بسم الله الرحمن الرحيم
فەرموودەی: (أُمِرْتُ أَنْ أُقَاتِلَ
النَّاسَ حَتَّى يَشْهَدُوا أَنْ لاَ إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ، وَأَنَّ مُحَمَّدًا رَسُولُ
اللَّهِ، وَيُقِيمُوا الصَّلاَةَ، وَيُؤْتُوا الزَّكَاةَ، فَإِذَا فَعَلُوا ذَلِكَ
عَصَمُوا مِنِّي دِمَاءَهُمْ وَأَمْوَالَهُمْ إِلَّا بِحَقِّ الإِسْلاَمِ، وَحِسَابُهُمْ
عَلَى اللَّهِ). (رواه البخاري، ومسلم، والترمذي، والنسائي، وابن ماجه، وغيرهم)
ئایا ئیسلام فەرمانی کردووە بە کوشتارکردنی
هەموو خەڵكی هەتاوەکو موسوڵمان دەبن؟
ئەوەی جێگەی سەرنجە لە بەڵگەهێنانەوە
بەم فەرموودەیە ئەوەیە كە هێنانەوەی لە غەیری سیاقەكەی خۆیدا مانایەك دەدا بەدەستەوە،
كە پێچەوانەی ئەوەیە كە هەموو موسوڵمانان لەسەری ڕێككەوتوون. ئایا سەرجەم شەرعناسان
(الفقهاء) لەسەر ئەوە ڕێنەكەوتوون كە ڕەوانیە كەسێك زۆری لێ بكرێت لەسەر وتنی: لا
إله إلا الله؟!
لێرەوە ناكرێت ئەم فەرموودەیە بەگشتی
وەربگیرێت؛ چونكە ئەم گشتاندنە دژی دەیەها ئایەتی قورئانە، وگرنگترینیان (لەم دینەدا
بەزۆر داسەپاندن نیە)، (ئاخۆ تۆ دەتەوێ بەزۆر ئەم مەردمە بڕوابێنن؟) (تۆ لەسەریان نەبوویە
خاوەن دەسەڵات)..
بێگومان وشەی (الناس) لێرەدا بەڕێكەوتنی
هەموو موسوڵمانان وشەيەكی گشتی نیە، وشەيەكە موسوڵمان و ناموسوڵمان دەگرێتەوە، وە ناوترێت
لێرەدا تەنها موشریكەكان دەگرێتەوە؛ چونكە ئەم گشتاندنە دژایەتی دەكات لە گەڵ ئایەتی
(قَاتِلُوا الَّذِينَ لا يُؤْمِنُونَ بِالله... مِنَ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ
حَتَّى يُعْطُوا الْجِزْيَةَ), ئەم دەقە ڕوونی دەكاتەوە كە پێویستە جەنگ كۆتایی پێ
بهێنرێت ئەگەر خاوەن كتێبەكان سەرانەیان دا، وە ئیسلامبوونی ئەوانی بەمەرج نەگرتووە.
پاشان ئەم گشتاندنە پێچەوانەی ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەیە كەدەفەرموێت (لەم دینەدا
بەزۆر داسەپاندن نیە). كەوابوو وشەي (الناس) لێرەدا تایبەتیە، وە تایبەت نیە بە بت
پەرستان و ئاگر پەرستان؛ چونكە ئەم تایبەت كردنە هیچ بەڵگەیەكی لەسەر نیە، بەڵكو تایبەتە
بەو موشریكانەی كە شەڕدەفرۆشن، وە بەژمارەیەك بەڵگەی زۆر ئەمەشمان سەلماندووە لە وەڵام
و كتێب و وتار و نووسراوەكانی پێشوودا.
بەڵێ شەرعناسان (الفقهاء) لەسەر ئەوە
رێككەوتوون كە ئەم فەرموودەیە گشتی نیە، بەڵكو تایبەتیە ئەگەرچی جیاوازن لە تایبەت
بوونەكەیدا.. هەندێكیان دەڵێن: تایبەتە بە نەتەوەی عەرەب. وە هەندێكی تر دەڵێن: تایبەتە
بە خەڵكی دورگەی عەرەبی، وە هەندێكی تر تایبەتیان كردووە بەو كافرانەی كە ئەهلی كتێب
نین، وە هەندێكی تریان تایبەتیان كردووە بەو كافرانەی كە شەڕدەفرۆشن... وە ئەم بۆچوونەی
كۆتایی بەلای ئێمەوە ڕاستە بەو بەڵگە زۆرانەی كە باسمان كرد. بەڵام تایبەتكردنی جگەلەمە
بریتیە لە فەرماندان بەسەر دەقەكەدا بەبێ بەڵگە.
باشتر وایە بوترێت كە ئەم فەرموودەیە
دەربارەی هۆكاری شەڕهەڵگیرسان قسە ناكات، بەڵكو دەربارەی هۆكارەكانی وەستانی كوشتار
و كۆتایی هاتنی شەڕ قسە دەكات، دیارە موسوڵمانان تا قڕكردنی سوپای دوژمن شەرناكەن،
بەڵكو جەنگەكە كۆتایی دێت تەنها بەوەی كە دوژمنانی شەڕفرۆش بێنە ناو ئایینی ئیسلامەوە
یان سەرانە بدەن وەك لە دەقەكانی تردا هاتووە. لەكاتێكدا ناموسوڵمانەكان جەنگیان دەكرد
هەتا قڕكردنی سوپای دوژمن یان كۆیلەكردنی ئەو سوپایە. وە ئەم تێگەيشتنە لە وشەی (حتى،
هەتا)وە وەرگیراوە كە لە زمانەوانیدا كۆتایی هاتنی سنووری كات دەگەیەنێت.
وە لە دەروازەی سێهەمدا قورئانی پیرۆز
زۆر بەتوندی سەرزەنشتی ئەو كافرانە دەكات كە ڕێگرییان دەكرد لە هێزلێگیراوەكان (المستضعفين)
بۆچوونە ناو ئایینی ئیسلام و بانگی دەكردن بۆ چوونە ناو مشتومڕە فیكریەكان و ڕێگەدان
بە كەسانی تر بۆ گوزارشت كردن لە بیر وڕای خۆیان بەوپەڕی ئازادیيەوە. ئایا پێتوایە
قورئانی پیرۆز لەسەر ئەمە زۆر بەتوندی ڕەخنەیان لێ دەگرێت و سەرزەنشتیان دەكات كەچی
هەر خۆی فەرمان دەكات بە موسوڵمانان كە هەمان كار ئەنجام بدەن و هەمان ڕۆڵ بگێڕن؟!
ئایا ئەمە پێوانەكردن نیە بە دوو پێوانەی جیاواز و ئایا ئەم كردەوەیە هەلپەرستی نیە
كە خوای گەورە لێی بێبەریە؟
بێگومان ئەم فەرموودەیە مانای ئەوەیە:
فەرمانم پێ نەكراوە موشریكەكان جینۆساید و ڕیشەكێش بكەم، بەڵكو فەرمانم پێكراوە كە
جەنگ بكەم لەگەڵ ئەو پەیمان شكێنانەدا هەتا دێنە ناو ئیسلام، وە ئەگەر هاتنە ناو ئایینی
ئیسلام ئەوا ئیسلام ئەوەی پێش خۆی دەسڕێتەوە.
بێگومان دەبێت پێغەمبەر (صلی الله
علیە وسلم) ئەم فەرموودەيەی لە بۆنەیەكدا فەرموو بێت، پاشان ئەو كەسەی كە ڕیوایەتی
كردووە لە سیاقەکەی خۆیدا نەیگێڕاوەتەوە. بەلای منەوە ڕەنگە بۆنەكەی ئەوە بێت كە هەندێ
لە موسوڵمانان ناڕای بووبن لەسەر قڕ نەكردنی هۆزێكی دیاری كراو، كە پاش پەیمان شكێنی
و دەستدرێژی كردن ئیسلام بوونی خۆیان ڕاگەیاندووە, پێغەمبەریش بەو كۆمەڵە موسوڵمانەی
فەرمووە كە ماناكەی بەم شێوەیە: فەرمانم پێكراوە بە كۆتایی هێنان بە كوشتار ئەگەر ئەو
پەیمان شكێنانە باوەڕیان هێنا بە ئایینی ئیسلام, وە ئەگەر باوەڕیان هێنا بە ئیسلام
تەنها بە شێوەیەكی زارەكی ئەوا شمشێریان لەسەر هەڵدەگیرێت (ئەمەش وەكو ئەو ڕووداوە
وایە كە لە چیرۆكەكەی ئوسامەدا ڕوویدا كاتێك كەسێكی كوشت كە شایەتومانی هێنا, وە پێغەمبەر
(صلی الله علیە وسلم) زۆر سەرزەنشتی كرد لەسەر ئەم كارەی، كە پێی فەرموو: دوای ئەوەی
كە شایەتومانی هێنا هەر كوشتت). واتە ئەم فەرموودەیە لە بابەتی نەكوشتنی كافرانی دەستدرێژكار
و قەڵاچۆ نەكردنیانەوە دەدوێت، نەك لە بابەتی دەستپێشكەری كردن لە پەلاماردانیان لەبەرئەوەی
كە كافرن.
زۆر جار ئەوەمان ڕوونكردوەتەوە كە
فەرموودە سەرچاوە نیە بۆ بناغە دانانی بڕیارەكان (الأحكام)، بەڵكو سەرچاوەیەكە بۆ بەتێرو
تەسەل باسكردنی ئەو بابەتانەی كە قورئانی پیرۆز بەكورتی باسی كردوون. هەروەك دەبێت
زۆر ئاگاداری ئەوە بین كە زۆر مەترسیدارە فەرموودە ڕیوایەت بكرێت بەبێ باسكردنی سیاق
و بۆنەكەی. وە چونكە لە قوتابخانەی ئەهلی فەرموودەدا ئەمە ڕوویداوە ئەوا دەبێت ئەو
فەرموودانە بگێڕینەوە بۆ قورئانی پیرۆز كە دابڕاون لە سیاقەكانیان بۆ ئەوەی قورئانی
پیرۆز خۆی بڕیار لەسەر ئەو فەرموودەیە بدات.
لە توێژینەوەی ئەمە فەرموودەدا دەگەڕێینەوە
بۆ لای ئایەتەكانی پێشوو, وە بۆ لای ئەم فەرمایشتانەی خوای گەورە:
{وَقَاتِلُوا فِي سَبِيلِ الله الَّذِينَ
يُقَاتِلُونَكُمْ وَلا تَعْتَدُوا إِنَّ الله لا يُحِبُّ الْمُعْتَدِينَ} (البقرة:
191)
{لا يَنهاكُمُ الله عَنِ الَّذِينَ
لَمْ يُقَاتِلُوكُمْ فِي الدِّينِ وَلَمْ يُخْرِجُوكُمْ مِنْ دِيَارِكُمْ أَنْ تَبَرُّوهُمْ
وَتُقْسِطُوا إِلَيْهِمْ} (الممتحنة: 9)
{فَإِنِ اعْتَزَلُوكُمْ فَلَمْ يُقَاتِلُوكُمْ
وَأَلْقَوْا إِلَيْكُمُ السَّلَمَ فَمَا جَعَلَ الله لَكُمْ عَلَيْهِمْ سَبِيلا} (النساء:
91)
دەبینین كە ئەم ئایەتانە دژایەتی ئەو
تێگەيشتنە دەكەن كە پێی وایە وشەی (الناس) لەم فەرموودەيەدا گشتیيە، كەواتە دەبێت لە
بەر ڕۆشنایی ئەم ئایەتاندا لەم فەرموودەیە تێبگەین كە هەر ئەم تێگەيشتنەی كە باسمكرد
لەگەڵ قورئانی مەزن وژیاننامەی پاكی پێغەمبەردا (صلی الله علیە وسلم) دەگونجێت وهەماهەنگە.
والحمد لله رب العالمين