ مُعَذِّبَهُمْ وَهُمْ يَسْتَغْفِرُونَ}(الأنفال: 34)،
"وە خوا تووشی سزایان ناكات لەكاتێكدا ئەوان داوای لێخۆشبوون بكەن".
وە مرۆڤ واقی وڕدەمێنێت كاتێك دەبینێت ئەم
تانەدەرانە لە كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی شكستیان خواردووە لە تێبینی كردنی ئەو
دیاردە ڕۆژانەیەی كە هەموو ئیماندارێك تاقیدەكاتەوە. زۆرجار باوەڕدار لە خەودا
ئاگاداركردنەوەیەك دەبینێت كە پەیوەستە بە ڕووداوگەلێكی نەخوازراو و كارەساتگەلێكی
نزیك لە ژیانیدا، وە دەتوانێت بەسووربوونەوە بڕیاربدات كە ئەم جۆرە خەوانە خەوی
ڕاستەقینەو چاكن -بە گوێـرەی سوننەتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وە لەڕاستیدا
بریتین لە ئاگاداركردنەوەی خوایی، كە لە ڕێگەیانەوە خوای گەورە كۆمەڵە مەتـرسیيەك
ئاشكرا دەكات بۆ بەندەكانی كە هەڕەشەن لەسەری، بەڵام ئەگەر كەسی ئاگاداركراو
گەڕایەوە بۆلای خوا و بە كڕوزانەوەوە داوای لێبوردنی لە خوای گەورە كردو خێـرو خێـراتی
كردو ماڵی بەخشی لەڕێگەی خوادا- ئەوا زۆربەی كات بەڕەحمەت و چاوپۆشینی خوا ئەو مەتـرسیانەی
دەوریان داوە دوور دەكەونەوە.
تۆبڵێی بۆچوونی ئەو كەسانەی كە ڕەخنە لە نبوئاتەكانی
گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام) دەگرن چۆن بێت لەمەڕ ئەو پەروەردگارەی كە هەواڵ
بەبەندەی خۆی دەدات بە كارەساتێكی نزیك، پاشان ئەگەر بەندەكەی تۆبەی كردو بەكوڵ
پاڕایەوە، خێـری كرد، قوربانیدا... پەروەردگار بڕیارەكەی خۆی دەگۆڕێت؟ ئایا ئەم
پەروەردگارە لە وتەكەیدا ڕاستگۆ نیە؟
لە ئامۆژگاریە دروستەكانی ئیسلام كە پێغەمبەری
ئیسلام (صلى الله عليه وسلم) جێگیـری كردووە، لەوەی كە پەیوەستە بە سزادانی
خواییەوە، ئەوەیە كە خوای پەروەردگار ئازادی تەواوی هەیە لەوەی كە خۆش بێت، وە خێـركردن
سزای بڕیاردراوی ئاسمان هەڵدەگرێت. بێ گوێدانە ئەوەی كە عەیبگرەكان دەیڵێن
دەربارەی نبوئاتەكانی گەورەمان ئەحمەد... ئەو ڕاستیيە جێگیـرە دەمێنێتەوە كە
بەدیهاتنی نبوئاتەكان بەتایبەتی ئەوانەیان كە تـرساندنە بە تووشبوونی سزا بابەتێكە
مەرجدارە بە ڕەفتاری ئەو تـرسێنـراوانەی كە بڕیارەكە دەربارەیان دەرچووە، وە
مەرجداریشە بە خواستی خوای گەورەوە. وە ئەگەر دانستی خۆی ئەوەی خواست كە نەبوورێت
(جلّ جلاله) ئەوا هەموو وشەیەكی نبوئەتەكە دێتەدی.
بەڵام ئەگەر خوای بەرزو بڵند گەورە بڕیاریدا كە
چاوپۆشی بكات لەو مرۆڤە؛ چونكە ڕەفتاری خۆی گۆڕیوە... ئەوا ئەو نبوئەتەى كە بە سزا
تـرساندوویەتی نایەتەدی. وە لەو كاتەدا ئاشكرایە كە نەهاتنەدی نبوئەتەكە بەوە ڕاڤە
ناكرێت كە وتەی خوا پووچە؛ چونكە خوای گەورە دەوری هەموو شتێكی داوە، وە هەرخۆی
بەتەنها ئاگادارە بەسەر دڵی مرۆڤدا و ناوەڕۆكی ڕاستەقینەی وشەی نبوئاتەكانى خۆی
دەزانێت، بۆیە خۆی چۆنی بڕیاردابێ و بیەوێت وتەكانی خۆی دێنێتەدی، نەك بەو شێوەیەی
كە مرۆڤ تێدەگات و چاوەڕوانی دەكات.
پاشان لێـرەدا بەڵگەیەكی ئیجابی لە قورئانی پیـرۆزدا
هەیە كە ئاماژە دەكات بەوەی كە بەڵێنە خواییەكان دەربارەی مژدە خۆشەكان ئەوانیش
لەوانەیە بگۆڕێن ئەگەر گەلی مژدەپێدراو بە ناشایستەیی مانەوە بۆ وەرگرتنی ئەو
خەڵاتە خواییانەی كە بەڵێنیان پێدراوە. بۆ نموونە مرۆڤ بۆی هەیە پرسیار بكات...
گەورەمان مووسا و نەتەوەكەی واتە نەوەی ئیسڕائیل چییان بەسەرهات پاش ڕزگاربوون لە
كۆیلایەتی فیـرعەونی میسر؟ گەورەمان مووسا (عليه السلام) هەواڵی ئەوەی پێدان كە
خوای گەورە لە داهاتوودا دوژمنەكانی نەوەی ئیسڕائیل لەناو دەبات و ئیسڕائیلیەكان
نیشتەجی دەكات لە زەوی بەڵێنپێدراودا: {قَالَ عَسَى رَبُّكُمْ أَنْ يُهْلِكَ
عَدُوَّكُمْ وَيَسْتَخْلِفَكُمْ فِي الْأَرْضِ فَيَنْظُرَ كَيْفَ تَعْمَلُونَ}(الأعراف:
130)، "بهڵکو پهروهردگارتان دوژمنهکهتان لهناو بهرێت و ئێوه بکات به
جێنشین لهسهر زهوی جا تهماشا دهکات ئێوه چۆن کار دهکهن"، بۆ
بەدیهاتنی ئەم هەواڵە خوای گەورە ئەوانی گەیاندە لێوارەكانی زەوی بەڵێندراو كە
بۆیان نووسرابوو، بەڵام دەركەوت كە نەوەی ئیسڕائیل هێشتا شایستەی ئەو بەڵێنە نین،
لەبەرئەوە خوای گەورە بڕیاریدا هاتنەدی بەڵێنەكەی خۆی بۆ ئەوان دوابخات تاكو چل
ساڵ(المائدة: 22-27).
وە مێژوو بۆمان دەگێـڕێتەوە كە گەورەمان مووسا، ئەو
پێغەمبەرە ساڵحەی كە خوا ڕەوانەی كردبوو بۆ سەر نەوەی ئیسڕائیل... سزای چەشت لەگەڵ
نەتەوە ستەمكارەكەیەدا. ئەگەرچی لەهەر تاوانێك پاك وبێگەرد بوو، كەچی لە (بریة مؤاب)دا
مرد بەبێ چوونەناو زەوی بەڵێندراو لە كاتێكدا خوا بەڵێنی ئەو زەویەی دابوو بە خۆی
و گەلەگەی. بەڵام ئەو بەندەیەكی باوەڕداری دڵسۆز بوو بۆ خوای گەورە؛ بۆیە ڕخنەی
نەگرت و گومانی نەكرد لە وتەكەی پەروەردگاری.
ئێستاش، ئایا كەسانی خاوەن جەختكردنی ساویلكانە دەوێـرن
ئەوە بڵێن كە بەڵێنەكانی خوا هەردەبێت بەشێوەی دەقاودەقی بێنەدی بێ گۆڕان و جێگۆركێ..
بەبێ گوێدانە هەر ڕەفتارێكی خراپ و نەویستـراو لەلایەن بەڵێنپێدراوەكانەوە...
دەڵێم: ئایا دەوێـرن پرسیار بكەن لە خوای گەورە لە جیاتی گەورەمان مووسا؟
كەوابوو، كاتێك ئەوە دەخوێنینەوە كە وشەكانی خوا
(ناگۆڕێن)... دەبێت تەنها بەو شێوەیە تێگەیشتنی بۆ بكرێت كە ئەمە شێوازێكی
بڕیاردراوە لەلایەن خوای گەورەوە، وە بەدیهاتنی ئەو بڕیارانەی كە لەم وشانەدا هەیە
لە ڕابردوودا لەو كاتەوەی كە دەستەواژەی "وشەكانی خوا ناگۆڕێن"
ڕاگەیەندراوە وەستاوە لەسەر ئەم جۆرە ئایەتە قورئانیانە: {فَهَلْ يَنْظُرُونَ
إِلَّا سُنَّتَ الْأَوَّلِينَ فَلَنْ تَجِدَ لِسُنَّتِ اللَّهِ تَبْدِيلًا وَلَنْ
تَجِدَ لِسُنَّتِ اللَّهِ تَحْوِيلًا (*)}(فاطر: 44)، "دەی ئایا جگە لە
ڕێوشوێنی ئەوانەی پێشوو چاوەڕێی چیتـر دەكەن؟ كە هەرگیـز ڕێوشوێنی خوا گۆڕانی بۆ
نیە، وە هەرگیـز ڕێوشوێنی خوا وەرچەرخانی بۆ نیە".
دەی ئایا هەڵسوكەوتێك چاوەڕوان دەكەن لە خوا كە
جیابێت لە هەڵسوكەوتی لەبەرامبەر گەلانی ڕابردوودا؟ نەخێـر، هەرگیـز هیچ گۆڕان و جێگۆركێیەك
لە ڕێوشوێنی خوای گەورەدا ڕوونادات.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر خوا ویستی -بەگونجاوی لەگەڵ
سوننەتە بەردەوامەكیدا-كە بڕیاری سزادان دوا بخات یان هەڵوەشێنێتەوە لەسەر
نەتەوەیەك لەبەر چەند هۆكارێكی دیاریكراو كە ڕەحمەتی خۆی دەیخوازێت، وەك ئەوەی
ڕوویدا لەگەڵ دانیشتوانی "نەینەوا"دا ئەوا ڕەوا نیە كە ئەم گۆڕانە یان
ئەم جێگۆڕكێ ڕواڵەتیە دابنـرێت بە گۆڕان و وەرچەرخان لە وتەی خوای گەورەدا.
وە قورئانی پیـرۆز بەڵگەیەكی بەهێـز دێنێتەوە لە
ڕوونكردنەوەیەكی زانستیدا كە ئاشكرای دەكات چۆن خوای گەورە كارێكی كردووە كە
میهرەبانیەكەی پێش ڕق و تووڕەبوونەكەی بكەوێت، كاتێك بڕیاری ئەو سزادانە
دەكێشێتەوە كە خۆی دەریكردووە. وە نموونەیەكی جوان و بێوێنەمان لەسەر ئەم شێوازە
دەستدەكەوێت لە هەڵسوكەوت كردنی خوای گەورە لەگەڵ خەڵكی "نەینەوا"دا (یونس:
99). قورئانی پیـرۆز بۆمان دەگێـڕێتەوە كە خوای پەروەردگار گەورەمان یونسی (عليه
السلام) وەكو پێغەمبەرێك ڕەوانەكرد بۆ شاری نەینەوا، وە لەسەرەتادا پەیامی خوای پەروەردگاريان
ڕەت كردەوە، لەبەرئەوە خوا ژوانێكی دیاریكراو و ڕۆژێكی دەستنیشانكراوی بڕیاردا بۆ
لەناوچوونیان. وە گەورەمان یونس بەشێوەیەك تێگەیشت كە ئەم هەواڵە خواییەی تایبەت
بە لەناوچوونی سەدهەزار و زیاتـريشی دانیشتوانی نەینەوا دەقاودەق دێتەدی، بۆیە لەو
شارە كۆچی كرد (الأنبیاء: 88)، وە لە مەودایەكی دوور لەو شارە ڕاوەستا و چاوەڕوانی
كاولبوونەكەی دەكرد. قورئانی پیـرۆز دەفەرموێت خەڵكی ئەم شارە بەڕاستی پەشیمان
بوونەوەو بەشێوەیەكی زۆر چاك گەڕانەوە بۆ لای خوای خۆیان، لێی پاڕانەوەو داوای
لێخۆش بوونیان لێ كردو تكای ڕەحمەتی ئەویان كرد... پاشان خوای گەورە بڕیارەكەی
پێشووی هەڵوەشاندەوەو بەچاوی میهرەبانیەوە بۆی ڕوانین. وە قورئانی مەزن بەڕاشكاوی
ئەو هەواڵە ڕادەگەیەنێت كە پەیوەستە بەم نبوئەتە و ئاكامی كۆتایی گەلی نەینەوا و دەفەرموێت:
{لَمَّا آمَنُوا كَشَفْنَا عَنْهُمْ عَذَابَ الْخِزْيِ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا}
(سورة یونس: 99)، "كاتێ باوەڕیان هێنا سزای سەرشۆڕیمان لەسەر لابردن لە ژیانی
دنیادا". دەی ئایا ڕەخنەگران لە نبوئاتەكانى گەورەمان ئەحمەد دەتوانن
بێنەپێشەوە و كێشە بكەن دژی نبوئەتەكەى گەورەمان یونس و نکۆڵی لێبكەن... چونكە ئەو
نبوئەتەى كە بەوەحی خوایی پێیگەیشتبوو نەهاتەدی بەو شێوەیەی كە مرۆڤ چاوەڕێی
دەكرد، وە چارەنووسی خوای پەروەردگار بە پێچەوانەكەیەوە هات، وە خەڵكی نەینەوا
كاتێك باوەڕیان هێنا لە سزای سەرشۆڕكەرە ڕزگاریان بوو؟
لەگەڵ ئەوەشدا گەورەمان یونس (عليه السلام) پیاوێك
بوو كە ئیمانێكی بەهێـز و پارێـزكارێكى مەزن بوو. كاتێك دەركی بە هەڵەی خۆی كرد لە
تێگەیشتنی ئامانجی ویستی خواییدا... دەستبەجێ داوای لێخۆشبوونی لە خوا كرد و لە
ئەنجامی ئەمەدا خوای گەورە لە خەم و خەفەت ڕزگاری كرد. ئەگەر ڕەخنەگرانی عەیبگر لە
گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو لە شوێنی گەورەمان یونسدا بوونایە ئەوا لە ناواخنی
نەهەنگەكەدا دەمانەوە هەتا ڕۆژی زیندووبوونەوە؛ چونكە چاوەڕوانی ئەوەیان لێناكرێت
كە دەرك بەهەڵەی خۆیان بكەن و تكای لێخۆشبوون بكەن لەسەر خراپ حاڵی بوونیان لە
ڕێوشوێنەكانی خوای گەورە.
ئەمانە نموونەگەلێكی كەمن لە مێژووی تۆماركراوی پارێـزراوی
ئایینیدا كە بەسن بۆ جێگیـركردنی ئەو ڕاستیەی كە دەربارەی مەسەلەی بەدیهاتنی نبوئەتە
خواییەكانە، وە دەریدەخات كە ئەمە بابەتێكە داخوازی ئەوە دەكات كە بەسووربوونێكی
تەواوەتیەوە توێژینەوەی لێ بكرێت.
وە یەكێك لە گاڵتەجاڕیە بەژانەكان ئەوەیە كاتی
مشتومڕكردنی ئەو نبوئاتانەى كە ئیلهام كراون بۆ گەورەمان ئەحمەد -كە بەشێوەیەكی ئاسایی
ئەمانیش ملكەچن بۆ هەمان ئەو بنەما خوایە باوانەی كە پێشتـر باسمان كردن-نەيارەكانی
ئەحمەدیەت بە ڕەوشتی ئەمانەت و سەرڕاستی هەڵسوكەوت ناكەن لەگەڵ ئەم بابەتەدا.. كە
دوو سیفەتی پێویستن نەك لەسەر باوەڕدار بە تەنها، بەڵكو چاوەڕوانیش دەكرێت لە هەر مرۆڤێكی
ڕاستگۆی ئاسایی.
وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين